کوردستان پێشەنگی خەبات لە دوێنێوە تا سبەی

✍ئەسعەد دوروودی

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمپەینێک خراوەتە ڕێ کە ناوی “نە بۆ کۆماری ئیسلامی”ە. ئەم کەمپەینە لە لایەن ژمارەیەک کەسی ناسراوەوە دەستی پێکرد کە هونەرمەند و وەرزشکار و چالاکی مەدەنی و مامۆستای زانکۆ و … لە دەرەوە و ناوەوەی ئێرانی تێدایە. ئەو کەمپەینە تا هاتووە بەرینتر بووەتەوە و خەڵکانێکی زیاتر پشتیوانییان لێکردووە. جیا لەویە ئەو کەمپەینە ئاڵتێرناتیڤێک بۆ دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران ناناسێنێ و تەنها دەڵێ نە بۆ دەسەڵاتی ئیسلامی و ئەمە لە خۆیدا دەتوانێ جێی مشت و مڕ و پرسیار بێ، باسێکی گرینگی دیکە ئەوەیە کە بۆ چی هاواری خەڵکی کورد کە هەر لە ڕێفراندۆمی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ ەوە بە ئاشکرا ڕایانگەیاند کە ئامادە نین دەبنگ بە دەسەڵاتێکی ئیسلامی بدەن، نەبیسترا و ئێستەش ئەوانەی خۆیان بە پێشڕەو و ڕێکخەری ئەو کەمپەینە دەزانن ئامادە نین باسی ئەوە بکەن کە زۆرینەی هەرە زۆری گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ساڵهایە بە دەنگی بەرز نە ی خۆیان بۆ دەسەڵاتی دژە مرۆڤی ئێران هاوار دەکەن و لەو ڕێگایەدا هەزاران ڕۆڵەی ئەو خەڵکە گیانیان بەخت کردووە، هەزاران کەسیان ئەشکەنجە کراون، لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون، چەکی بەرگری و مافخوازییان کردە شان و ڕەنجی پێشمەرگایەتییان چەشت، ئاوارەی دوورە وڵات بوون و ساڵانێکە ئاواتی دیداری زێد و وڵات و کەس و کاریان بەسەر دڵیانەوە ماوەتەوە، ڕۆڵەکانیان لە کافرستان و گۆڕە نادیارەکاندا نێژران و ئاواتی دوا ماڵاواییان لەگەڵ خۆیان بردە ژێر گڵ.

کەمتر لە دوو مانگ پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی دەسەڵاتدارانی نوێ بۆ ئەوەی وای بنوێنن کە دەسەڵاتیان ڕەوایە بڕیاریان دا ڕێفراندۆمێک بەڕێوە بەرن کە خەڵک تێیدا بڕیار بدا کە ئایا ئامدەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی جێی دەسەڵاتی پێشووی وڵات بگرێتەوە. لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران خەڵک ئامادەی ئەو ڕێفراندۆمە بوون و لە ڕاستیدا هەم جەماوەر و هەم حیزبە سیاسییەکان فریوی دەسڵاتی نوێیان خوارد و چوونە ژێر ڕکێفیەوە. بەڵام لە کوردستان دۆخەکە جیاواز بوو، کوردستانێک کە ساڵانێک بوو هەوڵی بۆ ڕزگاری لە سەرکوت و چەوسانەوە دەدا و هەم ئەزموونی خەباتی چەندین ساڵەی بوو و هەم کاریگەریی ڕەوتی نوێخواز و چەپ بەسەر هەڵویست و خواستەکانی جەماوەرەوە بە روونی دەبیندرا و لە ژێر ڕووناکی ئەو ڕوانینەدا وریاتر دەجووڵایەوە و لەبەر سیاسی بوونی خەڵکەکەی ڕێکخراوتر هەڵوێستی دەگرت، ئامادە نەبوو بە ئاسانی دەسەڵاتێک قەبووڵ بکا کە دڵنیا نییە مافەکانی تێدا دەپارێزرێ. چەند ڕۆژ پێش ئەو ڕیفراندۆمە واتە رۆژی شەشی خاکەلێوەی ١٣٥٨ مامۆستا شیخ عیززەدینی حوسێنی لە ڕابەرانی جەماوەریی خەڵکی کوردستان و ئەندامی دەستەی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتدارانی نوێ، ڕایگەیاند لەبەر ئەوەی ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی نادیارە لە ریفراندۆمدا بۆ دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران بەشداری ناکات.

خەڵکی کوردستان نەک هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دامەزرانی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی نەبوون و باخ و هەزینەیەکی یەکجار قورسیشیان بۆ ئەو قەبووڵ نەکردنی دەسەڵاتی ئیسلامییە داوە بەڵکوو لە ماوەیەکی کورتدا کە شارەکانی کوردستان بە دەست خەڵکەوە بوو و هێشتا سپای داگیرکەر نەیتوانیبوو کوردستان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، توانیان ئەزموونێکی پرشنگدار لە بەڕێوەبردنی وڵات بنوێنن و نیشانی بدەن کە خەباتی خەڵکی کوردستان خاوەنی گەلێ پۆتانسیێلی پشکەوتنخوازانە، ئازادیخوازنە و سێکۆلارە و ویستی خەڵکی کوردستان نەک هەر ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەیی بەڵکوو ڕزگاری لە هەموو چەوسانەوەیەکە. بەڕێوەچوونی چەندین ناوچە بە دەستی شوورای شار و دێ کە هەڵبژێردراوی خەڵک بوون، ئازادیی دەربڕین و بوونی ڕۆژنامە و بڵاوکراوەی هەموو لایەن و حیزبێک لە بەر دەستی خەڵکدا، ئازادیی پۆشینی جلوبەرگ و بەشداریی بەرچاوی ژنان کە خەبات و چالاکییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکندا و … نموونە بەرچاوەکانی ئەو ئەزموونەن.

کوردستان ئەمڕۆش وەکوو هەمیشە لە زۆر بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەوە خاوەنی گەلێک ئەزموونی شکۆدارە. کاردانەوە و مانگرتنی خەڵک و جەماوەر بەرانبەر بە ئیعدامی ڕۆڵەکانی، بەشداریی بەرینی خەڵک بۆ بە هانا هاتنی خەڵکی خەسار دیتوو لە کاتی بوومەلەرزە و کارەساتە سروشتییەکاندا، هەوڵ بۆ دژایەتیی حکوومەی ئیعدام و کەمکردنەوەی ئاسەواری دەسەڵاتی توندوتیژی خولقێنی کۆماری ئیسلامی، بوونی چەندین ناوەند و ئێن جی ئۆ بۆ پاراستنی ژینگە، بوونی چەندین ڕێکخراو بۆ پاراستنی مافی ژنان و منداڵان سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگی و گرفتەکانی حکوومەت بۆیانی دروست دەکا و … تەنها بەشێک لەو پێشکەوتن و جووڵە کۆمەڵایەتییانەن کە هیوای داهاتوویەکی گەش لە کوردستانی ڕۆژهەڵات پاش دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران دەدەن. جەماوەری وشیار مەرجی سەرەکیی بەختەوەریی داهاتوو کۆمەڵگایە.