تاران پایتەختی سێدارە ” بەشی چوارەم ” ..!

تاران پایتەختی سێدارە

✍ عـــــەزیز ئاجیکەند

ماشینی کوشتاری کۆماری ئیسڵامی لە وەستان ناکەوێ و هەر دێت و قوربانی دەگرێ …
* بە پێی سەرچاوەی سەرژمێرییەکان کە لە ڕاگەیەنەگشتێیەکاندا بلاو کراونەتەوە لە میانەی ساڵەکانی ١٣٦٧، یانی لە سەرەتای دەسپێکردنی کوشتاری بە کۆمەلی زیندانیانی سیاسی بە دەستووری خۆمەینی تا کۆتایی سالی ١٣٧٧، “شەش هەزارو ٧٨٣ ” کەس بە تۆمەتی جۆراوجۆر لەوانە جیاوزی بیرو ڕا، لە سێدارە دراون .
* هەروەها لەسەرەتای سالی ١٣٧٧وە هەتا سەرەتای سالی ١٣٨٩هەتاوی ئێمە شاهیدی لەسێدارەدانی ٥٢٢٠ کەسی ترین کە لەمیانەی ئەو ٩ ساڵەدا لە سێدارە دراون. یانی هەر سالێک ٥٦٠ کەس براونەتە پای داری سێدارە و ژیانیان لێستێندراوە. کە ئەمە ژومارەیەکی یەکجار سەرسورهێنەرە کە باس لە جینایەتێکی بێ بەزیانەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسڵامی دەکات .
لە جۆزەردانی سالی ١٣٨٨ وە تا پوشپەری سالی ١٣٨٩ هەتاوید جارێکی تر ماشێنی کوشتار دەکەوێتە کارو ئەو جار ” ١٥٢ ” کەس لە بەندکراوانی سیاسی لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسڵامی دەکاتە ئامانج…
* ئەحمەدی نیژاد ” پاسدارە خۆینمژەکەی کوردوستان و وەفادارەکەی وەڵایەت”
له‌ ساڵی ١٣٨٤هەتاویدا پاسدار و به‌سیجە وەفادارە بەئەمەگەکەی وەڵایەت و سەربازەگوومنامەکەی خۆمەینی “مەحموودی ئەحمەدی نیژاد” بۆ رزگار كردنی حكومه‌تی ئیسلامی دێتە مەیدان. ئامرازی سه‌ره‌كی ئه‌ویش بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی رژیم وه‌ك كه‌سانی پێش خۆی، سه‌ركوتی بێ ره‌حمانه‌ و به‌رپا كردنی سێداره‌ له‌ پێش چاوی خه‌ڵكە. دوای ده‌وره‌یه‌كی ٤ ساڵه‌ی پراوپر له‌ تاوان و جینایه‌ت و پێشێڵ کردنی مافی مرۆڤ له‌ جوزه‌ردانی ساڵی ١٣٨٨ و به‌ پێی پێویستی درێژه‌ی ده‌سه‌ڵاتی رژیم و به‌ تایبه‌ت به‌ پێی پروژه‌كانی سپای پاسداران، بۆ جارێكی دیكه‌ ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان دەهیندرێتە‌ ده‌رێ. له‌ به‌رانبه‌ر ناره‌زایه‌تی به‌ربڵاوی دەورەی دوومەمی سەرۆک کۆماری ئەحمەدی نژاد دا ماشێنی كوشتار و سه‌ركوتی رژیمی ئیسلامی زیاتر له‌ جاران كه‌وته‌ كار و زیندانه‌كان جارێكی دیكه‌ له‌ نه‌یاران و ته‌نانه‌ت له‌ خودیه‌كانی رژیم پر كران. دادگاكانی نومایشی بۆ جارێكی دیكه‌ له‌ دژی زیندانیان به‌رپا كران، كه‌سانێك ئیعدام كران و داستانی ده‌ست درێژی بۆ سه‌ر زیندانیانی سیاسی هه‌روا درێژه‌ی کێشا.
بەهاتنەسەرکاری ئەحمەدی نیژاد ئێعدامەکان لە ئێران بەرەو رێژەیەکی سەرسور هێنەر کە هەموویان ئامانج و پەیامی سیاسی تایبەتیان لە پشتە، هەڵدەکێشن . ژومارەی ئێعدامەکان لەو دەورەیەدا باس لە هەلکشانی چوار بەرابەر دەکەن. سەرکوت کردنی روناگبیران و شکاندنی قەلەمەکان و پێشیل کردنی سەرەتاییترین مافەکان، پێناسەی ســـەرەکی دەولەتی ئەحمەدی نیژاد لەو دەورەیەدان .
لە و دەورانەدا کە ئەحمەدی نیژاد سەرۆک کۆمارە، ٦ تازەڵاوی کەمتر لە ١٨ ساڵ لە سێدارە دەدڕێن و زیاتر لە ١٣٠ تازە لاوی تر، لە زیندانەکاندا لە چاوەروانی سەزاکەیاندا بەسەر دەبەن .
رێژەی ئێعدامکراوەکان لەو ساڵانەدا گەیشتە لووتکە . تا رادەیەک کە لە پوشپەری سالی ١٣٨٧ی هەتاویدا ، تەنیا لە رۆژێکدا ” ٢٩ ” کەس ئێعدام کران .
*لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدی نیژادا رێژەی ئێعدامکراوان لە هەرسالیکدا بۆ ٣١٧ کەس زیادی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە هاوینی سالی ١٣٨٨ی هەتاویدا لە ئاکامی سەرکوتکردنی نەیاران و نارازیان ، لە دوای ئاکامی هەلبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری، لە ماوەی ٥٠ رۆژدا لانیکەم ” ١١٥” کەس لەسێدارە دراون. کە هەمووی ئەم ئێعدامانە ئامانجدار بوون و پەیامی سیاسی دەزگای دادوەری و ئەمنییەتی کۆماری ئیسڵامیان لە پشت بووە.
* رێژەی ئامارەکان لە سالی ١٣٩١ و ١٣٩٢ی هەتاوی
سەرۆک کۆماری ” حەسەن روحانی ” درێژەی ڕێگای لە سێدارە دران
زیاد بوونی ئێعدامەکان و ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە لە یەکەمین جینایەتەکانی دەولەتی روحانی، لە سەرەتای دەسپێکردنی دەورانی سەرۆک کۆماریدا ..
ئامارەکان باس لە زیاد بوونی ژمارەی ئێعدامەکان بە شیوەی گشتی و ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە لە مەیدانی شارەکان، بە تایبەت، لەکاتی بەدەسڵات گەیشتنی سەرۆک کۆماری ئێران ” حەسەنی روحانی ” دا دەکەن .
دەسڵاتدارانی کابینەی حەسەنی روحانی ، رۆژانە ژمارەیەک لەو زیندانیانەی لە سلولەکانی مەرگدا لە نۆبەی ئێعدامدان، بە شاراوەیی یان بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی سێدارەوە دەکەن و گیانیان لێ دەستێنن. پاساوی دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیم بۆ ئەنجامدانی ئەم کردارە قێزەونەی نمایشی ئێعدام بە بەرچاوی خەڵکەوە، داشکاندنی ئاستی ڕێژەی جورم و جەنایەت لە کۆمەڵگادایە.
لە دەوەرەی یەکەمی سەرۆک کۆماری ” حەسەن روحانی “دا ژمارەی به‌ندكراوان بە شێوەیەک زیادی کرد کە زیندانییەکان جیا لە کەمبوونی جێگه‌ و شوێن، بەرەوڕووی کەم بوودی خزمەتگوزاری بێهداشتی و دەرمانی و خۆراکی و هەموو ئیمکاناتێکی زیستیش بوونەوە. ژمارەی به‌ندكراوه‌ان گەیشتە ٢٥٠ هەزار کەس. بەو رێژەیە ژمارەی به‌ندكراوه‌كان لە هەر زیندانێکدا زیاترە لە دوو هێندەی زەرفیەتی زیندانەکان بوو . بە جۆریک کە زیندانە تاکەکەسییەکانیش پر لە زیندانی کران . بە وتەی خوودی کاربەدەستانی رەژیم لەوانە ” مستەفا پوورمحەممەدی وەزیری دادگوستەری ڕژیم و یەکێک لە ئەندامانی کومیتەی مەرگی كوشتارەکانی دەیەی شەست ” لە هەر سلولێکی ئینفڕادیدا ١٠ تا ١٥ کەسی تێیدا به‌ندكرابوون.
* بەڵام به‌ندكراوان لە سەردەمی کابینەی یەکەمی ” حەسەنی روحانی” دا کێن ؟
ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیان کەسانێک بوون کە بە هۆی تاوانەکانی پێوه‌ندیدار به‌ مه‌واددی مۆخه‌ددێر زیندانی کرابوون. له‌ ڕاستیدا ئەم دەستەیە لە به‌ندكراوانیش نە سەر دەستە و بازرگانە گەورەکانی مادەی هۆشبەر و نە ئەندامی باندە مافیاییه‌كان بوون کە لەژێر چاودێری سپای پاسداراندا کاریان دەکرد.بەڵکوو کۆمەڵێک مرۆڤی داماو و فەلاکەت لێدراوبوون کە لە عەینی حاڵدا بوونەتە قوربانی بەرژەوەندی باندە مافیاییەکان.
* بەشێکی دیكه‌ی به‌ندكراوان قوربانیانی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان بوون.
* بەشێکی دیکەش به‌ندكراوانی سیاسیی نەیاری ڕژیم و هەڵسوڕاوی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، نووسەران و ڕۆژنامەنووسان و ئەو ئینسانە تێکۆشەرانە بوون کە به‌هۆی ده‌ربڕینی بیر و بۆچوونی سیاسیان گیرابون و زیندانی و ئەشکەنەجە درابون و حوکمی ئیعدامیان بەسەردا برابوو.
بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاو بوونەتەوە ، لە یەکەمین سالی سەرۆک کۆماری “حەسەن روحانی”دا ٨١٤ کەس بە تاوانی جۆراوجۆر لە وانە سیاسی و سەر بەنەتەوە جیاجیاکانی ئێران بە تایبەتی بەندکراوانی سیاسی کورد ، لە سێدارە دران . ئەمە لەحاڵێکدایە کە ڕێژەی لە سێدارەدراوان لە چاو ساڵێک پێش لە بوونی بەسەرۆک کۆماری ” روحانی ” دا تا ڕادەیەکی یەکجار زۆر هەڵکشا . ئامارەکان باس لە هەلکشانی ٤٧ لەسەدی ئێعدامەکان لە سەرەتای کابینەی یەکەمی ” روحانی” یاندا دەکرد .
لە سێدارە دراوانی مێرمنادالانی کەمتر لە ١٨ سال ، لە یەکەمین سالی بە دەسڵات گییشتنی ” روحانی “دا ، گەیشتە ١٦ کەس ، کە هەر هەموویان بە شێوەی شاراوە لە سێدارە دران . لەم رێژەیەش ١٩ کەسیش ژنان پێکیان دێنا کە ١٠ کەسیان لە بەر چاوی خەلکەوە بە سەزای دیاریکراویان گەیشتوون . هەروەها لەو ڕێژەییەی کە لە سەرەوە باسکرا ٦٩٧ کەسیان بە شێوەی چەند کەسی و ١١٧ کەسیشیان بە تاک ، کە زۆربەیان لەبەرچاوی خەلکەوەو لە میدانەکانی شارەجۆراوجۆرەکانی ئێران لە سێدارە دراون .
لە سێدارەدراوان کە لە دەورانی یەکەمی سەرۆک کۆماری ” حەسەن روحان”دا رویان داواە بریتی بوون لە :
٧٣ کەس کورد ، ٢١ کەس عەرەب ، ١٦ کەس بەلووچ ، ٥ کەس توورک ، ٣ کەس کە بە ڕەچەلەک ئەفغانی و خەڵکی ئەفغانستان بوون .
لە مانگی ڕەشەمەی سالی ١٣٩٢ ی هەتاویدا” ٢٩ ” کەس سەر بە ڕیکخراوە سیاسییەکانی نەیاری کۆماری ئیسڵامی لە ناوچە کوردنشینەکان و هەروەها لە بەلووچستان و ناوچە عەرەبنشینەکانی ئێران ، لە سێدارە دران کە تا بە ئێستاش ناوو نیشان و شۆێنی ناشتنی زۆرێکیان نەزاندراوە .
ڕاستێیەکەی ئەوەیە کە سزای ئێعدام هیچ ده‌ردێك له‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵگا سووك ناكات و پاساوهه‌ڵگرنییه‌. هیچ مرۆڤێك له‌ سه‌ره‌تاوه نەیار، نارازی، ‌ قاتڵ، قاچاخچی، جه‌نایه‌تكار و تاوانبار نەبووە. ‌ به‌ڵكوو باروودۆخی سیاسی و چیناییەتی و مادیی ژیانی ئینسانه‌ كه‌ تاكی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و بیرجیاوازی و نەیاری و یان تاوان ده‌بات. ده‌وڵه‌ت و چینی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رپرسی ڕاسته‌وخۆی ژیانی واقعیی ئینسانه‌كانن له‌ كۆمه‌ڵگادا و ڕێگه‌ خۆشكه‌ری ئه‌نجامی هه‌موو تاوانێكن.
ڕوون و ئاشكرایه‌ كه‌ تاوانباری پله‌ یه‌كه‌م، كۆماری ئیسلامییه‌ كه‌ هه‌زاران ئینسانی ته‌نیا له‌به‌ر بیڕوباوه‌ڕیان و به‌تاوانی خه‌بات بۆ باشتر كردنی ژیانیان كۆشتووه‌ و ماشێنی مه‌رگی ڕژیم بۆ ساتێك ڕانه‌وه‌ستاوه‌. چۆن ده‌كرێ عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌ وه‌ها ڕژیمێك چاوه‌ڕوان بكرێت؟
ئامار و داتاكان و ئه‌زموونی هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك له‌ جیهاندا نیشانی داوه‌ كه‌، هیچ كات‌ سزای ئێعدام ئه‌منییه‌تی كۆمه‌ڵگا په‌ره‌ پێنادات، به‌ڵكوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه و توتدوتیژیی په‌ره‌ ده‌ستێنێ و ئه‌م دیارده‌یه‌‌ ده‌روونی ده‌كات.
بێ گومان له‌ دواڕۆژدا كه‌ ته‌مه‌نی جه‌نایه‌تكارانی ڕژیمی ئیسلامی كۆتایی پێهات، به‌ ناوی هیچ یاسا یان پاساوێك حوكمی وه‌رگرتنی گیانی ئینسانه‌كان قه‌بووڵ ناكرێت و جه‌نایه‌تكارانی ورد و درشتی كۆماری ئیسلامی دادگایی ده‌كرێن وبە سزای تاوانە یەک لەدوای یەکەکانی خۆێان دەگەن کە بێ گومان ئەو رۆژەدوور نیە…
درێژەی هەیە…