دایە بەهیە؛ شکۆی مەریوان و پاسەوانی نەمری تاڵەسوار

0

وەنەوشە سەقز

٢ی ڕەشەممە، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی دایە بەهیە کۆنەپۆشییە؛ ئەو ژنەی مێژووی سەد ساڵەی مەریوان لە باوەشی ئەودا گەورە بوو. ژیانی دایە بەهیە لە ساڵی ١٣٠٥ لە مەریوانەوە دەستی پێکرد و بووە گێڕانەوەی ڕەسەنی خۆڕاگریی نەتەوەیەک. ئەو لە گەرمەی شۆڕش و لە نێو زریانەکاندا، وەک پاسەوانێکی بەپێوە وەستاوی “تاڵەسوار” شکۆی نیشتمانەکەی پاراست. ماڵی دایە بەهیە تەنها شوێنی حەوانەوەی خێزانەکەی نەبوو، بەڵکوو لە ڕۆژە هەرە سەختەکاندا ببووە پەناگەی شۆڕشگێڕان و ناوەندی بڕیارە مێژووییەکانی مەریوان.
لە نێوان ساڵانی ١٣٥٨ بۆ ١٣٦٠، کاتێک فەرمانی جیهاد دژی کوردستان دەرکرا، بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی کەوتنە بەر شاڵاوی فاشیزمی ئایینی. دایە بەهیە لەو دوو ساڵە پڕ لە کارەساتەدا، پێنج تاقانەی جەرگی خۆی سپاردە خاکی ئازادی. لە کاک فوئادەوە کە ڕێبەرێکی کاریزماتیک، ئەندازیاری کۆچی مێژوویی مەریوان و یەکێک لە داڕێژەرانی بنەماکانی خەباتی نوێی کوردستان بوو، تا حوسێن، ئەمین، ماجد و ئەمجد. خەمەکانی دایە بەهیە لێرەدا نەوەستان؛ ئەو دەبوو ئازاری گیانبەختکردنی ئازیزانی تری وەک جەعفەر شەفیعی، زاوا تێکۆشەرەکەی و هاوسەری مەلەکەی مستەفا سوڵتانی هەڵگرێت، کە وەک پێشمەرگەیەکی دێرین و دیپلۆماتێکی لێهاتووی کۆمەڵە، خزمەتێکی بێوێنەی بە دۆزی کورد کرد.
ئەوەی دایە بەهیەی کردە ڕەمزی دایکانی خۆڕاگر، ئەو ئیرادە پۆڵایینە بوو کە لە کاتی ئاوارەیی نەوەکانی و هەڕەشەی بەردەوامی سەر بنەماڵەکەی نیشانی دا. ئەو سەلماندی کە جەرگسووتانی ژنی کورد ڕەگداکوتانە لە ناو قووڵایی خاکدا نەک کۆڵدان. دایە بەهیە بە سەری بەرزەوە لە تەنیشت مەزاری کوڕەکانی لە تاڵەسوار دەوەستا و بە بێدەنگییەکی پڕ لە مانا، دەبووە هێما و ورە بۆ دایکانی تری کوردستان. ئەو ببووە دەنگی مەریوان کاتێک نیشانی دەدا شکۆی دایک و پشوودرێژیی خێزانێکی شۆڕشگێڕ، لە هەموو سێدارەکان بەرزترە.
ئەمڕۆ کە یادی دایە بەهیە دەکەینەوە، چاو لەو ژنە دەکەین کە خەمی قووڵی کردە هێزی مانەوە و تان و پۆی بنەماڵە و شۆڕشی پێکەوە گرێ دا. دایە بەهیە ناوی خۆی و پێنج کوڕەکەی لە “تاڵەسوار” و لە ویژدانی مێژوودا وەک ڕەمزی نەمری چەسپاند. ناوی ئەو بۆ هەمیشە وەک دایکی شەهیدان و چرای ڕێگای ئازادی لە یادەوەریی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *