کۆماری ئیسلامیی و هاوکێشە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

0
محەمەد حەکیمی

دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری ڕژێمی ئیسلامی، پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتە لە گرووپە توندئاژۆکانی ناوچەکە و پەرەپێدانی ئەم سیاسەتە گەیشتە ئاستێک کە ڕژێم لە ئەمریکا و ئەرژەنتینیش کردەوەی تیرۆریستیی ئەنجام دا. هاوکات لە دوای هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و کوشتنی سەدان کەس لەو وڵاتە، پەرەسەندنی شەڕ لە ناوچەکە و پشتگیرییەکانی ڕژێم وەک هەمیشە ئەوەی سەلماند کە چەمکی “گوندی جیهانی” تەنها خەونێکە؛ تا ئەم ڕژێمە بەم فکر و عەقڵانییەتەوە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووی سەقامگیری و ئاسایش بەخۆوە نبینێت.

لە دژکردەوەی ئەم سیاسەتانەدا، بڕیاردەرانی وڵاتە زلهێزەکان بڕیاریان دا لە دژی ئەم ڕژێمە و کۆمەڵێک ئایینی توندڕەو بوەستنەوە. ئەم شەڕە لە ئەفغانستانەوە بە وەدەرنانی تاڵیبان و کوشتنی بن لادن (ڕێبەری ئەلقاعیدە) دەستی پێکرد و بە لەناوبردنی داعش پێی نایە قۆناغێکی نوێوە. دوای ڕووخانی سەدام و هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر، وردە وردە تەنگیان بە ڕژێمی ئیسلامی هەڵچنی؛ گەمارۆ یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا و تەنانەت وڵاتانی کەنداوی فارسیش لە دژی ئەم ڕژێمە چڕ بوونەوە. دوای شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل و بەشداریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، ئێستا واشنتۆن هێزێکی زۆر گەورەی هێناوەتە ناوچەکە. ئاراستەی گفتوگۆکان پێش ئەنجامدانیان دەری دەخەن کە چ ئاکامێکیان دەبێت؛ هەر بۆیە ئەمریکا سەدان فڕۆکە و پاپۆڕی سەربازیی هێناوەتە ناوچەکە و ئەگەری شەڕێکی گەورە لە ئارادایە.

خاڵێکی دیکە کە دەبێ ئاماژەی پێ بکرێت، قۆناغی “بەهاری عەرەبی”یە. بڕیاردەرانی سیاسەت، بەتایبەتی ڕۆژئاوا، ناچار بوون بە جدی بێنە ناو ئەم گەمە سیاسییە نوێیەوە و لە ڕێگەی دەستوەردان لە ڕووخانی قەزافی لە لیبیا و پشتیوانیکردن لە خەڵکی سووریا و ڕاپەڕینی وڵاتانی وەک میسر، تونس و یەمەن، گۆڕانکارییان کرد. لە لایەکی دیکەوە، ڕووسیا، چین و ڕژێمی ئیسلامی بە پشتیوانیکردنی بەشار ئەسەد، تا ڕادەیەک ڕێگرییان لە گۆڕانکارییەکان کرد، بەڵام پرۆسەی گۆڕان نەوەستا. بینیمان چۆن دەسەڵاتی ئەسەد لاواز بوو؛ خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕێگەی ئازادییان گرتووەتە بەر، هەرچەندە زۆربەی ئاکامەکان وەک سووریا بەرەو ئازادی نەڕۆشتن. مارشاڵ بێرمان دەڵێت: “ئەگەر دەتەوێ مۆدێرن بیت، دەبێ دژی مۆدێرن بیت تا بتوانی ببیتە مۆدێرن”. خەڵکی ناوچەکەش هەستیان کردووە بۆ گەیشتن بە یەکسانی دەبێ دژی دیکتاتۆری بن، بەڵام زۆربەی شۆڕشەکان وەک سووریا و شۆڕشی ٥٧ی ئێران بە لاڕێدا بردران.

ئێستا ڕۆڵی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژایەتیکردنی ڕژێمدا زۆر گرنگە. وەک بینیمان، تەنها هێرشیان نەکردە سەر ئێران، بەڵکوو دەیان گەمارۆی نوێیان سەپاند. ترامپ لە وتەکانیدا زمانی شەڕی وەلا نەناوە و چاوەڕێی ئاکامی دیالۆگەکانە. ڕژێم وا هەست دەکات ئەم هێزانە تەنها بۆ ترساندنە، کە ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە؛ چونکە ئەمریکا خۆبەدەستەوەدانی سەدا سەدی ئێرانی دەوێت، نەک تەنها لە بەرنامەی ناوکی، بەڵکوو لە بەرنامەی مووشەکی و درۆنیشدا. بڕیاردەرانی واشنتۆن دەیانەوێت بێ شەڕ کۆتایی بەم مەترسییانە بهێنن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە دەسەڵاتدارانی تاران سیاسەتمەدار نین، بەڵکوو گرووپێکی توندڕەون کە چوار دەیە ئاژاوەیان ناوەتەوە. ئەگەر ئەم دەسەڵاتە بگاتە چەکی ناوکی، بەرەنگاربوونەوەیان نامومکین دەبێت، هەر بۆیە ئەمریکا، ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا پێشوەختە ڕێگری لێ دەکەن، تەنانەت ئەگەر ڕووسیا و چینیش دژی بن.

لە کۆتاییدا، ئیسلامی توندڕەو و ڕژێمی تاران وەک مۆتەکەیەک بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تاران ڕۆژانە خەریکی پەرەپێدانی جۆرەها چەکە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل و بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانیی هەموو گرووپە توندئاژۆکان دەکات، کە ئەمەش ناوچەکەی بەرەو ناسەقامگیریی بەردەوام بردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *