کۆمەڵە وەک خولقێنەر و لەدایکبوونێکی ناو مێژوو

لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە درێژەی ڕێزگرتن لە ڕۆژی کۆمەڵە، جارێکی دیکە مێژوو ئەو ڕووداوەی وەبیری هەمووان هێنایەوە کە لە سەردەمێکی مێژوویی و چارەنووسسازدا، ڕەوتێک لە کۆمەڵگای کوردستان هاتە مەیدانی خەباتی سیاسی کە بە ڕێبازێکی چەپ و پێشکەوتنخوازانە، قووڵترین کاریگەریی خۆی لە کۆمەڵگای کوردستاندا دانا؛ دەیان نۆرمی باوی سەردەمی گۆڕی و لە جێگەیاندا کلتووری نوێی داچاند.
کۆمەڵگایەک کە لە لایەکەوە لەژێر کاریگەریی گۆڕانکارییە جیهانییەکاندا بوو، لە لایەکی دیکەشەوە شەپۆلی نوێگەری و پێشکەوتنخوازانە لە ناخی جەماوەردا پەنگی دەخوارد، تەنیا ئەو بوونەوەرەی دەویست کە ڕووداوەکان بخوێنێتەوە، کاری چڕوپڕی ڕێکخستن ئەنجام بدات، دژی دواکەوتوویی بوەستێتەوە و بە شێوەیەکی زانستی و ڕادیکاڵ وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، ببێتە قەڵایەکی قاییمی چینە بێبەشەکان، ئەوانەی بە درێژایی مێژوو پێناسەی خۆیان لەدەستدابوو؛ هاوکات ڕچەشکێنی لە هەڵوێستی بوێرانە بەرانبەر بیرۆکەی خۆسەپێن و گەڕانەوەی بڕیار بۆ لای جەماوەر بێت، کە ئەو بوونەوەرە کۆمەڵە و مێژووە پڕشنگدارەکەی بوو.
شکاندنی نۆرمە کۆنەکان وەک هونەری ئاوانگاردە لە شێوازی وێنەکێشاندا، کە کۆمەڵە لەگەڵ دەسپێکی ڕاگەیاندنی ئاشکرای خۆی ئەو بەستەڵەکەی شکاند و نیشانیدا کە سیاسەت و ڕێبازی پێشڕەو لە کوردستاندا ڕێگەی پێ ناگیرێ و وەک ئاوی سەرچاوەکان دەڕوات کە دەریایەکی خڕۆشاو سەرپێ بخات.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی کوردستاندا ڕەوتێک هاتە سەر شانۆی خەباتی سیاسی کە توانی لە دژی دواکەوتوویی ئیسلامی سیاسی بوەستێت و بەبێ ترس و نیگەرانی لەوەی ڕەنگە بکەوێتە پەراوێزەوە؛ بەڵام بە پشت بەستن بە خوێندنەوەیەکی مێژوویی ئەو ئەرکەی وێڕای نالەباربوونی دۆخی ئەو سەردەمە بردە پێشەوە، کە لە شۆڕشی ژینادا، واتە زیاتر لە چل ساڵ پاش ئەو دەسپێکە، پریشکی ڕاستیی ڕێباز و بۆچوونی ئەم ڕەوتەی بۆ هەمووان دەرخست کە ڕەنگە هێزی کۆنەپارێز بتوانێ بۆ ماوەیەک کەڵک لە دواکەوتوویی وەربگرێت، بەڵام ڕەوتی مێژوو لە کۆتاییدا بە قازانجی پێشکەوتووییە.
بۆ یەکەمجار لە شۆڕشی کوردستاندا هێزێک بە بیروباوەڕی چەپ و عەداڵەتخوازانە هاتە مەیدان و ئیرادەی بیری بەڕابەری و یەکسانیی داچاند و ڕووی کردە چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا، ڕووی کردە کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشان کە خۆیان ڕێک بخەن و هێزەکانیان وەسەر یەک بخەن، چونکە تاکە ڕێگەی ڕزگاریی ئەوان لە هەموو جۆرە ستەم و چەوسانەوەیەک، وەستانەوەیە لە ڕیزێکی یەکگرتوودا؛ واتە سەرکەوتنتان لە گرەوی یەکگرتووییتاندایە و کۆمەڵە ئەم ئەرکەی بە باشترین شێوە بردە پێش.
لە پرسی بەرەنگارییشدا پێویستە ئەو ڕاستییە مێژووییە وەبیری خۆمان و دەوروبەر بهێنینەوە کە کۆمەڵە شانازیی ئەوەی بۆ ماوەتەوە کە بێ ڕاڕایی و دوودڵی، دوور لە هەر دان و ستاندێک و تەنیا لە پێناو سەرپێخستنی مێژوویەکی نوێ و بەرپرسیارێتی و ناسینی ناوەرۆکی ڕژێمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو، لە جیاتی دەستەوەستانی و چاوەڕێبوون، بڕیاری موقاوەمەتی گشتی لە کوردستاندا لە کاتی فەرمانی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەرکرد و بەمشێوەیە، ڕێبازی شۆڕشگێڕانە خۆی لەنێو موقاوەمەتێکی نەتەوەیی و جەماوەریدا دیتەوە.
حیزبێک کە بوونی خۆی لەسەر بنەمای بەشداریی جەماوەر لە چارەنووسی خۆیاندا پێکهێنابێت و کۆمەڵانی خەڵکی بە گرینگترین فاکتەری بڕیار پێناسە کردبێت، نیشانەی وەرچەرخانێکی مێژووییە لە بەراورد لەگەڵ مێژووی پێش خۆی. لە کاتێکدا کە مێژووی کۆن سەردەمی بڕیاری تاکەکەس و تاکە لایەن بوو، وە لەو نێوەدا جەماوەر تەنیا کەرەستەی ڕەواییدان بوون، بەڵام ڕێبازی چەپ و کۆمەڵە، مێژووی کۆچی مەریوان، ڕێکخستنی کرێکارانی بێکار، ڕێکخستنی ژنان، مامۆستایان، جووتیاران و خوێندکاران و ئامادەکردن و ڕێکخستنی خەڵکی کوردستان بۆ موقاوەمەتی جەماوەریی دژی هێرشی ڕژێم لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بوو کە تێیدا کۆمەڵە گەیشتە لووتکەی گەشەی خۆی.
