پەڕاندنی ئەندامەکانی جەستە، کردەوەیەکی درندانەی سەدەکانی ناوەراستە.

پەڕاندنی ئەندامەکانی جەستە،

✍ ن: ئارام مودەریسی

لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵیک بڵاو بووە کە سزای پەراندنی چوارپەنجەی دەستی راستی سێ بەندکراو لەسەر تاوانی دزیکردن لە گرتووخانەی ورمێ بەرێوە دەچێ کە لانیکەم یەکێک لەو بەندکراوانە لە کاتی دەستگیرکردنیدا لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە بووە.هەرچەند پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە و کەوتنەرێی شەپۆلێكی بەرینی کاردانەوە و نارەزایەتی بەرامبەر بەو سزایە سیستمی دادوەری حکوومەتی ئیسلامی ئێران ئەم هەواڵەی بە هەڵبەستراو و ناراست ناوبرد و وەک هەمیشە ئەوەش بەشێک لە “پیلانی شەیتانی گەورە” بوو لە دژی حکوومەتی عەدڵی عەلی، بەڵام بە هیچ جۆرێک بوونی وەها سزایەکی نامرۆڤانە وبەرێوەچوونی لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە پاساو ناداتەوە و ناتوانێ هەستی ئینسانی هەر تاکێکی ئازادیخواز و مرۆڤدۆست نەجووڵێنێ. لە روانگەی هەر مرۆڤێکی وشیار و خاوەن ویژدان و خاوەن سڵامەتیی بریاردانەوە سەپاندن وبەرێوەبردنی سزایەکی لەم جۆرە لەلایەن سیستمی قەزایی حکوومەتێک کە یەک بە یەکی بەرێوەبەران و دەسەڵاتدارانی نوقمی زەلکاوی دزی و بەتاڵانبردنی سەروەت وسامانی ئەم ولاتە و،قۆرغکردنی هەموو بوارەکانی کار و کەسابەت و سەرچاوە گەورە وبچووکەکانی داهات و بژیون، کۆمیدیایەکی تاڵ و ناخهەژێنە.
هەرچەند بە پێی رێکەوتن وپرۆتۆکۆلە نێودەوڵەتییەکان پەراندنی ئەندامەکانی جەستە و نوقسانکردنی مرۆڤەکان وەک کرداری شکەنجە دەستنیشان و قەدەغە کراوە،بەڵام کۆماری ئیسلامی سەرەرای ئیمزانەکردنی ئەم پرۆتۆکۆڵە جیهانیە،بەردەوام بە پاساوی مەسەلەی نێوخۆی و لە ژێرناوی بەرێوەبردنی شەرع و سزا ئیسلامییەکان گەلێک جینایەتی وەک پەراندنی ئەندامەکانی جەستە و سەنگسار و دەرهێنانی چاوی مرۆڤی وەک ئەرک و راسپاردەی ئایینی بەرێوە بردووە.
ئەم جۆرە جینایەتە “یاسایی”یانەی رژیم کە لەراستیدا رێژەیەکی کەمیان نەبێ ئەویش بۆ چاوترسێنکردنی کۆمەڵگا نادرکێندرێن وناگەنە سەر رووپەری رۆژنامەکان وتیتری ناوەندە هەواڵنێرییەکان، بە پێی مادەی ١٩٨ و ٢٠١ی سزادانی ئیسلامی پشت بەستوو بە ئایەی ٣٨ی سوورەی “مائدە”ی قورئانی موسڵمانان بەرێوە دەچێ.
بە پێی ئامارە رەسمییە تۆمارکراوەکان لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا ئەم سزایە لەسەر ٢٠ کەس بەرێوەچووە.
سەپاندن و بەرێوەبردنی سزای لەمجۆرە لەگەڵ ئەوەیکە کردەوەیەکی درندانە و نامرۆڤانەی سەدەکانی ناوەراستە،هاوکات لەگەڵ ئەوە ئاوێنەی بالانوێن و نیشاندەری گەندەڵی و بێ شەرمی و رووهەڵماڵدراویی سیستمی دادوەری ئێرانە کە نەک لەحاند شەپۆلی دزی وتاڵان وبرۆ و ئێختلاس و قۆرغکاریی ئابووری کاربەدەستان وحکوومەت بێدەنگە،بەڵکوو خۆی بەشێکە لەو تۆرە مافیاییەی هەڵووشینی سەروەت وسامانی دانیشتوانی ئێران.لە راستیدا سیستمی دادوەری ویاسا لە حکوومەتی ئێران نەک پارێزەری سەروماڵ و مافی خەڵک نین،بەڵکوو بەشێکی سەرەکین لەو دزی وقۆرغکارییە ئابرووبەرانەی کە رۆژانە بە بەرچاوی بیرورای گشتیەوە بەریوە دەچێ.هەر لە رژاندنی پووڵی خەڵک بۆ ناو هەژماری تایبەتی کاربەدەستانی قەزایی ئێران هەتا ساختەکاری و سازکردنی سەنەد وتاپۆی تەزیویر بۆ مڵک وماڵ وزەی وزاری گشتی، بۆ نموونە” کێوی دەماوەند ” ، مڵک و سامانی ئەوقاف و ئاستانی قودسی رەزەوی و بنیادی بە نێو موستەزعەفین و کۆمیتەی ئیمدادی خومەینی و بەیتی رەهبەری وبنیادی پازدەی خورداد و…هتد،بەشێکن لە هەڵپە وچاوچنۆکیی هەوسارپساوی کاربەدەستانی حکوومەتی و قەزایی ئێران.
هەرچەند لە ساڵی ١٩٨٤ی زایینیەوە و بە پێی رێکەوتنێکی جیهانی سزا جەستەیەکان قەدەغەکراون و،سەرەرای نارەزایەتی بەردەوامی ناوەندە جیهانیەکان و کۆروکۆمەڵە نێوخۆییەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ بەرامبەر بە سەپاندن و بەرێوەبردنی ئەو سزایانە لەلایەن سیستمی قەزایی ئێرانەوە،بەڵام هەتا ئێستاش شەرعی ئیسلام بنەمای نووسین ودیاریکردنی سزاکانە و،دەرچوویەکی حوجرە و پیاوێکی ئایینی بەجێگەی کەسایەتیەکی مافناس و ئاکادمیک سەرۆکی ئەو سیستمە قەزایییە و سەپاندن وبەرێوەبردنی ئەو سزا غەیرە ئینسانییانە بەشێک لە کاری رۆژانەیانە.
بەداخەوە لە چەند ساڵی رابردوودا سەرەرای ئەو هەمووە نەهامەتیانەی کە بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە،سەرەرای ئابوورییەکی دارووخاو و بازارێکی قورغکراو لە لایەن باند ودەستە مافیاییەکانی سەر بە حکوومەت،سەرەرای قورغکردنی هەموو جومگە ئابووریەکان و هەموو دەرفەت وبوارەکانی دابینکردنی بژیوی رۆژانەی ژیان و بەتاڵانبردنی سیستماتیکی سەرەوت و سامانی وڵات وهەڵتۆقین وئاسایی بوونەوەی دیاردەی بەرپرسانی گەندەڵ و ئاغازادەکان،سەرەرای ژیانی پرلە مەینەتی زۆربەی چین وتوێژەکۆمەلایەتییەکان وپەرەسەندنی تۆقێنەری دیاردەی ئێعتیاد و هاتنەخواری ترسناک ودڵتەزێنی تەمەنی لەشفرۆشی بۆ ژێر ١٠ ساڵ،فرۆشتنی گورچیلە وبەکڕێدانی مندڵدان و دەیان وسەدان دیاردەی دزێوی روولە گەشەی کۆمەڵایەتی،… زۆربەی جاران جووڵانەوەی نارەزایەتی جەماوەری و خەباتی ناوەند ورێکخراوە نێوخۆی وجیهانییەکانی مافی مرۆڤ لەهەمبەر سیاسەتی ستەمکارانە و داپڵۆسێنەرانەی حکوومەتی ئیسلامی و راگرتنی زەبری سەرکووت و هەڵوەشاندنەوەی سزا قورس ونامرۆڤانەکان،بوونەتە بارمتەی سات وسەودا و چاوچنۆکی ئابووری وڵاتانی دەرەوە.بۆ نموونە گرتنەبەری سیاسەتی قیزەون و بێزراوی “دیالۆگی رەخنەگرانە” ی یەکێتی ئوروپا لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە راگرتنی کاتیی سزای نامرۆڤانەی سەنگسار نەک هەڵوەشاندنەوەی لە ٢٠ ساڵی رابردوودا.
کورت کردنەوەی دەستی رەشی کۆماری ئیسلامی لەسەر ژیانی کۆمەڵانی خەڵک،خواستێکی رەوا و هەنووکەییە.کۆماری ئیسلامی وەک پێکهاتەیەکی مافیایی و تاڵانچی و سەرکوتگەر دەبێ سێبەری رەشی لە سەر ژیانی خەڵکی ئێران هەڵگیرێ.کۆماری ئیسلامی ویاساکانی .هۆکاری سەرەکی رۆژرەشی و سەرهەڵدان وپەرەسەندنی دیاردە دزیوە کۆمەلایەتیەکانن و پێویستە تاج وتەختی هەڵپێچرێ