ڕێکخستنی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

0
محەمەد حەکیمی

ئاڵ‌وگۆڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی ڕوو دەدات، بەڵام ئایا ئەم گۆڕانە بەو ئاراستەی کە ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوەێ دەچێ؟ چ شتێک لە ناوچە دەگۆڕدرێت؟ ئایا ئیسراییل ئەم گۆڕانکارییە قەبوڵ دەکات؟ ڕێکخستنی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن ناوچەکە تووشی گۆڕان دەکات؟

دوای هێرشی حەوتی ئۆکتوبری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و بارمتەگرتنی دەیان هاووڵاتی و کۆمەڵکوژکردنی سەدان کەس لەو وڵاتە، ئیسرائیل هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر فەلەستین دەسپێکرد و بە گشتی شتێک بە ناوی فەلەستین و غەزەی نەهێشت و هەموو ئەو وڵاتەی کاولکرد و بە دەیان هەزار کەس بوونە قوربانی و بەرپرسانی حەماسی بە گشتی لە ناو برد. ئیسرائیل بەوەش ڕانەوەستا و هێرشی کردە سەر حزبوڵڵای لوبنان و بە هەمان شێوەی حەماس زۆربەی سەرکردە سەرەکییەکانی ئەو گرۆپەی کوشت و بە شوێن ئەوەدا هێرشی کردە سەر ئێران و زۆربەی فەرماندە سەربازیەکانی ئەو وڵاتەشی لە ناو برد.

بنیامین نتانیاهۆ دوای ئەوەی سەرکەوتنی گەورەی لە ناوچەکە بۆ خۆی و وڵاتەکەی مسۆگەر کرد، چەندین جار باسی لە گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە کردووە. نتانیاهۆ و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل لەسەر ئەو باوەڕەن کە  سەری “ئوختاپووس” ڕژیمی ئیسلامی تارانە و ئەو ڕژیمە هۆکاری سەرەکی کێشەکان و ئاڵۆزیەکانی ناوچەکەیە، بەڵام کۆمەڵیک کێشەی گەورە لە بەردەم ئەم نەخشە دایە کە بریتین لە؛ قازانج و ئامانجی ئەمریکا لە ناوچەکە و لە ئەگەری درێژەی شەڕ لەگەڵ حەماس، ئەوە لە ئارادایە کە ترامپ دەس لە پشتیوانیکردنی ئیسرائیل بکێشێتەوە.

چونکە وڵاتانی ناوچەکە کە پێشتر دەیانوت ڕێگەی نزیک بوونەوە لە ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە تێدەپەرێت، ئێستا بەو ئاکامە گەیشتوون کە هەموو شتەکان گۆڕدراوە و خۆیان ڕاستەوخۆ دەتوانن لەگەڵ ئەمریکا پەیوەندی بگرن و پێویست بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل ناکات، هەرچەن ئەمریکا خەرێکە بۆ ئیسرائیل لە ناوچەکە هاوپەیمان کۆدەکاتەوە و پەرە بە پەیمانی ئیبراهیم دەدات، بەڵام فرۆشتنی فرۆکەی ئێف ٣٥ بە عەرەبستان و چوونی بن سەلمان بۆ ئەمریکا بێ ئەوەی پەیوەست بێت بە  پەیمانی ئیبراهیمەوە بێت، وەک دژە کردەوەیەک دەردەکەوێ.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل چەندین جار باسیان لەوە کردبوو کێشە نییە ئەمریکا ئەو فرۆکە بە عەربستان بفرۆشیت، بەڵام بە مەرجێک کە پەیوەست بێت بە پەیمانی ئیبراهیمەوە. کەچی ئەوە ڕووی نەدا و نە تەنیا عەرەبستان بەو پەیمانەوە پەیوەست نەبوو بەڵکوو فرۆکەکانیشی لە ئەمریکا کڕی و پێشوازییەکی چاوەروان نەکراویش لە بن سەلمان کرا.

ئەمە هەمووی نیشاندەری ئەوەیە کە ئەمریکا پێش لە هەر شتێک قازانجی وڵاتەکەی خۆی لە بەرچاو دەگرێت، بەڵام پشتگیکریکردنی ئیسرائیل یەکێکە لە قازانجە هەرە گرنگەکانی ئەو وڵاتە و هەتا ئێستە، لە دەسپێکی شەڕی ئیسرائیل و گرۆپە توند ئاژوەکانی سەر بە ئێران زیاتر لە ٢١ میلیارد دۆلار یارمەتی نیزامی ئەو وڵاتەی داوە و نتانیاهۆ ئەوە بە جوانی دەزانێت کە وڵاتەکەی پێویستی بە یارمەتی زیاتری ئەمریکا هەیە و ئەگەر ئەو وڵاتە پشتیوانی خۆی لێ وەربگرێتەوە، ڕاستەوخۆ مان و نەمانی دەکەوێتە مەترسیەوە، هەرچەن ئیسرائیل وڵاتێکە لە ڕووی چەک‌وچۆلی نیزامیەوە لە ناوچەکە قسەی یەکەم دەکات، بەڵام ئەو وڵاتە هاوکات ناتوانێت لە چەند گۆڕەپانەوە شەڕ بکات و ئەوەش تووشی کێشەی جدیی دەکات، هەر بۆیە گوێڕایەلی ئەمریکایە و چاو لە سیاسەتی ترامپ لە ناوچەکە دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *