19/10/2026

ئابووریی ئێران لە سەرەمەرگدا

0
69d0e358-927e-4fc7-a467-ea7e554f3ba2

محەمەد حەکیمی

ئێران بە مانای واقعی کەوتووەتە ناو قەیرانەوە؛ ئابووریی ئێران لە سەرەمەرگدایە، دۆلار سنووری ۲۷۲ هەزار تمەنی تێپەڕاند و ڕژێم هیچ شتێکی پێ ناکرێت. وڵات خەریکە تووشی داڕمانی گشتی دەبێت و بێ‌سەروبەرەیی هەموو وڵاتی تەنیوە و هر کەس هەڵدەستێت قسەیەک یا بڕیارێک دەدات و ڕژێم هیچ بەرنامەیەکی بۆ ئەو دۆخە نییە. خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێرانیش ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ توانای کڕینی شتومەکی پێویستی ڕۆژانەیان نییە و نامێنێت، ڕۆژانە بەهای پارە و داراییەکانیان لە بەرامبەر دۆلاردا دادەبەزێت و خەڵک چیتر توانای بەڕێوەبردنی ژیانیان نەماوە و بە گشتی ژیان وەستاوە.
ئەمە لە لایەکەوە، و لە لایەکی دیکەشەوە بەپێی ئامار و داتاکانی ناوخۆی ڕژێمی ئیسلامیی ئێران، چیتر ئەو ڕژێمە ناتوانێت بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکاوە نەوت هەناردە بکات؛ ئێستا هەناردەکردنی نەوتی ئێران گەیشتووەتە ئاستی صفر/سفر. بۆ یەکەمین جار لە مێژووی ئێراندا هەناردەی نەوت لە ئێران ڕاگیراوە و چیتر ئەو وڵاتە ناتوانێت نەوت هەناردە بکات و پپسپۆڕان لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەگەر تا سێ مانگی دیکە ئێران نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، چیتر ناتوانێت مووچەی خەڵکەکەی دابین بکات و ئەوەش هەرەسهێنانی ئابووری و ژێرخانی ئەو وڵاتەیە، لە حاڵێکدا نەوتی ئێران ڕاوەستاوە، هەناردەکردنی نەوتی وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستی پێش شەڕی ۳۹ ڕۆژەی ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل.
دۆخی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە ئیدارەکان خەریکن گۆشت بە قەرز دەدەن بە مووچەخۆران و ئەوە یەکێکە لە خراپترین نیشانەکانی دۆخی خەڵک؛ کێ لە ئێراندا بیری لەوە دەکردەوە کە ڕۆژێک گۆشت بە قەرز بکڕێت؟ ئەمە دەتوانێت سەرەتای دەستپێکی سونامیی داڕمانی ئابووری بێت. لە لایەکی دیکەشەوە، دەوا و دەرمان زۆر بە سەختی دەست دەکەوێت و ئەگەر ئەم دۆخە تا سێ یا چوار مانگی دیکە درێژە بکێشێت، ئەوا خەڵک تووشی قەیرانێکی گەورە دەبن و کارەساتی مرۆیی بە تایبەتی لە ناو نەخۆشە تایبەتەکاندا ڕوو دەدات؛ چونکە هەر ئێستا ئەو نەخۆشانە پووڵی ئەوەیان نییە لە بازاڕی ئازاددا دەرمانەکانیان بکڕن.
(بۆرگان نیزامی)ی ئابووریناس دەڵێت: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێراندا، ئاکامی شەڕ و گەمارۆکانی ئەمریکایە و هەروەها ئەو دۆخە ڕەگ و ڕیشەی لە ناو قەیرانە ئابوورییەکانی ڕژێمی ئیسلامیدایە. ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت: سیاسەتی هەڵەی بانکی ناوەندی، بە تایبەتی ڕاگرتنی نرخ و ئاسایی‌کردنەوەی هەڵاوسان، بێ‌متمانەیی و چاوەڕوانیی هەڵاوسانی بڵاو کردووەتەوە. نیزامی لە درێژەی وتەکانیدا دەڵێت کە مەودای نرخی دۆلاری دەوڵەتی و ئازاد دەتوانێت چەند قاتی دیکە نرخی کەلوپەل زیاد بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *