مەلا ئاوارە سوزێک بۆ نیشتمان

مەلا ئاوارە

مەلا ئاورە ساڵی ١٩٣٤ی زایینی لە ئاوایی شەلماش چاوی بە ژیان پشکووت. مەلا ئاوارە هەر لە منداڵییەوە لای باوکی کە پیاویکی خوێندەوار بوو دەستی بە خوێندن کرد و دواتر بە دوای زانیاری زیاتر و خوێندن رووی لە مزگەوتەکان و حوجرەی فەقێیایەتی ئەو سەردەمە کرد. ئەو خویندن و گەرانە وەدوای خوێندن مەلا ئاوارە دەباتە جیهانێکی نوێ و مەلا ئاوارە لە سەردەمی گەران بە شار و ئاواییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زۆر لەوە زیاتر چاو و گوێی دەکرێتەوە و کە بە خوێندنەکەی لێی تێگەیشتوە و هەست بە چەوساندنەوە و ئەو زولم و زۆرەی کە لە نەتەوەی کراوە دەکات و هەروەها خۆیی بە رۆڵەی زەحمەتکێشان و کرێکارانی هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێت. هەر ئەوەش هانی دەدات هەست و بیر و توانای بخاتە گەڕ دەکەوێتە هاندانی خەڵک بۆ دەرچوون لەو دۆخە و هەر خۆشی وەک پێشەنگ و خەم خۆرێکی رەسەن و تێگەیشتو بۆ رزگاری نەتەوەکەی رێگای شۆڕش و بەرنگاربوونەوە دەگرێتە بەر و تا کۆتایی ژیانی دژ بە داگیرکەران راوەستا. مەلا ئاوارە بۆ درێژەدان بە خەبات دەچێتە ناو ریزەکانی حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و دواتر بە هۆی ئەوەی کۆمەڵیک کێشە و گرفتی لەگەڵ حزب دەبێت مەلا ئاوارە و کۆمەڵیکی دیکە لە هاوڕێیانی دەگەرێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و دەست دەکەنەوە بە خەباتێکی چر و پر و هەر لەو رێگە پیرۆزەدا گیانی ئازیزیی لە رێکەوتی ١٠ مانگی ٥ی ساڵی ١٩٦٨ی زایینی لەگەڵ دوو هاوڕیی دیکە بە ناوەکانی “رەحمانی وەتمان چاوشین” و “مەلا کچکە” لە شاخەکانی شاری سەردەشت بەخت کرد.

کوپلەیەک لە شێعرەکانی مەلا ئاوارە

لەو کاتەوە کە لە ماڵی خۆمان دەرکەوتوم

هیچ کات بە تەنیا نەبووم

هەستم بە غەریبی نەکرد و

من ئێستا تەنیا کوڕی دایک و باوکی خۆم نیم

بەڵکوو رۆڵەی هەموو زەحمەتکێشانی کوردستانم.

یەکێکی دیکە لە هەلبەستەکانی مەلا ئاوارە:

بێ خانوو و زەوی و زارم

تووتنوانێکی ھەژارم

دوورم لە خێر، نزیک لە شەڕ

بێ پووڵ و باغ و بزن و مەڕ

مناڵم رووت و برسییە

ژیانم پڕ مەترسییە

هەروەها لەتیف ھەڵمەت شێعرێکی بۆ مەلا ئاوارە نووسیوە؛ ئەوە دەقی شێعرەکەیە:

من دڵنیام … چەندێ بژیم

ڕۆژێ مەرگ دێ بۆ پێشوازیم

بەڵام ھەزاران ھەزار ساڵ

لە دوای مردن

دەرمبێنن لە گۆڕ و چاڵ

ئەگەر سینگم بە نەشتەرێ ھەڵبدڕن

ھێشتا دیارە لە سەر برینی دڵی من

خۆڵەمێشی گوندەکەم و

جێ زنجیری تانکی دوژمن…!

بست بە بستی … ئائەم خاکە

جێ بزماری چەکمەی پاسدار و ساڤاکە…!