ڕۆژی جیهانیی ژن و ئاسۆی یەکسانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

0

٨ی مارسی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر سێبەری شەڕ و ناسەقامگیرییەکی قووڵدایە. لە دۆخێکی ئاوا ئاڵۆزدا و لەم ڕۆژە مێژووییەدا، جێگەی خۆیەتی کە زیاتر تیشک بخەینە سەر ئەو ڕاستییەی کە ژنان لە زۆربەی شەڕ و قەیرانە کۆمەڵایەتییەکاندا یەکەم قوربانی و زیانمەندی بێدەنگ و سەرەکی بوون. شەڕ و ناسەقامگیری تەنها ژیانی ژنان ئاڵۆز ناکات، بەڵکوو زۆرجار مافە بنەڕەتییەکانیشیان دەخاتە مەترسییەوە. لە هەمان کاتدا دەبێ ئەو ڕاستییەش زەق بکرێتەوە کە لە کوردستان، ژنان لە مێژووی هاوچەرخدا، بەتایبەت دوای شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»، بوونەتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان. ئەم شۆڕشە نیشانیدا کە ژنان تەنها قوربانیی ستەم و نایەکسانی نین، بەڵکوو توانای ئەوەیان هەیە ببن بە هێزی سەرەکیی گۆڕان و بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر.

بە شانازییەوە کۆمەڵە لە ماوەی مێژووی خەباتی خۆیدا، بەشێکی گرنگ و کارا بووە لە خەباتی مافخوازانە و یەکسانیخوازانەی ژنان لە کوردستان و ئەمڕۆش لە دۆخی هەستیاری ئێستادا، کۆمەڵە خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت کە دەوری خۆی بە شێوەیەکی کاریگەر بگێڕێت لە دروستکردنی ئەو بەستێنەی کە بتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی یەکسان و دادپەروەر. کوردستانێک کە لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بتوانێت بناغەی سیستەمێکی دیموکراتیک و یەکسانیخواز دابنێت.

لە دۆخی هەستیاری ئەمڕۆدا، ئەرکی کۆمەڵە و بزووتنەوەی ژنانە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بگرنە ئەستۆ. پێویستە هەر لە ئێستاوە کار بکرێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو خەسارانەی کە تا ئێستا سیستەمی تونداژۆ و دژەژنی کۆماری ئیسلامی لە ژنانی داوە. ئەم خەسارانە بەهۆی دۆخی شەڕ و ناسەقامگیرییەوە دەتوانن زیاتر و قووڵتر ببن، بۆیە پێویستە هەوڵێکی هاوبەش و بەرنامەدار بدرێت بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان. یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی مافەکانی ژنان، بەدامەزراوەیی‌کردنی ڕۆڵی ژنانە لە ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسیدا. هەروەها پێویستە بەرنامەیەکی ڕوون و سیاسەتێکی دیاریکراو دابنرێت بۆ دڵنیابوون لە یەکسانی لە داهاتووی کوردستاندا. بێگومان بێ بەشداریی کاریگەر و بەردەوامی ژنان لە ڕێکخستن و بڕیارداندا، هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراتیک ناتوانێت بە شێوەیەکی تەواو سەرکەوتوو بێت.

کۆمەڵگەی کوردستان هاوکات لەگەڵ خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و کۆتاییهێنان بە داگیرکاری، دەبێ خەبات بۆ ڕیشەکێش و بنبڕکردنی هەموو جۆرە ستەم و نایەکسانییەکی دیکەش بکات. بۆیە یەکسانیی ڕەگەزی دەبێ ببێتە یەکێک لە ئەجێندا سەرەکییەکانی خەباتی کۆمەڵگە. لە ڕاستیدا، کوردستان کاتێک دەتوانێت گەیشتن بە ڕزگاریی ڕاستەقینە و تەواو تاقی بکاتەوە کە بناغەکانی یەکسانی تێیدا بە باشترین شێوە دامەزرابن و لە باڵاترین ئاستدا جێگیر کرابێت. کۆمەڵگەیەک کە تێیدا هەموو ئینسانەکان، بە ڕەگەز، ڕەنگ و ناسنامە جیاوازەکانەوە، دەرفەتی یەکسان بۆ پێشکەوتن و پشکووتنیان هەبێت و بتوانن لە ژیانێکی ئاسوودە و شایستە بەهرەمەند بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *