لە گەمارۆی شەقامەوە بۆ لووتکەی سەلماندن: وەرچەرخانی مێژوویی لە خەباتی ژنانی کورددا

0
بێگەرد سالح
بێگەرد سووزەنی

مێژووی خەباتی نەتەوەکان زۆر جار بە ڕووداوە مەزنەکان پێناسە دەکرێتەوە؛ شۆڕشی «ژینا» بۆ نەتەوەی کورد و بەتایبەت بۆ ژنان، وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەعریفی بوو کە بنەماکانی تێگەیشتن لە ئازادیی گۆڕی. ئەم قۆناغە نوێیەی خەبات، ژنانی لە بازنەی «داواکاری» دەرهێنا و گەیاندنیە لووتکەی «سەلماندن». ژنی کورد چیتر لە چاوەڕوانیی بەزەیی یان یاسایەکی دەسەڵاتدا نییە تا مافە سەرەتاییەکانی پێ ڕەوا ببینێت؛ ئەو ئەمڕۆ بە کردەوە و بە شێوەیەکی پڕۆژەیی، چەمکەکانی یەکسانی و ئازادی لە ناو جەرگەی شارەکان و لە قووڵایی ماڵەکاندا پیادە دەکات.

ئەگەر دوێنێ چەک و سەنگەری شاخ نیشانەی سەرەکیی خەبات بوون، ئەمڕۆ «مانەوە لەسەر بڕوا» و «نەبەزین لە بەرامبەر سێبەرە ڕەشەکانی سێدارەدا»، گەورەترین مانیفێستی خۆڕاگریی ژنانی کوردە. دوای ئەم شۆڕشە، تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ناو کایە کۆمەڵایەتییەکاندا چەکەرەی کرد و ژنی کورد وەک پێشەنگێکی سیاسی و نەتەوەیی بۆ ڕزگاریی هەموو کۆمەڵگە و گۆڕینی سیستەمێکی چەقەبەستووی سیاسی دەرکەوت. ئەم ئامادەییە هەمەلایەنەیە، «بوێریی سیاسی»ی ژنانی گەیاندە ئاستێک کە هەموو سنوورە باوەکانی تێپەڕاند و بووە ئیلهامبەخش بۆ جیهان. ئەمڕۆ ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوا، بە یەک زمان و یەک ئیرادە پەیامی «ژن، ژیان، ئازادی» دەگەیەنن؛ ئەمەش نیشانەی تێپەڕینە لە خەباتێکی ناوخۆییەوە بەرەو خەباتێکی جیهانی کە بنەماکانی مرۆڤایەتی نوێ دەکاتەوە.

لە ژێر چاودێرییەکی توندی ئەمنی و لە ناو گەمارۆیەکی خنکێنەری دەسەڵاتدا، ژنانی خەباتگێڕ توانییان دیوارە ئەستوورەکانی سانسۆر هەڵتەکێنن و فەزایەکی نوێ بۆ گەیاندنی دەنگی کپکراو بخوڵقێنن. ئەوان بە لێهاتوویی و بەکارهێنانی ئامرازە نوێیەکانی پەیوەندی، دەنگی خۆیان و هاوڕێ زیندانییەکانیان گەیاندە ناوەندە بڕیاربەدەستە نێودەوڵەتییەکان. لێرەدا، زیندان بووەتە سەنگەرێکی تری بەرهەڵستی و ناوەکان بوونەتە هێمای نەتەوەیی؛ خۆڕاگریی ژنانی وەک پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی و وریشە مورادی لە ژێر هەڕەشەی پەتی سێدارەدا، گەورەترین بەڵگەی ئەو ئیرادە پۆڵایینەن کە هیچ سزایەک ناتوانێت بیبەزێنێت. لەم سەردەمەدا، هەر گرتە ڤیدیۆییەک یان هەر نامەیەک کە لە پشتی دیوارە بەرزەکانی زیندانەوە دەردەچێت، وەک چەکێکی کاریگەر وایە کە دەسەڵاتە ستەمکارەکان دەخاتە لەرزە. ئەم پارتیزانییە میدیاییە، ڕاستی و ئیرادەی گەلێکی چەوساوە تۆمار دەکات و ڕێگە نادات مێژوو بە دەستی ستەمکاران بنووسرێتەوە. ئەم خۆڕاگرییە ناوخۆییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گشتی لە ناو ئاگری شەڕێکی سەخت و ململانێی خوێناوی هێزە ئیمپریالی و هەرێمییەکاندا دەسووتێت، لێرەدایە خەباتی ژنانی کورد وەک گوزارشتێکی زیندوو لە «هێزی سێیەم» دەردەکەوێت.

لە ناوچەیەکدا کە دەنگی چەک و بەرژەوەندییە سیاسییەکان هەموو بەهایەکی مرۆییان خستووەتە پەراوێزەوە، ژنان بە پشتبەستن بە فەلسەفەی «ژن، ژیان، ئازادی» سەلماندیان کە ئاشتی و ئازادیی ڕاستەقینە لە ڕێگەی گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست دێت و لە دەرەوەی هاوکێشە سەربازییە باوەکانە. ئەمڕۆ کە گەمارۆ و شەڕی وڵاتان تادێت قورستر دەبێت، ژنانی کورد لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات ڕووبەڕووی دوو بەرەی ستەم دەبنەوە؛ بەرەنگاری سیستەمە سەرکوتکەرە ناوخۆییەکان دەبنەوە و هاوکات باجی ئەو نائارامییە دەدەن کە شەڕە هەرێمییەکان بەسەر ناوچەکەدا دەیسەپێنن. لە ناو جەرگەی ئەم ئاڵۆزییانەدا، ژنی کورد چیتر قوربانییەکی بێدەنگی شەڕ نییە، بەڵکو بکەرێکی سیاسیی لێهاتووە کە خەباتەکەی دەپارێزێت تا نەبێتە قوربانیی ساتوسەودا سیاسییەکانی نێوان زلهێزەکان.

ئەم وشیارییە سیاسییە دەری دەخات کە خەباتی ژنانی کورد پێویستییەکی مێژووییە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە قووڵانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە. ژنان بە ڕەتکردنەوەی جەنگە وێرانکەرەکان و جەختکردنەوە لەسەر دیموکراسیی ڕاستەقینە، ڕێگەیەکی نوێیان لە بەردەم گەلانی ناوچەکەدا کردووەتەوە کە تێیدا مرۆڤ و کەرامەتی نەتەوەیی ناوەندی بڕیارەکانن. داهاتووی ئەم خەباتە ڕوونە، چونکە لەسەر بڕوایەکی قووڵ بونیاد نراوە. ژنان بە قوربانیدان و کۆڵنەدان سەلماندیان کە هیچ هێزێک ناتوانێت گەڕانەوە بۆ دواوە بسەپێنێت؛ ئەوان پارێزەری خاک، زمان و شکۆی نەتەوەیی و کارەکتەری سەرەکیی گۆڕانکارییە مەزنەکانن. خەباتی ژنانی کورد مۆدێلێکی جیهانییە بۆ دادپەروەری و یەکسانی؛ ئازادیی ژن بە ئازادیی هەموو مرۆڤایەتی دەبەستێتەوە. ئەمە شۆڕشێکە لە دڵەکاندا دەستی پێکردووە، لە شەقامەکاندا چەکەرەی کردووە و تا گەیشتن بە کەناری ئارامی و دادپەروەری، خامۆش نابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *