ژن لە ئاوێنەی نیشتماندا: خوێندنەوەیەک بۆ حەماسەی فڕین و بەرگری

دواڕۆژ
..
ئەی ژنە پێشمەرگە،
ئەی پێشمەرگەی ژن…
دەسا نەرمەناوێنەکە!
گەردنی شووشەت شۆڕ کەرەوە و بڕوانە ئاوێنەی چەم،
وێنەی چوار کەلەبچەت دەخاتە بەردەم!
دەسا ئەی کۆترە باریکەکە!
باڵ بوەشێنە،
سنوور بپەڕێنە،
چاوی فرمێسکاوی هەڵێنە،
لەمپەڕ تا ئەو پەڕی کوردستان گۆمی خوێنە!
ئەی پەپوولە زێڕینەکە!
داگیرکەران لەسەر نەخشەی جوگرافیا چوارمێخەیان کێشاوی،
دەسا هەوڵێ، هیمەتێ!
خۆت ڕاچڵەکێنە!
داوی دیلی بپسێنە!
خوار و ژوور،
گەرمێن و کوێستان،
لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ،
لەم چڵ بۆ ئەو چڵ،
بفڕە و بنیشەوە!
بۆنیان پێوەکە و
بینیان پێوەنێ،
هیچیان مەدوێرە،
هیچیان هەڵماوێرە؛
سەرتاپای ئەم کوردستانە ڕەنگینە،
یادگاری عەشقی شیرینە،
بست بە بستی ئەم خاکە خەمبارە،
گڵکۆی تازە یارە…
سەلاح موهتەدی
لە فەرهەنگی سیاسی و ئەدەبیی کوردەواریدا، چەمکی “ژن” و “نیشتمان” دوو ڕەهەندی لێک دانەبڕاون کە لە ناو تێکستە شیعرییەکەی “سەلاح موهتەدی”دا دەبنە یەک جەستە و یەک تابلۆی زیندوو. لە کاتێکدا بەرەو هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان هەنگاو دەنێین، گەڕانەوە بۆ ئەم دێڕانە تەنیا خوێندنەوەی شیعر نییە، بەڵکوو لێکدانەوەی مێژوویەکی پڕ لە ئازار و ئیرادەیە. لێرەدا ژن تەنیا ڕەگەزێک نییە بۆ ستایش، بەڵکوو سوژەیەکی بڕیاردەرە کە لە نێوان دوو جەمسەری “کۆترە باریکە” و “پێشمەرگە”دا، واتا بە ئازادی دەبەخشێت.
شاعیر لە سەرەتادا بە وێنەیەکی پارادۆکسی دەست پێ دەکات؛ گەردنی شووشە و ئاوێنەی چەم کە لە جیاتی جوانی، وێنەی چوار کەلەبچە نیشان دەدەن. ئەمە گوزارشتێکی قووڵە لەو جوگرافیا سیاسییەی کە کوردستان و جەستەی ژنی تێدا بەند کراوە. کەلەبچەکان هێمای ئەو سنوورانەن کە نیشتمانیان پارچە کردووە و لە هەمان کاتدا ئەو کۆت و زنجیرە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەن کە دەبنە بەربەست لە بەردەم ناسنامەی ژنی کورددا. کاتێک ڕوو لە “پەپوولە زێڕینەکە” دەکرێت بۆ ڕاپەڕین، مەبەست لێی ڕاچڵەکینێکی مێژووییە بۆ پچڕاندنی داوی دیلی و گۆڕینی نەخشەیەک کە بە چوارمێخە کێشراوە.
ژن لەم تێکستەدا لە سنووری قوربانیبوون دەردەچێت و دەبێتە بکەرێکی گەڕۆک. فڕین لە گەرمێنەوە بۆ کوێستان و لە چڵێکەوە بۆ چڵێکی تر، تەنیا جووڵەیەکی فیزیکی نییە، بەڵکوو یەکخستنەوەی ئەو جەستە پارچەپارچەکراوەیە کە ناوی نیشتمانە. ژنی پێشمەرگە لێرەدا ئەرکێکی پیرۆزتری پێ سپێردراوە؛ ئەو گەواهیدەری عەشقە شیرینەکان و پاسەوانی ئەو گڵکۆیانەیە کە بست بە بستی خاکەکەیان کردووە بە یادگاری. ئەو ناسکایەی لە “نەرمەناوێن” و “پەپوولە”دا دەبینرێت، کاتێک لەگەڵ وشەی “پێشمەرگە” و “مشتێکی پۆڵایین” تێکەڵ دەبێت، وێنەیەکی نوێ لە ژن نیشان دەدات؛ ژنێک کە هەم سەرچاوەی ژیانە و هەم قەڵای بەرگری.
لە کاتێکدا کە هەموو ساڵێک لە هەشتی مارسدا باس لە مافە سەرەتاییەکان دەکرێت، ئەم شیعر و دیدگایە پێمان دەڵێت کە مافی ژنی کورد لەگەڵ مافی ئازادیی نیشتمانەکەیدا گرێدراوە. سڵاو ناردن بۆ ئەو دەستە ناسکانەی بوونە مشتێکی پۆڵایین، دانپیانانە بەو ڕاستییەی کە لەم جوگرافیایەدا مەرگ ناتوانێت گۆرانیی ژیان بوەستێنێت؛ چونکە ژن لێرەدا هەم دایکە و هەم نیشتمان. ئەو هێزە بزوێنەرەیە کە لە ناو گۆمی خوێندا ڕەنگی ئاسمانی ون نەکردووە و بە بڕواوە فێری کردین کە بۆ فڕین، پێویستمان بە ئاسمانێکی ئامادەکراو نییە، بەڵکوو ئیرادەی شکاندنی کەلەبچەکان خۆی دەسپێکی فڕینە.
