کۆمەڵە و پرسی یەکسانیی ڕەگەزی
بەشێک لە بەیانییەی سیاسی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
بڕوای تەواو بە بایەخی یەکسانی ئینسانەکان بناغەی ڕوانینی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆ مەسئەلەی یەکسانیی ڕەگەزییە. هەموو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و جنسییەت و مەیلی جنسی خاوەن ڕێز و مافی یەکسانن.
مافخواراو بوونی ژنان و کەمینە جنسی و جنسییەتییەکان خەسارێکی کۆمەڵایەتیی دنیای باوکـ پیاوسالارە کە سیستمی قازانجپەرەستی کاپیتالیزم بەرهەمیدەهێنێتەوە و بەهێزی دەکات و ئایینەکان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یاسای بەهێزکردن و هێشتنەوەی دادەنێن. بەڵام لە هەر شوێنێک لەوانە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پێی دۆخی کولتووری، سیاسی، ئابووری، ئایینی و هتد، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و لە ئاستی جۆراوجۆردایە و پێویستی بە چارەسەری گونجاو لەگەڵ ئەو دۆخە تایبەتەدا هەیە. بەشێوەی دیار داگیرکراوبوونی کوردستان لەسەر دۆخی یەکسانی لە کۆمەڵگادا وەکوو هەموو بابەتەکانی دیکە کاریگەریی نەرێنیی هەیە.
لە باسی یەکسانیدا، ژنان وەکوو ڕەگەزێک کە هەم ستەمە مێژووییەکە لەسەریان بەرچاوترە و هەم زۆرینەیەکی ستەملێکراون لە ناو بازنەی ستەمی ڕەگەزیدا و هەم خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژی خەبات لە جیهان و کوردستانن، پێویستە گرنگیی تایبەت بە خەباتەکەیان و بزاڤەکەیان بدرێت.
سەرەڕای بەرەوپێشچوونی بەهێز و باشی خەبات و بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا پێویستە کاری جیددی بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاریی کۆمەڵگا ــ بەتایبەت ژنان کە خەساردیتووی سەرەکیی ئەو نایەکسانییەن ــ بکرێت. ئەو وشیارییە دەبێتە هەوێن و هۆکاری بەهێزتربوون و بەرەوپێشچوونی زیاتری خەباتی یەکسانیخوازانە بە واتایەکی دیکە، ڕێگەی سەرەکیی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان لە کۆمەڵگایەکی وشیارەوە تێدەپەڕێت.
ساڵانی پاش ڕاپەڕینی رێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژن بەتایبەت لە کوردستان بە خێرایی گۆڕانی بەسەردا هات. کۆمەڵە لە کوردستان زیاتر لە هەر رەوتێکی سیاسی دیکە، وەک حیزب و داکۆکیکاری مافەکانی ژنان، ناسرا. پەیوەست بوونی پۆل پۆلی ژنان بە کۆمەڵەوە، چ لە ڕێکخستنەکانی شار و چ لە خەباتی پێشمەرگانە و لە سەنگەری شەڕی ڕاستەوخۆ بەرامبەر بە داگیرکەر، شاهیدی فێمینیست بوونی کۆمەڵە و ئامادەیی سیاسی و ڕێکخراوەیی کۆمەڵەیە بەرامبەر بە پرسی یەکسانیی ڕەگەزی و خەباتی ژنان بۆ چارەسەرکردنی ئەو ستەم و هەڵاواردنەی لە سەریانە. ئەمە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی مێژووی و جێ شانازیی کۆمەڵەیە.
ئەم بەشدارییە بەرین و پڕناوەرۆکە یەکسانیخوازانەیە کە سەرەڕای بەستێنی نالەبار و دژایەتیی بیری دواکەوتوو توانی زەبرێکی گەورە لە هەڵاواردن دژ بە ژنان بدا و خەباتیان بباتە ئاستێکی نوێ و باسی مافی ژنان بکاتە یەکێک لە ئەجێنداکانی خەباتی سیاسیی کوردستان، ڕواڵەتێکی پێشکەوتووانەتر و ناوەڕۆکێکی یەکسانیخوازانەی ئەوڕۆیی بە بزوتنەوەی کوردستان بەخشی. ژنان لە کوردستان لە مەیدانی ئیعتیرازی سیاسی و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان و سازدانی رێکخستنە پیشەییە نوێکان و دواتریش لە مەیدانی بەرگریی پێشمەرگانەدا، وەها بەشدارییەکی کاریگەر و چالاکانەیان بوو کە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستان.
ئەمڕۆ و لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا کە کۆمەڵە ڕێخۆشکەر و ڕێکخەری بوو بەشداریی ژنان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئەدەبی و، لە نێو ڕێکخراوە مەدەنی و سەربەخۆکاندا لە کوردستان، بەرچاوتر و بەرینترە. دەرکەوتنی سیمای جۆراوجۆری ئەدەبی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و زانستی لە ناو ژنانی کوردستان، قورساییەکی زۆرتر دەبەخشێتە پێگەی ژنان لەم کۆمەڵگایەدا و شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەڵگە حاشاهەڵنەگری ڕەوتی خێرای ئەو پێشکەوتن و بەرەوپێشچوونەیە. هەر بەو پێیەش پێویستیی بەشداریی ژنان لە ڕێبەرایەتی و ڕێکخستنی حیزب و بزووتنەوە سیاسییەکاندا و لە داهاتووی ڕزگاریدا لە هەموو ناوەندەکانی بڕیار و دەسەڵاتدا، حاشاهەڵنەگر و یەکلاکەرەوەیە. هەوڵ بۆ دابەشکرانی یەکسانی دەسەڵات و کاریگەریی کۆمەڵایەتی لە حیزب و کۆمەڵگا لە نێوان ژنان و پیاواندا مانای ئەوەیە سەرچاوەکانی بڕیاردان تا ئەو ئاستەی دەکرێ بە شێوەی یەکسان دابەش بکرێن هەروەها ژنان و پیاوان دەرفەتی یەکسانیان هەبێت بۆ ئەوەی لە بڕیارداندا بەشدار بن. ئەمە تەنها بەو واتایە نییە کە بە ئەژمار یەکسانی لە نێوان ژنان و پیاواندا هەبێت بەڵکوو کاریگەریی یەکسان لە ناوەندەکانی دەسەڵات دەبێت دابین بکرێت.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و خێزانیدا خوازیاری یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاو و ڕەگەزەکانی دیکەیە و پابەندە بە هەوڵ بۆ یەکسانیی تەواوی ماف و دەرفەتی ژیان و پێشکەوتن بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا، بۆیە هەوڵ بۆ سڕینەوەی هەموو ئاسەوارە خراپەکانی نایەکسانیی ڕەگەزی دەدا و ئامانجی سڕینەوەی هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەز لە شوێنی ژیان و کار و نێو کۆمەڵگایە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵەوە دەستەبەرکرانی مافە زەوتکراوەکانی تاکەکانی کۆمەڵگا و هەوڵ بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرە نایەکسانی و هەڵاواردنێکی ڕەگەزی و دابین کردنی دەرفەتی یەکسان لە هەموو شوێنەکانی ژیان، کار، خوێندن و ناوەندە دەوڵەتی و شەخسییەکان یەکێک لە سەرەکیترین کۆڵەکەکانی کۆمەڵگایەکی ئینسانییە.
خەباتی یەکسانیخوازانە بە هۆی بەرینی و قووڵبوونی ئەو ستەمە، خەباتێکە تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستی بە کاری تایبەت هەیە و نابێ هێزی بزووتنەوەکەی بکرێتە قوربانیی خەباتی دیکە، یان وزەکەی لە خزمەت خەباتی دیکەدا بێ، بەڵام خەبات بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی لە خەباتی دیکەش هەڵپێکراوە و ستەمەکە دەبێ لە ڕوانگەی لێکدراوبوونی چەند لایەنەی ستەمەکانەوە ببیندرێ و زۆر ستەمی دیکە دۆخی خەباتی یەکسانیخوازانە لە کوردستان لە شوێنەکانی دیکە و وڵاتانی دیکە جیادەکاتەوە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیارترینی ئەو ستەمانە ستەمی نەتەوەیی و ستەمی چینایەتییە.
لە داهاتووی کوردستاندا و پاش ڕزگاری لە دەستی دەسەڵاتی داگیرکەر یاسای وڵات دەبێ بە پێی مەرجە یەکسانیخوازانە و مرۆڤییەکان و دوور لە هەرجۆرە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی دابڕێژرێت و تێیدا کاسبی کردن بە جەستەی تاکەکان و بەکارهێنانیان وەکوو کاڵای تیجاری (Trafficking)، هەموو ئەو کارانەی لە پەیوەندیی تاکەکەسیی ئینسانەکاندا ژن وەکوو کاڵا دێننە ئەژمار، هەڵاواردن لە ژیانی هاوبەش و پەیوەندیی خێزانی و خۆشەویستانە، توندوتیژی دژی ژنان و ڕەگەزەکانی دیکە لە هەر شێواز و فۆرمێکدا، دەستێوەردانی ئایین و کولتووری باوک/پیاوسالار لە یاسای مەدەنی و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە مەسئەلەی ڕەگەزی قەدەغە بێ.
دەسەڵاتی سیاسیی وڵات دەبێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو خەسار و ئازارانەی ژنان لەبەر دەسەڵاتی باوک پیاوسالار لە کۆمەڵگادا تووشی بوون، پلانێکی درێژخایەنی بۆ یارمەتیی هەمەلایەنەی کەسانی خەساردیتوو و زوڵملێکراو هەبێ.
ڕێگەی سەرەکیی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان لە کۆمەڵگایەکی وشیارەوە تێدەپەڕێ. سیستەمی پەروەردە لە کوردستان دەبێ کار بۆ گۆڕینی نۆرمە پیاوسالارانەکانی کۆمەڵگا بکا و هەوڵ بدات بۆ جێگربوونی ڕوانینێکی یەکسانیخوازانە لەباتی ڕوانینێکی پیاوسالارانەوە و دوور خستنەوەی نەوەی نوێ لە تێگەیشتنە چەقبەستووەکان لەسەر دەور و ئەرکی ژن و پیاو و ڕەگەزەکانی دیکە لە کۆمەڵگا و لە پەیوەندییە تاکەکەسییەکاندا.
شۆڕشی ژینا و ناوەڕۆکی بزووتنەوەکە و چالاکیی ژنان و بنەماڵەی پەلکەزێڕینە لەو شۆڕشەدا و ڕۆڵی بەرچاو و پێشڕەویان لە شەقامی کوردستان، دەریخست خەباتکارانی یەکسانیخوازی کوردستان لە ئاستێکی بەرزی ڕۆشنبیریدان و ئەم بارودۆخە بۆ کۆمەڵە دەرفەتگەلێکی نوێ دەخولقێنێت کە بە توانا و زەرفیەت و متمانە بەخۆبوونێکی زیاترەوە، پەرە بە هزری مرۆڤی و پێشکەوتووانە و یەکسانیخوازانە بدات.
چۆنیەتیی کاریگەریی ڕووداوەکانی وڵات، ناوچەکە و جیهان لە سەر دۆخی ژنان و مافەکانیان، لە هەڵوێستی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا بەرامبەر بەو ڕووداوانە کاریگەریی یەکلاکەرەوەی هەیە و یەکسانیخوازی یەکێک لەو بنەما سەرەکییانەی کە کۆمەڵە سیاسەت، هاوپەیمانی و هاوکارییەکانی خۆی لەسەر دادەڕێژێت.
لە کوردستانێکی سەربەست و ئاوەدان و دیموکراتیکدا کە دادپەروەریی ئابووری لە ئاستێکی بەرزدا بێ و دەسەڵات و سیستەمی پەروەردە لەسەر بنەمایەکی مرۆیی و یەکسان دامەزرابێتن و کولتووری باوک/پیاوسالار و ئایینی پشتیوان و پەرەپێدەری نەتوانن ڕێگری لە ئازادی و یەکسانی بکەن، ئامراز و پشتیوانی بۆ ئینسانی یەکسانیخواز زیاترە و دەرفەت بۆ ڕۆیشتن بەرەو ڕزگاریی یەکجاری لە زوڵم و ستەمی جینسییەتی تا ڕادەیەکی زۆر زیاد دەکات.
