ئێرانی دوای ڕەشەمە؛ گۆڕانکاریی ستراتیژی و داڕمانی ئابووری

0

عەزیز ئاجیکەند

لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئێران لە دوای گرژی و پێکدادانە سەربازییەکانی ئەم دواییانە کە لە ئەدەبیاتی میدیایی و شیکاریدا بە «ئێرانی دوای ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی» ناوزەد دەکرێت، نیشاندەری گۆڕانکاری گەلێکی قووڵە لە بواری ئابووری، کۆمەڵایەتی و ستراتیژییەکانی ئەو وڵاتەدا. ئەم قۆناغە دەکرێت بە یەکێک لە ناسکترین و لە هەمان کاتدا یەکلاکەرەوەترین قۆناغەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران ئەژمار بکرێت. لە قۆناغی ئێستادا لەگەڵ چوار تەوەرەی سەرەکی ڕووبەڕووین کە بە کورتی دەتوانین بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین:
دۆخی ئابووری

قەیرانی بژێوی و ژێرخانی ئابووریی ئێران کە پێش پێکدادانەکانیش لەژێر گوشارێکی تونددا بوو، لە دوای ئەو زیانانەی بەهۆی شەڕ و پەککەوتنی شاڕەگەکانی وزە و پەیوەندییەکانەوە پێی گەیشتووە، ڕووبەڕووی داڕمانێکی بێوێنە بووەتەوە. قووڵبوونەوەی هەژاری و هەڵاوسان شاڕەگی کۆمەڵگای تەنیوە؛ بەرزبوونەوەی ڕوو لە خێرایی نرخی کاڵا سەرەکییەکان و ناجێگیریی بەردەوامی نرخی دراو، هێزی کڕینی دانیشتووانی بە تەواوەتی دابەزاندووە. ژمارەی دانیشتووانی ژێر هێڵی هەژاری گەیشتووەتە ئاستێکی سەرسوڕهێنەر و باس لە ڕێژەیەکی ٢٦ ملیۆن کەسی دەکرێت. هێرش و پێکدادانەکان لە ناوچەکانی وەک کەنداوی فارس و گەرووی هورمز، زیانێکی زۆری بە هەناردەکردنی نەوت و کاڵا گەیاندووە و نرخی جیهانیی وزە دوای ئەم شەڕە تووشی ناجێگیری بووە.

دۆخی کۆمەڵایەتی و کەشی ناوخۆیی

بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە وەک یەکێک لە ژێرخانە ئابوورییەکان، سەدان هەزار هەلی کار لەناو چوون. ئەمڕۆ ئینتەرنێت لە دەستی دەسەڵاتدا بووەتە ئامرازێک بۆ جیاکاریی کۆمەڵایەتی و کۆنترۆڵی سیاسی. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە، بێبەشکردن و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگایە بە هەواڵ و زانیاریی دروست. دەسەڵاتدارانی ئێران هەرجارە و بەبیانووی بارودۆخی قەیراناوییەوە دەست دەکەن بە بڕینی پێوەندییەکان. ئەم دۆخە، ئینتەرنێتی لە ژێرخانێکی گشتییەوە گۆڕیوە بۆ ئامرازێکی هەمیشەیی بۆ کۆنترۆڵکردنی ژیانی دانیشتووانی کۆمەڵگا.
دەرهاویشتەی سنووردارکردنی ئینتەرنێت تەنیا ئابووری نییە؛ لە قۆناغەکانی ناڕەزایەتی و ئاڵۆزییە سیاسییەکاندا، بڕینی پێوەندییەکان ڕۆڵێکی گرنگی لە سەرکوتدا گێڕاوە. کاتێک دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت پەک دەخرێت، دەرفەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵ، وێنە و گێڕانەوە سەربەخۆکانیش لەناو دەچێت. لە وەها کەشێکدا، دەستبەسەرکردنەکان، توندوتیژییە سەرشەقامەکان و لەسێدارەدانەکان لە بێدەنگیی میدیاییدا ڕوو دەدەن و کۆمەڵگا لە دەستڕاگەیشتن بە زانیارییە سەربەخۆکان بێبەش دەکرێت. لە ساڵانی دواییدا، ئەزموونی ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکان نیشانی داوە کە هەر شەپۆلێکی نوێی سەرکوت، هاوکات بووە لەگەڵ بڕین یان سنووردارکردنی توندی ئینتەرنێت.

زاڵکردنی کەشوهەوای تۆقێنەر و سەرکوت و شەپۆلی دەستبەسەرکردن و کوشتنی بەندکراوان لە زیندان و گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا، بابەتێکی تازە نییە. لە سەرەتای دەسپێکی شەڕەوە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەڕین لە شارەکانی ئێران و بەتایبەتی لە کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکانی سوپای پاسدارانەوە بە بیانووی بێبنەما لەوانە: تەبلیغ دژبە نیزام، کۆبوونەوە و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکان و دەوڵەتانی ناوچەکە ئەنجام دراوە. ڕەشبگیریی بەڕین و لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی بەشێک لە ستراتیژی سەرکوتی بەڕینی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە بۆ زامنکردنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی. دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەدەر لە ماهییەتی سەرکوتگەرانە، دەرخەری ئەوەیە کە هێزە ئەمنییەکان لە چالاکیی کۆمەڵایەتی، لە خۆڕێکخستنی هاووڵاتییان، لاوان و چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و ئێران یەکجار دەترسێن. لە ڕابردووشدا، بەتایبەت لە قۆناغگەلێکدا کە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی لە ئاستی جیهان و ناوچەکەدا بەرەوڕووی شکست و بنبەست بووەتەوە، دەستی کردووە بە پەرەپێدانی زەبروزەنگ و بە هۆکاری بێبنەما و بەشێوەی بەڕین، هاووڵاتییانی دەستبەسەر کردووە.
گۆڕینی ستراتیژی سەربازی؛ لە «شەڕی سێبەر»ەوە بۆ «شەڕی ڕاستەوخۆ»

شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسرائیل و دواتریش ئەمریکا، وەرچەرخانێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی. ئەم شەڕە بە کردەوە بووە هۆی داڕشتنەوەی کایەی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گۆڕانکاریی قووڵی لە بیروباوەڕی سەربازیی ئێراندا دروست کرد. ئەم شەڕە ڕاستەوخۆیە چەندین ڕاستی نوێی سەپاند کە نیشانی دا ستراتیژی پێشووی ئێران (کە لەسەر بنەمای شەڕی وەکالەتدار و دوورەپەرێزی دامەزرابوو) چیتر بە تەنیا بەس نییە. بۆ ماوەی چەندین دەیە، ستراتیژی ئێران دوورکەوتنەوە بوو لە شەڕی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل. بەڵام دوای هێرشە ڕاستەوخۆکانی نێوانیان، ئەم هێڵە سوورە شکا و یاسای نوێی هێنایە کایەوە. ئێران ستراتیژیەتی خۆی گۆڕی بۆ وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ لە خاکی خۆیەوە بۆ ناو خاکی ئیسرائیل، لە کاتێکدا پێشتر لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە (وەک حیزبوڵا یان حوسییەکان) وەڵامی دەدایەوە. ئێران لە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە تێگەیشت کە گەورەترین خاڵی لاوازی، نەبوونی هێزی ئاسمانیی پێشکەوتوو و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی مۆدێرنە کە بتوانێت ڕووبەڕووی فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم ببێتەوە. بەڵام هیچکام لەم هەوڵانە نەیانتوانی یارمەتیی ئێران بدەن و لە هەموو مەیدانەکاندا ئەم ستراتیژییە نوێیە زەربەی قورسی لێکەوت.
سیاسەتی دەرەوە و دیپلۆماسی

بەستەڵەکی گەورەی نێوان ئەمریکا و ئێران، نە بە دانوستان دەتوێتەوە و نە بە بزەی دیپلۆماسی. دروستبوونی گرژی و توندبوونی لێدوانەکان و هەڵکشانی سەرلەنوێی ململانێکان، دانیشتنەکان یەک لەدوای یەک هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مەودای داخوازییەکانیان ئێجگار لە یەک دوورن. داڕشتنەوە و گۆڕینی بینای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک مەیلێکی سەرەکیی ئەمریکا و ئیسرائیل، شتێک نییە بە بزەی دیپلۆماسی چارەسەر بێت. ئەمریکا و هاوپەیمانانی، دەوڵەتانی سەرپێچ و ئاژاوەگێڕیان ناوێت. هەتا ئێرە ئێران باش لێی حاڵی بووە و دەشزانێت دەبێت ملکەچی ئەو خواستانە بێت کە ئەمریکا مەبەستیەتی.

جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کەنداو جدین و پەیامی ڕوونیان بۆ ئێران هەیە. داخستنی گەرووی هورمز جێگای پەسەند نییە و ڕێکنەکەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی کۆشکی سپی تووڕە کردووە و ترامپیش ئەوەی ناوێت. ئەمریکا دەیهەوێت بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە زووترین کاتدا ڕادەستی ئەمریکا بکرێت، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژ ڕابگرێت و دەست لە پشتگیریی گرووپە توندئاژۆکانی نەیاری ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە هەڵبگرێت. مەرجەکان و خواستەکانی ئەمریکا ڕوونن؛ ئەگەر ئێران ئەم خاڵانە جێبەجێ نەکات، لەوانەیە گەمارۆکان ڕوو لە زیادبوون بکەن و جارێکی تر هێرشەکان دەست پێ بکەنەوە.
لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی لەپێناو ڕزگارکردنی خۆیدا دانوستان دەکات، نەک بە مەبەستی ڕزگارکردنی خەڵک و کۆمەڵگای ئێران. ئەوان خوازیارن بە سەرئێشەیەکی کەمەوە ئەم قۆناغە بێ دەردەسەر و بە خەسارێکی کەمەوە تێپەڕێنن. پاشەکشەی ڕژێم بە مانای نۆشینی دووەمین «جامی ژەهر»ە لە مێژووی دەسەڵاتە ڕەشەکەیاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *