بزووتنەوەی کوردستان؛ لەنێوان ئاگری قەیران و ئیرادەی سەربەخۆدا….!

0

عەزیز ئاجیکەند

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، گۆڕانکارییە خێراکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، دووبارە ئەم پرسیارە گرنگەیان هێناوەتە پێشەوە: شوێن و ڕۆڵی بزووتنەوەی کوردستان لەنێو ئەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا چییە و چۆن دەتوانرێت پارێزگاری لە ڕۆڵی حیزبەکان بکرێت، بێ ئەوەی شوناسیان تەنیا لەناو قەیرانە ناوچەیی و جیهانییەکاندا کورت بکرێتەوە؟

ڕاستییەکە ئەوەیە کە هەر جۆرە داهاتوویەکی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر هەموو ناوچەکە و لەوانەش کوردستان دەبێت. ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریانخستووە کە کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی، زۆرجار یەکێک بوون لە یەکەمین فاکتەرەکان کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ڕاستەوخۆی ئەم قەیرانانەوە؛ چ لە ڕووی ئاسایش و ئەمنییەتەوە، چ لە ڕووی جێگۆڕکێی هێزەکان و فشارە سیاسییەکانەوە. لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەم مەترسییە هەیە کە هەمیشە پرسی کورد بخرێتە پەراوێزەوە و تەنیا لە چوارچێوەی کێبڕکێی هێزە ناوچەیی و جیهانییەکاندا باس بکرێت.

بەڵام ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە بزووتنەوەی کوردستان، لە بنەڕەتدا بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ، مێژوویی و خاوەن چوارچێوەیە و شوناسی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم بزووتنەوەیە نە بە دەستپێکی جەنگێک دروست بووە و نە بە کۆتاییهاتنی جەنگێک داواکارییە ڕەواکانی کپ و بێدەنگ دەکرێن. لێرەدا بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە گرێدانی بزووتنەوەیەکی مێژوویی و خەباتێکی نیشتمانی و ڕزگاریخواز بە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانەوە، دەبێتە هۆی قەتیسکردنی ڕۆڵ و ناسنامەی سیاسیی کورد و حیزبە کوردستانییەکان؛ ئەمەش هاوتەریب دەبێتە هۆی نانەوەی بێهیوایی و لاوازکردنی سەرمایەی مرۆیی ئەم حیزبانە. بزووتنەوەی کوردستان پشت بە بنەمایەکی سیاسی، حەقخوازانە، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و کولتووری دەبەستێت و داواکارییەکانی پێش ئەوەی لە چوارچێوەی قەیرانە کاتییەکاندا بن، لە جەوهەری شوناسی نەتەوەییەوە سەرچاوە دەگرن.

لە هەمان کاتدا، ئەم سەربەخۆییە بەو مانایە نییە کە پێویستمان بە ئامادەبوون و قۆستنەوەی دەرفەتەکان نییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان؛ بەپێچەوانەوە، بارودۆخی ئێستا ئەوە دەخوازێت کە حیزبە کوردییەکان لە گۆشەنیگایەکی واقیعبینانەوە، خۆیان بۆ سناریۆ جیاوازەکان ئامادە بکەن. ئەگەر ئێران و ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتنێک، ڕەنگە فشارە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و لەوانەش حیزبە کوردییەکان زیاد بکرێت؛ لەم دۆخەدا پێویست دەکات شێوازی کار و پەیوەندییەکان لە نێوان حیزبە کوردییەکان، کۆمەڵگە و جیهاندا دووبارە پێناسە بکرێنەوە.

لە لایەکی ترەوە، ئەگەر بارودۆخەکە بگاتە قۆناغی جەنگێکی فراوانتر، کوردستان دەتوانێت دووبارە ببێتە مەیدانێک بۆ بڕیاری تایبەت و بوێرانەتری هێزە سیاسییەکان. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی لاوازبوونی نەیار دەتوانێت دەرفەتی نوێ بخوڵقێنێت، لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتیی حیزبەکان بۆ دەرکردنی بڕیاری سەربەخۆ قورستر دەکات تا ڕێگری بکەن لەوەی ببنە تەنیا ئامرازێکی کاتیی زلهێزەکان.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا، پێویستە «سوژەی سیاسی»ی ئەم حیزبانە لەبەرچاو بگیرێت. حیزبە کوردییەکان نابێت تەنیا شوێنکەوتەی ڕووداوەکان بن و چاوەڕێی دەرفەتێک بن کە لە ئەنجامی قەیرانە دەرەکییەکانەوە بێت، بەڵکوو پێویستە خۆیان وەک کارەکتەری سەرەکی و چالاک ببینن کە دەتوانن کاریگەرییان هەبێت و ڕێگای خۆیان دیاری بکەن.

لەنێو ئەم هەلومەرجەدا، پێویستی بە یەکگرتوویی و هاوکاریی زیاتر لە نێوان حیزبە کوردییەکاندا زۆرتر لە هەر کاتێک هەستی پێ دەکرێت. دابەشبوون و ناکۆکی، هەڵوێست و تواناکانیان لاواز دەکات؛ لە بەرامبەردا دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ ڕاوێژ، بڕیاردان و کرداری یەکگرتوو، دەتوانێت توانای سیاسیی حیزبەکان بەرز بکاتەوە. بەڵام ئەم هاوکارییە نابێت تەنیا لە ئاستی وتار و ڕاگەیاندندا بمێنێتەوە، بگرە پێویستە ستراتیژییەکی هاوبەش دابڕێژرێت کە تێیدا هەموو سناریۆکانی داهاتوو، لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانەوە تا هەڵگیرسانی دووبارەی شەڕ، بە وردی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت و وەڵامی ڕوون و تاکتیکیی تایبەتیان بۆ دیاری بکرێت.

لە کۆتاییدا، پێویستە سەرنجمان تەنیا لەسەر قەیرانە کاتییەکان نەبێت. جەنگ یان ئاشتیی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل گرنگە، بەڵام تەنیا یەک فاکتەری کاریگەرە. ئەگەر بزووتنەوەی کوردستان خۆی تەنیا بەم ململانێیەوە گرێ بدات، بەشێکی گرنگ لە سەربەخۆیی خۆی لەدەست دەدات. بۆیە بزووتنەوەی کوردستان پێویستی بە دوو ئامانجی چارەنووسسازە: درککردن و خوێندنەوەی ڕاستەقینەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئامادەبوون بۆ کاردانەوەی دەستبەجێ، لە هەمان کاتدا پاراستن و بەهێزکردنی سەربەخۆیی سیاسی و گوتاری کوردانە.

تەنیا بەو شێوەیە دەتوانرێت لەناو قەیرانەکاندا هەل دروست بکرێت و داهاتوو بە دەستی خۆمان بنووسرێت، نەک بە ویستی ئەوانی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *