تەپڵەکانی جەنگ و پاشەکشەی تاران؛ کورد لە کوێی ئەم هاوکێشەیەدایە؟

0

وەنەوشە سەقز
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵدایە کە ڕەنگە نەخشەی سیاسیی ناوچەکە بۆ چەندین دەیەی داهاتوو دیاری بکات. ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی تره‌مپ، چیتر تەنها بە گەمارۆی ئابووری واز لە ئێران ناهێنێت، بەڵکوو هێزی سەربازیی وەک ئامرازێکی گوشار هێناوەتە ناو کایەکەوە. جێگیرکردنی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان و چڕکردنەوەی هێز لە دەریای عومان، پەیامێکی ڕوونە: “کۆتایی سەردەمی یارییە سێبەرەکان هاتووە”.
ئێران ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هەست بە مەترسیی ڕووخان دەکات. ئەم مەترسییە تەنها لە دەرەوە نییە، بەڵکوو ناوخۆی وڵاتەکە بەهۆی داڕمانی ئابووری و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان وەک بورکانێکی ئامادە بۆ تەقینەوەیە. ڕژێم بۆ شاردنەوەی ئەم لرزینە ناوخۆییە، پەنای بۆ توندوتیژیی بێوێنە بردووە؛ لە سێدارەدانەکان زیادیان کردووە و گوشارەکان بۆ سەر زیندانیانی سیاسی، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار.

لەم نێوەندەدا، پرسی کورد جارێکی تر کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ساتوسەودای زلهێزەکان. لە لایەکەوە ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتی ئێران پێویستی بە هاوپەیمانیی ناوچەیی هەیە، کە ئەمەش زۆرجار بە نرخی باجدان بە تورکیە تەواو دەبێت. هێرشەکانی ئەم دواییەی گرووپە توندڕەوەکان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، نیشانەیەکی مەترسیداری ئەوەن کە بەرژەوەندییەکانی کورد جارێکی تر دەکرێنە قوربانیی “هاوسەنگیی هێز” لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕژێم بە کێشانی دیواری سنووری و بە ئەمنیترکردنی شارەکان، دەیەوێت پەیوەندیی نێوان پارچەکان بپچڕێنێت. بەڵام مانگرتنە گشتییەکان و یەکدەنگیی خەڵک نیشانی دا کە دیوارەکان ناتوانن ڕێگری لە ئیرادەی نەتەوەیی بگرن. دۆخی ئێستای ئێران دەرفەتێکی مێژووییە بۆ بزووتنەوەی کوردی، بە مەرجێک بتوانێت لە ڕێگەی یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان و ڕێکخستنی ناوخۆیی، خۆی وەک ئەکتەرێکی سەرەکی لە “ئێرانی دوای ڕژێم” بسەلمێنێت.

کوردستان لە نێوان چەندین گەردەلوولی جیاوازدایە؛ لە لایەکەوە هەڕەشەی گرووپە توندڕەوەکان لە ڕۆژئاوا، لە لایەکی ترەوە بیانووەکانی دەوڵەتی ناوەند لە باشوور و سەرکوتی خوێناوی لە ڕۆژهەڵات. تەنها ڕێگەی دەربازبوون لەم قۆناغە، تێپەڕاندنی بەرژەوەندییە حیزبییە تەسکەکانە بەرەو خەباتێکی نەتەوەیی یەکگرتوو. ئەگەر کورد لەم قۆناغەدا نەبێتە خاوەن بڕیاری خۆی، مەترسیی ئەوە هەیە لە نەخشە نوێیەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جارێکی تر بکرێتەوە بە قوربانیی بەرژەوەندییەکانی تاران و ئەنقەرە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *