09/11/2026

سێبەری مەترسییە شاراوەکان لەسەر ڕۆژهەڵات

0
762ed614-1350-4b34-9bca-a3c15e6bf416-696x382

جەمیل سەرمەستی

هەر گەل و نەتەوەیەک لەم سەردەمەدا کە جوگرافیایەکی تایبەت و دیاری بۆ خۆی نەبێ و خاوەن دەسەڵات و هێز نەبێ و بە گشتیی بێبەش لە سەروەریی سیاسی بێ، لە هیچ بازنەیەکی سیاسیی ئەوتۆدا کە مافەکانی دیاری بکرێ جێگەی نابێتەوە؛ ئەگەریش جاروبار ئاورێکی لێ بدرێتەوە، وەکوو بەزەیی یان مافێکی ئینسانی (نەک سیاسی) و بۆ بەکارهێنانی کاتیی گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتی لە لایەن هێز یان دەسەڵاتێکی خاوەن سەروەرییەوە بۆی دەڕوانن.

ئێمەی کورد خەڵکی وڵاتێکین بە ناوی کوردستان؛ جوگرافیایەکی تایبەت، فەرهەنگ، مێژوو، زمان و کەلتوورێکی هاوبەش و تایبەت بە خۆمان هەەیە، کە بەداخەوە ئەگەر زۆر پوخت و بەبێ گەڕانەوە بۆ هۆکار و چۆنیەتیی کارەساتەکە بۆی بڕوانین، لە لایەن داگیرکەرانەوە بەش‌بەش کراوە و هەموو کەس بێجگە لە خۆمان دەسەڵاتداری وڵاتەکەمانە. سروشتیشە کە ئێمەش وەکوو کورد بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی داگیرکەران بووینەتەوە و لەو پێناوەشدا قوربانیی زۆرمان داوە، دەسکەوتمان هەبووە و زۆر شتیشمان لە دەست داوە.

جیا لە شەڕی چەکداری و بەرەنگاربوونەوەی جەستەیی کە بەشە دیارەکەیەتی، جۆرێک شەڕی سارد، نادیار و شاراوەش لە نێوان دوو بەرەی شەڕدا دێتە ئاراوە کە لە زۆر کاتدا درێژخایەن و بەرنامەبۆداڕێژراوە و وشیارییەکی یەکجار زۆری دەوێ تا پیلانە شاراوەکان بەرپەرچ بدرێنەوە.زۆر ناگەڕێینە دواوە و لە کۆماری ئیسلامییەوە دەست پێ دەکەین؛ بەتایبەت دوای قۆناغی شەڕی چەکداریی چڕوپڕ کە پێشمەرگە تا ڕاددەیەکی زۆر لە خەڵک و خاکەکەی دابڕا و دەستی دوژمن بۆ داڕشتنی پیلانەکانی ئاوەڵاتر بوو و بە هەموو شێوەیەک هێرشی کردە سەر خاک و خەڵکی کوردستان. سەرەڕای ڕاگرتنی چالاکیی پێشمەرگانە و چەکداری لە لایەن کوردەوە، بەڵام ڕق و قینی دەسەڵاتدارانی تاران لە هەمبەر کورد و کوردستان زۆر لەوە زیاتر بوو کە دەستبەرداری پیلانی دوژمنکارانەیان بن؛ هەربۆیە بێجگە لە سێدارە، ئەشکەنجە و زیندانیی تاک و کۆمەڵی ئەو خەڵکە، لە ڕێگەی نەرم و بەخشپەوە بەرنامەیان بۆ داڕمانی کۆمەڵگەی کوردستان و تاکی کورد داڕشت و هەموو ئەو دەسەڵاتەیان بۆ لێدانی بیر، هزر و جەستەی کۆمەڵگەی کوردستان و تەنانەت ژینگەی کوردستان بە کار هێناوە و بە خێراییەکی تەواویشەوە بەردەوامن لە تواندنەوەی هەرچییەک کە کورد و کوردستان لە داهاتوودا بۆ پێشکەوتن، ژیان و تەنانەت بۆ بژیوی ژیانیش پێویستیەتی.

هەر لە پەرەپێدان و هێنانی ماددەی هۆشبەر بۆ کوردستان و بنبڕکردنی توانایی و وزەی لاوانی کوردەوە بگرە، تا هەوڵی تواندنەوەی زمان، فەرهەنگ و کەلەپوورمان، تا دزینی ئاسەوارە کۆن و مێژووییەکانی ئەم گەلە، تا دەگاتە تێکدانی ژینگە و ئاگرتێبەردانی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان و لێکەوتەی ڕۆچوونی زەوی و زۆربوونی لافاو و خەسارەکانی، و لێدانی دەیان بەنداو و وشککردنی ڕووبار و چۆمەکان (کە کاریگەریی یەکجار خراپی لەسەر ژیانی خەڵک و ژینگەی کوردستان داناوە)، و دزینی سەرمایەی سەرەکیی کوردستان واتە ئاو و گواستنەوەی بۆ شارەکانی دیکە؛ هەروەها بە خێراییەکی یەکجار زۆریشەوە خەریکی دزین و دەرهێنانی کانزاکانی ژێرزەویی ئەم نیشتمانەن و قامکیان لەسەر فاکتەرگەلی سەرەکیی کوردستان داناوە کە سەرمایەگەلی سەرەکیی ئەم نەتەوە و نیشتمانەن.

هەوڵ و پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامی و بێدەنگی و ناچالاکبوونی بزووتنەوەی کورد بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەڕوا؛ کە لەوانەیە ئەگەر ئێمە وابێدەنگ بین و بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامیش خێراتر لە جاران خەریکی تاڵانی جەستە و گیانی کوردستانە، شتێکی وامان بە ناوی کوردستان بۆ نەمێنێ کە بۆی شەڕ بکەین. لێرەدا چیرۆکێکم وەبیر دێتەوە کە دەڵێن: دزێک خەریکی بڕینەوەی قوفڵی دووکانێک دەبێ و خەریکە بە مشار دەیبڕێتەوە، کابرایەکی ڕێبووار دەگاتە سەری و پرسیاری لێ دەکا: «مامە گیان، خەریکی چیت؟» کابرای دز لە وەڵامدا دەڵێ: «خەریکی لێدانی سازم.» ڕێبووار لێ دەپرسێ: «ئەی بۆ دەنگی نایە؟» دز دەڵێ: «سبەی دەنگی دەردێ، پەلە مەکە.» ئێستا ئێمەش وابزانم نامانەوێ پەلەی لێ بکەین و دەبێ چاوەڕوانی دەنگی بێدەنگیی داڕمانی ژینگە و ژیانی کوردستان و دەروونی خەڵکەکەمان بین، و کاتێک وەخۆمان کەوین کە ڕەنگە دیر بێ.

لە ڕاستیدا هەرکام لەم خەسارگەلە کتێبێک و سەدان بابەتی پێویستە کە بە وردی شی بکرێتەوە کە چ مەترسیگەلێکی شاراوە بەرۆکی پێ گرتووین و ئێمەی کوردیش هەر بە پێوانەکەی جاران دەیپێوین و زۆرجار دەڵێن شەڕ ماڵوێرانی دێنێ. گەلۆ خەسارناسییەکی ئاسایی دەریناخا ئاخۆ شەڕەکە ماڵوێرانترە یان بێدەنگییەکە؟…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *