مانفیستی ئێمە هەنگاونان بۆ پێشەوەیە…
ع.ئاجیکەند
٤٧ ساڵ لەمەوبەرەوە و لە وەها ڕۆژانێکدا سێ رەوتی جیاواز لە باری فیکری و سیاسییەوە، بە هیوای دەستەبەرکردنی ئازادیی و بەهرەمەندبوون لە ژیانێکی باشتر و ئینسانیی، شۆڕشێکیان لە ناو قوڵایی دڵی کۆمەڵگای ئێراندا هەڵگیرساند کە سەرەنجامەکەی بوو بە روخانی رژیمی پاشایەتی. ڕووخانی دەسەڵاتی شا و ڕێژیمی پەهلەوی، یەکێک لە گرینگترین گۆڕانکارییەکانی سەدەی بیستەم بوو کە سیمای سیاسیی ئێران و گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە بە ئامانجی ڕاستەقینەی خۆی واتە ئازادی و ڕزگاری نەگەیشت و ئاواتی جەماوەری ڕاپەڕیو سەرەنجام کەوتە بەندی تاریکستانێکی خۆفناکەوە، بەڵام ئەم ڕووداوە گرینگە پێویستییەکی مێژوویی بوو کە هەروەک بەردی تواوەی گڕکان لە قووڵایی کۆمەڵگاوە هەڵچووبوو. جەماوەری خرۆشاو لەسەر شەقامەکان بۆ ڕزگاری لە دیکتاتۆریی ڕژیمی شاو تاوان وجینایەتی ساواک و بۆ نان و ئازادی دەستیان دایە ڕاپەڕین و یەکدەنگ هاتنە سەر شەقام و بە دروشمی نا بۆ دەسەڵاتی شا، شۆڕشێکی بێ وێنەیان رێکخست و کۆتاییان بە پەنجا و حەوت ساڵ ستەم و سەرەڕۆیی بنەماڵەی پەهلەوی هێناو دەفتەری بنەماڵەی پەهلەویان بۆ هەمیشە لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی داخست. ئەم شۆڕشە نیشانی دا کە شا “سێبەری خودا” نییە و دەتواندرێ بیڕوخێنی. لە شۆڕشی ڕێبەنداندا خەڵک بە دروشمی “مەرگ بۆ شا” لەسەر بنەمای ئەوەی کە نەیانویست، هاتنە مەیدان، نەک ئەوەی کە دەیانەویست. کەواتە مەحاڵە ئەم رۆژانە بگەرێنەوە.
ئەم ڕۆژانە لەگەڵ سەرهەڵدانی دووبارەی ناڕەزایەتییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ڕەوتەکانی لایەنگری دەسەڵاتی پاشایەتی و کۆنەپەرستان بەردەوام هەوڵ دەدەن بە بیانوی جۆراوجۆر شۆڕشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بە ناڕەوا پێناسە بکەن و جەماوەری کرێکار و ستەملێکراوی ئێران بەخاتری ڕووخاندنی ڕژیمی پاشایەتی سەرکۆنە دەکەن و دەڵێن خەڵک نەدەبوایە ئەو شۆرشە بکەن چۆن بە بڕوای ئەوان ئێرانی سەردەمی ئەوان باشتر بوو. ئەگەرچی ئەم شۆڕشە سەرەنجام لەگەڵ شکست و زەوتکرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی بەرەوڕوو بۆوە و کۆمەڵگای ئێران دووبارە بۆوە بە زیندانێکی گەورە بۆ ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان، بەڵام هیچ کام لەم هۆکارانە ناتوانن ڕەوابوون و پێویستیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم شۆڕشە کەمڕەنگ و لە گرینگیی مێژوویی کەم بکەنەوە. شۆڕشی ڕێبەندان لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، ئاکامی ڕاستەوخۆی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە بوو بۆ گۆڕانی بنەرەتی. لە راستیدا ئەم شۆرشە تێپەر بوون لە نیزام و دەسەڵاتی پاشایەتی بوو.
کۆمەڵگای ئێران لە هەموو ئاستەکانیدا، تینووی ئازادی و ڕزگاری لە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی شا بوو. هەربۆیە مانگرتنی کرێکاری و بەرینایی شەپۆلەکانی شۆڕش لە کۆمەڵگای ئێراندا ئەوەندە بەرین و پڕخرۆش بوون کە ڕێژیمی شا نەیدەتوانی کۆنتڕۆڵ و سەرکوتیان بکات. سەرەنجام ئەم گۆڕانکارییانە بوو بەهۆی ڕووخانی نیزامی پاشایەتیی. كۆمهڵگای ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی لهئێستادا تینووی شۆڕشێكی دیكهیه. شۆڕشێك كه ئهمجارهیان كۆنتڕۆڵ نهكراو بێت. پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاگری تووڕهییهكی پەنگخواردوو كه ههر دهم گۆشهیهكی بڵێسه دهستێنێت، نیشانهی ئاڵوگۆڕێكی مێژووییه كه بهڕێوهیهو ئەم ئاڵووگۆرەش جێگایەکی بۆ دەسەڵاتی شاو شاپەرەستان نیە. شۆڕشی ئێستا مزگێنیدهری ڕزگاریی مرۆڤە لە چهوسانهوه و ستهم و نایەکسانی.
