ئاوڕێکی دەروونناسانە بۆ چەمکی توندوتیژی خێزانی

0
سۆران محەمەدی

ئەگەر بمانەوێ بە شێوەیەکی ڕێژەیی چاو لە ئەگەرەکانی روودانی توندوتیژی خیزان بکەین و سەرنج بەم چەشنە هەواڵانە بدەین، زیاتر لەو شوێنانە ڕووئەدەن کە نادادپەروەری هەیە، لە شوێنگەلێک ڕووئەدەن کە نایەکسانی هەن و یاسایەکی پتەو بۆ پاڵپشتی ژنان وجوودی نییە، هەڵبەت ڕەنگە بەمانەدا بیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکەینەوە، بیری کوردستانی خۆمان بکەوینەوە و ئەتوانین بە شێوەیەکی خێرا هۆکارەگەلی وەکوو مێژووی درێژماوەی پیاومەزنی و نەریت و ئایین و کەلتوور وەکوو سەبەبکاری مانەوەی ئەم دیارە ناحەزە ناو ببەین.

بەڵام شتەی کە من ئەمەوێ باسی بکەم ئەم پرسەیە کە بۆ وەختێ خێزانێک بۆ نموونە لەو کوردانەی کە کۆچ ئەکەن بۆ وڵاتێکی تری جیهان یەکەمی و رۆژئاوایی، مەبەست ئەو شوێنانەی کە یەکسانی و دادپەروەری خێزانیی وەک یاسا پەسەند کراوە و جگە لەمەش چووەتە ناخی کۆمەڵگەی ئەوێوە، کەچی هێشتا دەبینین دیسان لەوێیش هەر ئەو ڕەوتی توندوتیژییە زاڵە، هەر لەو بنەماڵەدا کە کۆچیان کردووە دیسان ئەم ناحەقییە بەرانبەری ژن هەر هەیە، ئەبینین بۆ وێنە پیاوەکە خوێندنی زانکۆ و تەنانەت خوێندنیی باڵایشی تەواو دەکا بەڵام ژنەکەی لە ماڵەوەیە و حەقی خوێندنی پێ نادرێت، پیاوەکە لە دەرەوە پێوەندیەکی بەرفرە و کراوەی هەیە دیسان ژنەکەی وەک کۆیلەیەک لە ماڵەوەیە و مافی هیچ شتێکی نییە، پیاوەکە زۆر شوێن دەڕوات و سەفەر دەکات، ژنەکە هەر لە ماڵەوەیە؛ دەمەوێ بڵێم دۆخەکە هەر دۆخەکەی کوردستانە و بەس شوێنەکەی گۆڕاوە، ڕەوشەکە بۆ ژنان هەر ڕەوشێکی نایەکسانە و زۆر جار بەرەوڕووی توندتیژیش دەبنەوە.

کەوابێ گەر بمانەوێ هۆکارەکانی توندوتیژی خیزان بەرتەسک بکەینەوە بەس بۆ کۆمەڵگا و چوارچێوەیەکی دژەژن، ئەوا هەموو بابەتەکەمان نەپێکاوە.

لێرەدا دەبێ کەوانەیەک بکەمەوە و بڵێم کە بێ گومان حکومەت و رژیم و یاسا و کۆمەڵگای سەرکوتکار و ستەمکار سەرەکیترین  و بەرچاوترین هۆکارەکانی توندوتیژی خێزانن، لێ پرسیاری من ئەوەیە کە چۆنە کاتێ کە لەو دۆخە نالەبار و ناعەداڵەتبارە دوورن و زۆر یاسای پاڵپشتیکاری ژنان هەن، دیسان پێواژۆی توند وتیژی هەر بەردەوامە؟

لێرە دەمەوێ ئاوڕێکی دەروونناسانە لەمە بدەمەوە؛ پێم وابێ وڵامی ئەم پرسیارە ئەگەرێتەوە بۆ نەست و نابەئاگای بەکۆمەڵی کەسەکان، هەڵبەت مەبەستم نەستی کەسایەتی لە هەردوو ڕەگەزە، ئەگەر بە شێوەی یۆنگی لێی بڕوانین دیارە بە پێی هەزاران ساڵ مێژووی ڕەوتی پیاومەزنی نەستی بە کۆمەڵ وەک چۆمێک کە وردە وردە بەردەکانی ساف و لووس ئەکا، لە جیل بە جیلی ئێمەشدا  نۆڕم و بەها و باوەڕەکان لە مێشکی ژن و پیاودا وەها ڕۆنیشتوون کە خودی کەسەکان نازانن ئەو ڕەفتارەی کە ئەیکەن دەرەنجامی هەمان پێکهاتەی دەسەڵاتە و بووەتە سەرباشقەیەکی فێرکراو کە نەسڵ بە نەسڵ گوازراوەتەوە. جا ئەمە لە پیاواندا داب و نەریت و ئایین و یاسا پەرەی زیاتری پێداوە و ئەم مەیلەو سەروەرییە لە مێشکیاندا بنەجێه بووە و ڕەنگدانەوەی لە رەفتار و ئاکار و تەنانەت ئەدەبیات و فۆلکلۆری کوردیدا دەبینین.

بۆ نموونە لە ئاهەنگ و گۆرانی کاتی بووک گواستنەوە؛ دەڵێن:

زاوا لە بووکێ مەدە تۆخودا لە بوکێ مەدە

ئەگەر لە بووکێ بدەی تێکدەچێ دەسرە و شەدە 

یانی خەمی تێکچوونی دەسرە و شەدەکە زیاترە تا خەمی لێدانی خودی بووک!

یان لە چێرۆکی فۆلکلۆری مریشکە قوڵە کە بۆ منداڵان دەوترا:

تەق تەقی کەوشان بۆنی وەنەوشان. چارۆکە پیوازێ بە غەمزە و نازێ بۆ کوێ ئەچی؟

مریشکە قوڵە دەیوت: دەچمە شار بۆ شوو کردن!

شوان/گاوان دەیوت شوو بە من ناکەی؟ مریشکەقوڵە دەیوت: بە چی بەخێوم ئەکەی؟ بە نانی شوانی، جا سەرنج بەم پرسیارەی دووهەم بدەن سەیرترە، مریشکە قوڵە دەڵێ: بە چی لێم دەدەی؟  وڵام: بەم گۆپاڵە…! یانی مەرجی شووکردن خواردنە جا نان بێ یان گۆپاڵ. یانی لێدانی ژن بە شتێکی باو هاتوەتە بەرچاو. ئەمە و دەیان نموونەی لەو چەشنە بۆ سەدان ساڵە چووەتە ناخ و نەستی بە کۆمەڵی ئێمە و نابەئاگایانە لێدانەکە وەک شتێکی ئاسایی و بنەنیشتە دەچێتە مێشکی منداڵەوە.

بەم بۆنەوە پیاو ئەو حەقە بۆ خۆی دەبینێ تەنانەت گەر شوێنەکەش و کۆمەڵگاکەش گۆڕابێ، دیسان ئەو مافە ناڕەوایە لە ناخی خۆیدا دەبینێتەوە. لە ژنانیشدا هەر بەو چەشنە کە کاتێ تاریفی ژنێک دەکرێ دەڵێن زۆر گوێڕایەڵە (واتە ملکەچی مێردە) و زۆر لە خۆ بوردەیە و تەمکین ئەکا، ئەو پیاومەزنییە بە حەقی پیاو دەزانێ.

ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین یارمەتی ئەم کەسانە بدەین ئەبی هەوڵ بدەین بۆ گۆڕین و بەهێزکردنی بیر و هزری کەسەکان، دەبێ ژن بەوە بگات کە مانای ژن بوون بە وتەی دۆبووار ڕەگەزی دووهەم نییە و یان ئەو شتانەی کە ئاکامی فێرکاری، پەروەردە، گوشار و گرێبەستە کۆمەڵایەتیەکان هێناویەتی بەسەریدا.

دیسان ئاماژە بەوە دەکەمەوە ئەم قسانەی من  سەبارت بە تاک، بەس تێبینییەکی دەروونناسانەیە و ئەمە هیچ لە تاوانی کۆمەڵگە و حکوومەت و یاسا و نەریت و ئایین کەم ناکاتەوە، بەڵام وەک چۆن کۆمەڵگا خەریکی پێشڤەچوون و گەشەی فەرهەنگییە و لە خۆیشیا کەلتوورسازی چەمکێکی کات بەر و درێژمەودایە، کەوابێ قورسایی روودانی توندوتیژییەکە بەس ناخرێتە سەر ئەستۆی خودی ژن و بە چەشنێ کە بڵێین تۆ ئەگەر گەشە بە خۆت بدەی و سەربەخۆ بیت و بڕوابەخوت بێ ئیتر کێشەی توندوتیژی چارەسەر دەبێ ، ناااا،. کورد گوتەنی یەک دەس بە تەنیا تەقەی نایەت! بەڵام لە پێواژۆی گۆڕین و سڕینەوەی ئەم دیاردە، گەشەی تاکەکەسیش زۆر کاریگەرە، کاتێ کە لە حاڵی حازردا ناتوانین حکوومەت و یاسا و نەریت بگۆرین لانیکەم با خۆمان و هزری خۆمان بەهێز بکەین. بۆیە فێرکاری کارامەییەکانی ژیان ئەتوانێ یارمەتیدەرێکی زۆر باشی ئێمە بێت. کارامەیی ژیان ئەو توانستانەن کە دەبنە هۆکاری گەشەی تەندروستی دەروونی و زەنگینی پێوەندیی مرۆڤایەتی و رەفتاری تەندرووست لە بەستێنی کۆمەڵگەدا.

کە وەک میناک ئەتوانین ئاماژە بە چەن جۆر کارامەیی ژیان بکەین وەکوو؛ کارامەیی بڕیاردان، کارامەیی چارەسەکردنی کێشە، کارامەیی بیری داهێنەرانە، کارامەیی بیری ڕەخنەگرانە، کارامەیی هاوسۆزی، کارامەیی پێوەندی کاریگەر و کارامەیی بەڕێوەبەری کەلەجان. بەڵام ئەو کارامەیی و مەهارەتەی کە لێرە ئەمەوێ زۆر بە کورتی باسی بکەم، کارامەیی پێوەندی کاریگەرە و چەمکی بە بڕشت بوون(Assertiveness)  کە بە فارسی (ابراز وجود)ی پێ ئەڵێن، بەو مانایە کە مرۆڤ بتوانێ:

دەربڕینی بیر، هەست، پێداویستی و مافەکانی خۆی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ، ڕوون و ڕێزدار، بەبێ ئەوەی مافی کەسانی تر پێشێل بکەیت یان دەستدرێژی بکاتە سەریان به کار بێنێ. یانی کەسەکە نە لاوازە: “باشە، هەرچی بڵێی…” (بەبێ ئەوەی بیرۆکەی خۆت بڵێیت) نە توندە: “ئەبێ ئەوە بکرێ کە من ئەمەوێ!” (بێ گوێدانە کەسانی تر) بەڵکوو بەبڕشتە: “من پێموایە ئەم ڕێگایە باشترە، ئەی بۆچوونی تۆ چییە؟” (ڕێز لە هەردوو لایەن). لەم کارامەیی و مەهارەتە، نە مافی کەسی بەرانبەر پێشێل دەکرێ و نە  رێگە دەدەی کەس مافی تۆ بخوات. نە بێڕێزی بە کەس دەکەی و نە دەهێڵی کەسی تر بێڕێزیت پێ بکات، بۆیە کە باسی کۆنترۆڵی تووڕەیی ئەکرێ، بەو مانا نییە کە هەستیی تووڕەیی هەر بسڕدرێتەوە، بەڵکوو دەبێ وەک هەستەکانی دیکە بەڕێوەبەرایەتیی بکرێت، چون ئێمە مافی خۆمانە تووڕە بین و لە مافی خۆمان پێداگری بکەین، مامۆستا هێمن ئەمەی ناو ناوە ڕقی پیرۆز:

دەمگرێ، ئەمما لە گرتووخانە ڕق ئەستوورترم

لێم دەدا، ئەمما لەسەر داوا ڕەواکەم سوورترم

دەمکوژێ، ئەمما بەگژ جەللادەکەمدا دێمەوە

کوردم و ناتوێمەوە، ناتوێمەوە، ناتوێمەوە

ئێمە بە بەهێزکردنی ئەم کارامەییە ئەتوانین لە پێوەندییە مرۆڤایەتیەکان و بە تایبەت ناو خێزان کەڵکی لێوەربگرین و پێوەندییەکی تەندروست و بە پێی یەکسانی و دادپەروەری بگرینە بەر. یەک لەو شتانەی کە لە کارامەیی بەبڕشت بوونی ئێمەدا کاریگەرە، هێزی نا وتنە. ئێمە ئەگەر کارامەیی نا وتنی خۆمان بەهێز بکەین راستەوخۆ بەبڕشت بوونی خۆمان بەهێز ئەکەین. ئەریکسۆن قۆناغی دووهەمی گەشەی منداڵی ناو ناوە: “سەربەخۆیی بەرانبەری شەرم و دڕدۆنگی”. لەم تەمەنەی منداڵیدا کۆرپە تازە سەر پێ کەوتووە و خۆی ئەتوانێ ناو ماڵ بگەڕێ و فێر ئەبێ خۆی شتەکان هەڵبژێرێت و منی منداڵەکەیە ناوەندی بڕیاردانە، بەو مانای کە دەڵێ: من ئەمەوێ ئەم کارە بکەم، من نامەوێ، تەماشای من بکەن، دێتە بەردەم تەلەویزیۆن واتە من گرینگم من ببینن، گڵۆپ هەڵئەکا و ئەکوژێنێتەوە و… هەست بە سەربەخۆیی دەکا، بەڵام کاتێ ئێمە دەنگی ئەدەین و تەمبێی ئەکەین، تووشی شەرم دەبێ و گومان لە سەربەخۆیی خۆی دەکا، بۆیە ئەریکسۆن ئەم قۆناغەی ناو ناوە: سەربەخۆیی بەرانبەری شەرم و دڕدۆنگی، ئەمە هەر ئەو کاتەیە کە (نا)ی راستەقینە لە زمانی منداڵ دێتە دەرەوە، ئەگەر دایک و باوک یان چاودێر ڕێز لە هەڵبژاردنی بگرن فێر دەبێ کە مافی هەڵبژاردن و سنووری تاکیی خۆی هەیە، بەڵام ئەگەر دایک و باوک یان چاودێر لە پەستا سەرکۆنەی بکەن و ناچاری بکەن، (چۆن ماچ نادەی بە خاڵۆت، چۆن ناچیتە باوەشی مامەت؟ چۆن ئەمە ناکەی؟ چۆن ئەوە ناکەی؟) ئیتر منداڵ “نا” کانی دەڕەوێتەوە و… تووشی هەست بە گوناح و گومان لە بڕیاردانی خۆی دەبێت و ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە لە کاتی باڵغ بوون و خۆیا بوونی شوناسیدا، لە نەستیا بیچم بگرێ و بۆ هەر نا وتنێک هەست بە گوناح و ترس بکات.

 لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە کارامەیی “نا” وتن و کارامەیی بەبڕشت بوون دوو کارامەیی گرینگن بۆ پێوەندی، بەتایبەت بۆ پێوەندی نێو خێزان و وەکوو قەڵغانێک بەرەنگاری دەکەن بەرانبەری توندوتیژی خیزان و بە نەبوونی ئەم کارامەییانە تەنانەت ئەگەر شوێنەکەش پشتیوانی ژنان بێ، دیسان هەر دەچەوسێنەوە و ناتوانن هەبوونی خۆیان بسەلمێنن. 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *