ساڵی نوێ و گرفتی نوێ بۆ کرێنشینان

✍کاوان موکری

هاتنی ساڵی تازە، هەموو کات مزگێنیدەری خۆشی و شادی بۆ خەڵکی کوردستان بووە، بەڵام ئەوساڵ، نەورۆز بزەی شادی نەخستە سەر لێوی هەژاران و کرێنشینانی ڕۆژهەڵات.

لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دوای وەستانی بازاڕی دولار، خانوو و بەرە و … نرخی کرێی خانوو لە هەموو شارەکانی کوردستان بە شێوەیێکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، کە ئەو مەسەلە گرفتێکی زۆری بۆ کرێنشینان، کە زۆرینەیان لە هەژارانی کۆمەڵگان ساز کردووە. بە گەشتێک لە نێو شاردا و پرسیار لە بونگاکانی ماڵ و مەسکەن نرخی کرێی خانوو لە سەدا ۱۰۰ هەتا ۴۰۰ بەرز بۆتەوە. ئەو بەرز بوونەوەی نرخە، ناڕەزایەتیێکی زۆری لە نێو هەموو خەڵکی هەژاردا ساز کردووە و بووەتە هۆی سەر لێشێوانێکی زۆری کرێنشینان لە دوایین ڕۆژانی ساڵدا. زۆرینەی کرێنشینەکان لەبەر ئەوەی توانای مانەوە لە ماڵە پێشوەکانی خۆیانیان نەماوە، بونگا بە بونگا لە ماڵی هەرزانتر دەگەڕێن. هاوکات ئەو داواکاری زۆری ماڵ لە لایەن هەژارانەو، بووەتە هۆی بەرز بوونەوەی نرخی کرێ خانووی قەراغ شار و دێهاتەکانی نیزیک شارەکانیش.

بەڵام هۆکاری ئەو بەرز بوونەوەی نرخە چییە و لە داهاتوودا چ لە کۆمەڵگا دەکات؟

لە وەرزی پاییزدا زۆر لە سەرمایەداران و خاوەن خانووەکان بە خەیالی دووپات بوونەوەی سەرۆک کۆماری تڕامپ، دەستیان کرد بە کڕینی دولار، خانووبەرە، سەهامی بوورس و … بەڵام لە دوای هاتنە سەر کاری جۆ بایدێن سەرۆکی نوێی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بەرزبوونەوەی نرخی هەموو بازاڕەکان ڕاوەستا و تەنانەت پاشەکشەشی کرد. ئەو مەسەلە بوو بەهۆی زیانی زۆری بە تایبەت دەوڵەمەندان و سەرمایەدارانی وڵات. ئێستاش کە زۆرتری ئەو سەرمایەدارانە توانای فرۆشی کاڵا و سەرمایەکانی خۆیان نییە بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیانەکان و قەرزەکانیان روویان کردووە لە زۆر کردنی نرخی کرێ و پووڵی پێشەکیی ماڵەکان لەسەر کرێنشینان.

لە چەند حەوتووی ڕابردوودا حکوومەت و فەرمانداریی شارەکان کە شەپۆلی ناڕەزایەتیی کرێنشینان هەست پێکردبوو بە هەموو بونگای ماڵەکانیان ڕاگەیاندوە کە هیچ کرێیەک نابێ لە سەتا ۲۵ زۆرتر بەرز ببێتەوە. بەڵام هیچ بەدواداچوونێک لە لایەن دامودەزگا حکوومەتییەکانەوە بۆ بەڕێوەچوونی ئەو بڕیارە نەکراوە و تەنیا بۆ نەمایش و خۆنواندن و بەشێکیشی لە ترسی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵک بووە.

بە بێ گومان درێژە کێشانی ئەو کارەسات و بەرزبوونەوەی نرخی کرێیە لە داهاتوودا ڕوخساری هەموو شارەکانی کوردستان دەگۆڕێ، بە تایبەت بە زۆرتر بوونی پەڕاوێز نشینی.

لە دوای بەرز بوونەوەی نرخی ماڵ ومەسکەن لە هاویندا و ئێستاش نرخی کرێی خانوو، لە قەراغ شارەکان و هەروەها گوندەکانی نیزیک شار، دەتوانین زۆرتر بوونی پەڕاوێز نشینی بە ڕوونی ببینین. لە شارێکی وەک بۆکان گەڕەکی کووی موهەندسین، جەوانان، کانی باقر، گوندی کەرێزەی مەحموودئاوا و ئینگیجە، رۆژ بە رۆژ بە بۆنەی فەقیرتر بوونی خەڵک، گەورەتر دەبنەوە و پەرە دەستێنن.

بەڵام بە بێ گومان ئەگەر بە تایبەت خەڵکی مەدەنی و دڵسۆزی کۆمەڵگا بە زووترین کات بەرگری ئەو کارەساتە نەکەن، لە داهاتوویێکی نیزیکدا، هەر وەک شارگەلی تاران و مەشهەد، دەتوانین بەکرێچوونی سەربانەکان بۆ خێوەت هەڵدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ببینین.

لە کۆتاییدا ئەو پرسیارە پێش دێت کە هەتاکوو چ کات سەرمایەدارانی وڵات دەبێ ڕێگەیان پێبدرێ کە سەرمایەی کارگەل و قەرەبووی زیانەکانیان لە گیرفانی هەژارترین توێژی ئەو کۆمەڵگایە هەڵبگرن ؟؟؟!!!!