ئاشتییەکی بەردەوام یان بێدەنگییەک بۆ جەنگێکی گەورەتر؟

گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پاکستان، نابێت وەک دانیشتنێکی دیپلۆماسیی ئاسایی سەیر بکرێن. ئەم گفتوگۆیانە پەرچەکردارێکن بەرامبەر بە فشارە ئابوورییەکان، تێچووە بەرزەکان و گرانیی وزە و کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک لە ئەمریکا و تا ڕادەیەک لە ئەورووپاش، کە بەردەوامبوونی دۆخەکەی بۆ واشنتۆن سەخت کردووە. لە بارودۆخێکی وەهادا، دانوستان لای ئەمریکا نەک هەر هەڵبژاردن نییە، بگرە پێویستییەکی ناچارییە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانانەی بە هۆکاری جەنگ دروست بوون.
سەبارەت بە ڕژێمی ئیسلامی، پرسەکە بە تەواوی جیاوازە؛ ئەگەر ئاگربەست و گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ ئەمریکا چارەسەرکردنی پرسێکی دیپلۆماسی و زامنکردنی هەژموونی خۆی بێت، ئەوا بۆ ڕژێمی ئیسلامی پرسی مان و نەمانە.
ڕژێمی ئیسلامی تەنانەت پێش جەنگیش گیرۆدەی قەیرانێکی گەورەی ناوخۆیی بوو و بە کوشتارێکی چل هەزار کەسی، بۆ ماوەیەک قەیرانەکەی وەلانا؛ هەروەها بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی، جەنگی وەک «بەرەکەت» بەکارهێنا و چووە پێشەوە. بەڵام لەم نێوەندەدا، بە کوژرانی خامنەیی وەک ڕێبەری بێڕکابەر و «چەسپ»ی ڕژێم و زۆربەی فەرماندە و کەسایەتییە ئەمنی و سەرەکییەکان، ڕژێم تووشی داڕمان لە ئاستی ڕێبەرایەتیدا بووە و چیتر توانای بەردەوامبوونی جەنگی لەم ئاستەدا نەماوە؛ بێگومان دەستپێکردنی ململانێ ناوخۆییەکان و جەنگی دەسەڵاتیشی دەبێت بۆ زیاد بکرێت.
نەبوونی پێکهاتەیەکی ڕێبەرایەتی، پەرتەوازەیی هێزەکان و نەمانی پەیوەندی لە ئاستی سەرکردایەتیدا -کە فەزای بڕیاردانی ئاڵۆزتر کردووە و پرسی دووبارە بنیاتنانەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتی جدی کردووەتەوە- وای کردووە کە ڕژێم بە هەر نرخێک بێت هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ئاگربەست بدات. خودی ئاگربەست بۆ ڕژێمی ئیسلامی هەنگاوێکە بۆ دوورکەوتنەوە لە لەناوچوونی حەتمی.
لەلایەکی دیکەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانیش ڕووبەڕووی بارودۆخێکی ئاسان نەبووەتەوە؛ تێچووی بەرزی ململانێ دەرەکییەکان، فشاری ڕای گشتیی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکانی بەردەم، لەگەڵ جیاوازیی بۆچوون لە نێوان هاوپەیمانە ئەورووپییەکان و ناتۆ، وای کردووە دەستی واشنتۆن بۆ پەرەپێدانی قەیرانەکە بە تەواوی کراوە نەبێت. هەر ئەم هۆکارانە هەردوولای بەرەو جۆرێک لە «بەڕێوەبردنی گرژییەکان» بردووە. بۆیە خودی دانوستانەکان زیاتر بۆ دووبارە بنیاتنانەوە و کۆکردنەوەی هێزە نەک بۆ چەسپاندنی ئاشتی.
لەم چوارچێوەیەدا، دانوستان پێش ئەوەی سەرەتایەک بێت بۆ ڕێککەوتنێکی کۆتایی، ئامرازێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی قەیرانەکان لە ناو ڕیزەکانی خۆیاندا.
لە کۆتاییدا، ئەم دانوستانانە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینە دانەمزراون، بگرە سواری شەپۆلی درز و جیاوازییە قووڵەکانی نێوان هەردوولا بوون. ئێران دوای گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە، هێشتا گیرۆدەی قەیرانە ناوخۆییەکان و جێگیرکردنی دۆخە نوێیەکەیە. لە بەرامبەردا، ئەمریکاش تەرکیزی خستووەتە سەر سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر بازاڕەکانی. هەر ئەم دژایەتییە دەبێتە هۆی ئەوەی هەر پێشکەوتنێک، لەرزۆک و سنووردار بێت.
دەرەنجامی ئەم پرۆسەیە زیاتر بەرەو «بەڕێوەبردنی قەیران» دەچێت نەک ئاشتییەکی بەردەوام. هەردوولا هەوڵ دەدەن گرژییەکان کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام تا ئەو کاتەی جیاوازییە سەرەکییەکان بە چارەسەرنەکراوی بمێننەوە، ئەم بارودۆخە دەتوانێت هەر ساتێک دووبارە بەرەو هەڵگیرسانەوەی جەنگ بڕوات.
ئەمجارەیان ئەگەر جەنگ ڕوو بدات، شایەدی جیهانێک دەبین بەبێ کۆماری ئیسلامی!
