ژن وەک «پاداشتی شەڕ»

0

بێگەرد سووزەنی

لە هەناوی مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەمیشە جەستەی ژن یەکێک بووە لەو مەیدانە جەنگییانەی کە دەسەڵاتە ئایدۆلۆژییەکان بۆ سەلماندنی باڵادەستیی خۆیان بەکاریان هێناوە. ئەوەی لەم دواییانەدا لە ڕێگەی میدیا فەرمییەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانەوە دەبینرێت، نەک هەر مەراسیمێکی سادەی «هاوسەرگیری» نییە، بگرە گۆڕینی ناسنامەی مرۆیی ژنە بۆ «کاڵایەکی پاداشتکەر» لە پێناو مەرامە سەربازی و سیاسییەکاندا.
کاتێک سیستەمێکی سیاسی پەنا دەباتە بەر ئاساییکردنەوەی «نیکاحی کاتی» وەک ئیمتیازێک بۆ هێزە چەکدارەکانی، لە ڕاستیدا پەیامێکی مەترسیدار بە کۆمەڵگە دەگەیەنێت؛ ئەویش ئەوەیە کە ژن نەک وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادە و هاوبەش لە ژیاندا، بگرە وەک «دەستکەوتێکی جەنگی» یان «خەڵاتی ورەبەرزکردنەوە» سەیر دەکرێت. ئەم جۆرە پڕوپاگەندەیە، کەرامەتی ژن دادەماڵێت و دەیکاتە ئامرازێک بۆ ڕاگرتنی دڵسۆزیی هێزە نیابەتی و سەربازییەکان.
ئەم دیاردەیە، لەژێر هەر ناو و پاساوێکی شەرعیدا بێت، لێدانێکی کوشندەیە لە پایەکانی خێزانێکی تەندروست. کاتێک هاوسەرگیری لە پەیوەندییەکی هەمیشەیی و مرۆییەوە دەگۆڕدرێت بۆ گرێبەستێکی کاتی و کورتخایەن کە تەنیا بۆ تێرکردنی حەزەکان یان وەک خەڵاتێک بۆ «خزمەتگوزاریی سەربازی» بەکاردێت، لێرەدا خێزان وەک ناوەندێکی پەروەردەیی و سۆزداری مانا ڕاستەقینەکەی خۆی لەدەست دەدات.
ئەم نمایشە ناشرین و ناحەزەی لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەبینرێت، هەوڵێکە بۆ:
ئاساییکردنەوەی سووکایەتی: وا نیشان دەدرێت کە ڕەزامەندیی ژن لە بەرامبەر ئایدۆلۆژیادا، بەشێکە لە ئەرکێکی پیرۆز، لە کاتێکدا ئەمە پێش ئەوەی پیرۆزی بێت، جۆرێکە لە ئیستغلالکردنی سیستماتیک.
بەکاڵاکردنی ناسنامە: لەم جۆرە دیدگایەدا، پێگەی کۆمەڵایەتیی ژن لە نووسەر، دایک، یان ئەندامێکی چالاکەوە، کورت دەکرێتەوە بۆ تەنیا ڕەهەندێکی جەستەیی کە لە کاتی پێویستدا وەک «پاداشتی تایبەت» دابەش دەکرێت.
بۆ ئێمەی ژنان، ئەرکێکی سەرشانمانە کە لە دژی ئەم جۆرە بەکاڵاکردنەی مرۆڤ بوەستینەوە. ژن کە پارێزەری زمان، ناسنامە و ژیانە، نابێت بکرێتە بەشێک لە پاداشتە سەربازییەکان. هەر سیستەمێک کەرامەتی ژن بکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی، لە ڕاستیدا داهاتووی ئەخلاقی و مرۆیی کۆمەڵگەکەی خۆی لەناو بردووە. پاراستنی شکۆ و سەربەستیی ژن، پاراستنی شکۆی کۆمەڵگەیە لە بەرامبەر هەر هەوڵێکی چەوسێنەرانە کە دەیەوێت مرۆڤ وەک کەرەستە بەکاربهێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *