تۆ نامری چاوەکانم….! یادێک لە دوکتوری رەنجدەران…

0
تۆ نامری چاوەکانم …!

كۆمەڵە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە ‌و پاش ماوەیەكی كورت، بەهۆی هەڵسوڕان‌ و چالاكی ئەندامان ‌و ڕابەرانیەوە توانی ببێتە رێكخراوێكی جەماوەری ‌و جێگای متمانەی خەڵكی كوردستان، ببێت بە رێكخراوێك كە بە هەڵسوڕان ‌و تێكۆشانی شێلگیرانە بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواكانی گەلی چەوساوەی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بە ئاڵاهەڵگربوونی ویست ‌و داخوازی ڕەوای كرێكاران ‌و زەحمەتكێشان ‌و ژنان ‌و سەرجەم چین ‌و توێژەكان، پەڕەیەكی زێڕین لە مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی ئازادخوازیی خەڵكی كورددا تۆماربكات.

هاوڕێ دكتۆر جەعفەری شەفیعی یەكێك لەو سیما ناسراو و خۆشەویستانەی خەڵكی كوردستان ‌و كۆمەڵەیە كە بە درێژایی تەمەنی سیاسی خۆی، بە هەڵسوڕان ‌و ماندونەناسی خۆی، گەلێك قازانج‌ و دەستكەوتی بۆ بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی گەلی كورد بەرهەم هێنا‌و بە گیانبەختكردنیشی خەسارێكی بێ وێنەی بە كۆمەڵە‌و ئەم بزوتنەوەیە گەیاند كە تا ئێستاش ئاسەوارەكانی هەر دیارن. هاوڕێی ڕابەر دوكتۆر جەعفەری شەفیعی سالی ١٣٣٠ی هەتاوی لە كۆشی بنەماڵەیەكی مەزهەبی لە شاری بۆكان چاوی بەژین پشكوت. خوێندنی سەرەتایی تا وەرگرتنی دیپلۆم لەو شارە تەواو كرد‌ و بۆ درێژەدان بە خوێندن چووە شاری تەورێز‌ و لەوێ لە رشتەی پزیشكی لە زانكۆی تەورێز درێژەی بە خۆێندندا. هاوڕێ جەعفەر لەگەڵ چوونی بۆ زانكۆ لە ساڵی ١٣٤٩ پێوەندی لە گەڵ بزووتنەوەی خوێندكاری گرت‌و بە خێرایی بووبە یەكێك لە رابەرانی بزووتنەوەی خوێندكاری زانكۆی تەورێز.

دوكتۆر جەعفەر لەماوەیەكی كورتدا توانی ببێتە سیمای خۆشەویستی ناو كرێكاران‌ و زەحمەتكێشانی كوردستان‌ و هەر زۆر زوو پەیوەندی سیاسی‌و خەباتكارانەی خۆی لە گەڵ كۆمەڵانی بەرینی خەڵكی چەوساوە‌و زەحمەتكێشی كوردستان گریدا. هەڵسووڕانی پزیشكی ئەم هاوڕێیە بەستێنێك بوو بۆ پاراستی نەهێنیەكانی تەشكیلات‌و لەهەمان كاتدا پەرەسەندن وبەهێزتر گرتنی پێوەندیەكانی لە گەڵ خەڵك. دكتۆر جەعفەر ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی لەسەر بڕیاری كۆمەڵە بۆ كوردستان دەگەڕێتەوە. لەو ساڵەدا كە ئاخێزەكانی خەڵكی ئێران دژ بە رژیمی حەمە رەزا شا، رەهەندێكی جیدیتری بەخۆیەوەگرتبوو. رێبەرانی كۆمەڵە لە بڕیارێكدا‌و بۆ ئامادەبوون بەرامبەر هەرچەشنە كردەوەیەكی سەربازیی‌و بۆ بەهێز كردنی باڵی چەكداری كۆمەڵە، چەند كەس لە ئەندامانی خۆی رەوانەی كوردستانی عێراق كرد تا لە ناو ریزەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئامادەیی سەربازیی‌و چەكدارییان بەهێزبكەن. هەربۆیە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی هاوڕێ دكتۆر جەعفەر لەگەڵ چەند هاوڕێیەكی تر بۆ ئەم مەبەستە هەڵبژێردران‌و بۆ ماوەیەك لە نێو ریزەكانی یەكێتیدا مانەوە.

لەو دەورانەشدا دكتۆر جەعفەر، بە ناوی دكتۆر عەزیز ‌و وەك پزیشكێك ژیانی زۆرێك لە پێشمەرگەكان‌ و خەڵكی ئەو ناوچەیەی لە مەرگ رزگاركرد، سەرەڕای ئەوە ماوە كورتەی چالاكی دكتۆر جەعفەر لە باشوری كوردستان تا ئێستا ناوو یادی ئەو لە نێو دڵی خەڵكی ئەو ناوچەیە‌و پێشمەرگەكانی ئەو كاتی یەكێتیدا لە بیر نەچووەتەوە. دوكتۆر جەعفەر لە سەروبەری شۆڕشی كۆمەڵانی خەڵكی ئێران‌و بەتایبەت بەدوای هێرشی دڕندانەی كۆماری ئیسلامی لە ٢٨ گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بۆ سەر كوردستان، وەك رێبەرێكی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە كوردستان دەوری گێڕا‌و بووبە سیمای ناسراوو خۆشەویستی كۆمەڵانی خەڵك. هاوڕێ جەعفەر لە كۆڕو كۆبوونەوەو میتینگەكانی شاری بۆكان‌و مەهاباد لە ساڵی ١٣٥٨ بە سوخەنرانی‌و بەشداری راستەوخۆی، سەرەنجی خەڵكی بەرەولای خۆی رادەكێشا‌و بەشداری راستەوخۆی لە بەرنگاری ئەو هێرشەی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستانی دەكرد. بەشی هەرەزۆری هەڵسووڕانی هاوڕێ جەعفەری شەفیعی لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بەدواوە بەشێكی بەربڵاوی كاری تەبلیغی لە نێو كۆمەڵەی پێك دەهێنا. لەم ساڵەدا بووبە بەرپرسی رادیۆی كۆمەڵەو سەرنووسەری گۆڤاری پێشڕەو‌و هەروەها چاوەدێری سەرجەم دەزگا تەبلیغیەكانی كۆمەڵەی دەكرد‌و بەگشتی ماوەی ٦ ساڵ سەرجەم تەبلیغاتی كۆمەڵە لە ژێر چاودێری هاوڕێ جەعفەردا بوو. دوكتۆر جەعفەری شەفیعی لە ماوەی ١٧ ساڵ تێكۆشانی سیاسی خۆیدا، تەنیا پزیشكێك نەبوو، كە ساڕێژی زامەكانی جەستەیی خەڵك بكا، بەڵكوو دوكتۆرێكی ساڕێژكەری رەنج‌و ناعەداڵەتیەكانی كۆمەڵگای پڕ لە چەوساندنەوەی كوردستان بوو.

٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٦٦هەتاوی، خەزانی ناوادەی پاییز، گڵای سەوزی تەمەنی پڕ بەرهەمی هاوڕێی خۆشەویست‌و تێكۆشەری دوكتۆر جەعفەری هەڵوەراند. لەم رۆژەدا هەواڵێكی دڵتەزێن لە نێو ریزەكانی كۆمەڵە‌و لە نێو چەوساوەكانی كوردستاندا بڵاو بووەوە، هەواڵەكە كوت‌و پڕ‌و دەڵتەزێن بوو. بەڵێ رۆژی٧ی خەزەڵوەر، لە كاتێكدا كاك دوكتۆر جەعفەر بۆ ئەنجامدانی مەئمووریەتێكی تەشكیلاتی لە كوردستانەوە بەرەو بەغدا كەوتبووە رێ ‌و بە نیاز بوو لەوێوە بەرەو ئورووپا بڕوات، بە داخێكی زۆر گرانەوە تووشی رووداوی پێكدادانی ماشین هات‌و دڵی گەورەو پڕ لە هیوای بۆ سەربەستی‌و رزگاری چەوساوەكانی كوردستان بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت.

هەموو ئەو كەسانەی كە دوكتۆر جەعفەریان دەناسی بە بیستنی هەواڵی گیان بەختكردنی تاسان. هیچ كەس نەیدەتوانی خۆ لە بەر قورسایی ئەم خەمە گەورەیە رابگرێ. هیچ كەس نەیدەویست‌و باوەڕی نەدەكرد ئیتر دكتۆر جەعفەر لە ناوماندا نەماوە‌و هیچ كەس ئامادە نەبوو وشەی تالی مەرگ بە بەژنی بەرزی ئەم تێكۆشەرە ماندوو نەناسە ببڕێت.

بە داخەوە هاوڕێ دكتۆر جەعفەر لە تەمەنی ٣٦ ساڵیدا چاوە گەش‌و پڕ هیواكانی لێك نا‌و، دڵی گەورەو لێوان لێوی لە هیوای سەركەوتن بۆ رزگاری ئینسان، بۆ هەمیشە لە لێدان كەوت‌و سەنگەری خەباتی شۆڕشگێڕانەی كوردستان‌و چینی چەوساوەی بە ئێمە هاوڕێیانی سپارد.

گەورەترین رێزلێنان لە یادی هاوڕێی هەمیشە زیندوو، هاوڕێ جەعفەری شەفیعی‌و هەموو گیانبەختكردوانی رێگای ئازادی‌و عەداڵەت، تا گەیشتن بە لووتكەی بەرزی سەركەوتن، درێژەدان بە رێگای پڕ لە شانازی‌و بە بایەخی ئەوانە‌و بێ گومان یاد‌و بیرەوەریەكانی هاوڕێ جەعفەری شەفیعی بۆ هەمیشە لە نێو دڵی ئێمەدا زیندووە، چونكە خەبات بۆ رزگاری ئینسان هەمیشە درێژەی هەیە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *