مردن بە ناوی یاسا

ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانی خەبات لە دژی سزای سێدارە بوو. رۆژێک کە هەموو لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ شەقامەکانی پایتەختەکانی وەڵاتانی زلهێز بە دروشمەکانی نا بۆ سێدارە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم سزا نامرۆیانەیە ، دەهێنە لەرزین.١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵیش دروشمەکان لە چەشنی ساڵانی ڕابردوو بوون و مەحکووم کردنی وڵاتانی لایەنگری کوشتنی بە ئەنقەستی ئینسانەکانەکان.
ئەمساڵیش لە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبردا جارێکی تر وڵاتی ئێران لە سەرەوەی دروشمەکانی نەیارانی سزای سێدارە هاتە ئەژمار.ئەمجاریش مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی جەلاد تەنیا لە شەقامەکانی تاران پایتەختی سێدارەو بەندیخانەکان وگۆشەو کەناری شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا قەتیس نەمایەوەو بەڵکوو بوو بە دروشمی ڕاستەوخۆی هەموو مرۆڤدۆستەکانی ڕێپێوانی ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵیش.
لە ئێران، لەسێدارەدان چیتر ئامرازی دادپەروەری نییە، بەڵکو ئامرازێکی سیاسییە بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات و بێدەنگکردن و کپ کردنی دەنگی کۆمەڵگایەکی ناڕەزایی.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران، ساڵی٢٠٢٥یەکێک بووە لە خوێناویترین ساڵەکان لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا.
لەم ساڵەدا زیاتر لە ٩٧٥کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون .تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ لانیکەم ٣٤٣ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. بەو پێیە ڕێژەی سێدارەکان لە چاو ساڵی رابردوو ١٧ لەسەد زیادی کردوە.
لە ماوەی مانگی خەرماناندا سزای سێدارەی لانیکەم ۱۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی خەرمانانی ساڵی رابردوو، لانیکەم ۱۰۹ حاڵەت واتا ۱۴۰ لەسەد بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۷۸ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری لەسێدارەدان لە ماوەی یەک مانگ، لە دوو دەیەی ڕابردوو لە ئێراندا بووە. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی خەرماناندا سزای سێدارەی لانی کەم ۳۵ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۱۹لەسەدی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنن. هەروەها ۲۳ بەندکراوی لوڕ (۱۲لەسەدی کۆی حاڵەتەکان)، ۱۵ بەندکراوی تورک و ۱۴ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە دراون. بەو حاڵەشەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەدان کەس لە مەحکومانی دادگا گشتییەکان، ساڵانێکە لە چاوەڕوانی بە کردەوە دەرهێنانی سزای سێدارەدا راگرتووە، تا هەر کاتێک و بە هەر هۆکارێک هەستی کرد کە دەبێ سەرجەم کۆمەڵگا بترسێنێ، ژمارەیەک لەم مەحکومانە بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی سێدارەوە بکات. دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیمی ئیسلامیی، فریوکارانە، دەرکردن و بەڕێوەبردنی سزای سێدارە لەژێرناوی ئامرازی هێنانە خوارەوەی ڕێژەی تاوان و جەنایەت، بردنەسەرەوەی ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی عەداڵەتی ناو کۆمەڵگا، پاساو دەکەن. بەڵام ئەزموونی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەزموونی خودی ئێران و ئامار و داتاکان پێمان دەڵێن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سزای سێدارەو کوشتنی سیستماتیکی دەوڵەتی، ناتوانێ ڕێژەی تاوان و جەنایەت کەم بکاتەوە.
سێدارە یەکێک لە پێناسە هەر دیارەکانی کۆماری داگیرکەری ئیسلامیی لە کوردستانە کە زیاتر لە چوار دەیەیە، لاوانی کورد بە تۆمەتی جۆراوجۆر بەرەو پەتی سێدارە دەبات. لە شۆڕشی ژینا (ژن،ژیان، ئازادی) ژنانی کوردستان هێما و سیمبۆلی رژیمی دژە ژن کە حیجابی زۆرە ملیی بوو، ئاگر تێبەردا و ئەم ئاگرە بڵێسەی سەند و هەموو ئێرانی گرتەوە. ژنی کورد لە ماوەی دەسەڵاتی ئەم رژیمە لە دژی نادادپەروەری و نایەکسانی و هەروەها لە بزاڤی رزگاریخوازانەی کوردستاندا دەوری گرنگ و بەرچاوی هەبووە و هەیە. بۆیە یەکەم ئێعدامی ژنان لە لایەن کۆماری سێدارەوە لە کوردستان دەستی پێکرد و ئێستاش هەوڵی لە ناو بردنی تێکۆشەرانی دیکە دەدات.
سەرانی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاتر لە چواردەیەی رابردودا لە هەمانحاڵدا کە بەشێوەی سیستماتیک لە سزای سێدارە وەک ڕێکارێکی سەرکوت لەدژی نەیارانی سیاسی خۆی کەڵکی وەرگرتوە، لە لایەکی دیکەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، سزای سێدارەی وەک رێگای بەرەنگار بوونەوەی ئەم نابەسامانی و تاوانه کۆمەڵایەتیان پیشانداوە.
ئەگەر ئینسان پەروەردەی ژینگەی خۆیەتی، ئەم ژینگەیە دەبێ بە شێوەیەکی ئینسانی پێک بێ. ئەگەر ئینسانێک بە شێوەی سروشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، کەوایە سروشتی راستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگاداپێدەگەیێنێ و توانایی سروشتیی ئەو نەک بە هێزی کەسانی تایبەت، بەڵکو لەگەڵ هێزی کۆمەڵگەدا دەبێهەلسەنگێندرێ.
سیستمی قەزایی ئەم رژیمە لەسەر قەساس و تۆڵە سهندنهوه دامەزراوە. پێویستە ئەم کردەوە قێزەونانە لەدەست رژیم دەربهێندرێن. ئەم رژیمە تەنیا بە خەباتی جەماوەری دەکرێ وادار بکرێت دەست لە کردارە جەنایەتکارانە و سازماندراوەکانی هەڵبگرێت و بە قینی شۆڕشگێڕانە بروخیندرێت.
١٠ی ئۆکتۆبرو هەموو ڕۆژەکانی تر بکەینە خەباتی بێ پسانەوەمان بۆ هەڵوەشاندنەوی سزای سێدارە.