کاری منداڵان؛ برینێکی شاراوە لە کۆمەڵگا و پەڵەیەکی ڕەشە بە داوێنی مرۆڤایەتییەوە…

کاری منداڵان یەکێکە لە تاڵترین و دڵتەزێنترین دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای ئێرانە. منداڵانی کار ئەو بەشە لە قوربانییانی سەرەکی کۆمەڵگان کە بە شێوازی جۆراوجۆر کەڵکی نابەجێیان لێوەردەگیرێت و وەک بێمافترین توێژی ناوکۆمەڵگا بێ بەزیانە دەچەوسێنەوە. بەڵێ مناڵانی کارو شەقام. ئەو مناڵانانەی ڕوخساریان بۆ هیچ ڕێبوارێک نائاشنا نیە. هەر ئەوانە کە لە چوارڕاکان و لە ناو دووکەڵی ماشێنەکاندا بۆ بەدەستهێنانی تیکە نانێک چاوەڕوانی سووربوونی چرای ڕێنمان تا بۆ چەند ساتێک ماشێنەکان ڕاوەستن، تا بەڵکوو کەسێک شووشەی ماشێنەکەی دابداتەوە و لەو شتانەی کە بە ملیەوە هەڵیئاوەسیوە، بکڕێت. لەلایەکی دیکەوە منداڵانێک دەبیندرێن کە لەژێر بارە قورسەکاندا بەجۆرێک نووشتاونەوە کە تەنیا قاچیان دیارە. بەڵام ملیۆنان کەس لەم منداڵانە نە بەیانیان دەبینین کە بەرەو کارگاکان بڕۆن و نە لە تاریکایی شەودا دەیان بینین کە لە کارگەکانەوە بگەڕێنەوە. هیچ ژمارەیەکی ورد سەبارەت بە ئەم منداڵانە لەبەردەستدا نییە. چونکە زۆربەیان تەنانەت ناسنامەیان نییە، منداڵانێک کە هەر لە سەرەتای ژیانیانەوە هەرگیز شتێک بەناوی منداڵی، کایەی منداڵانە، خۆشیی منداڵانەیان نەناسیوە. هێندێکیان لەو بنەماڵانەدا لەدایک بوون کە باوک و دایکیان دۆزەخیانی سەر زەوین. هێندێکیان لە هەژاریدا لە دایک دەبن و هەر لە ساواییەوە بۆ ئەم پیشەیە بە کرێ دەدرێن. هێندێکیشیان بێ ناو و نیشان لە دایک دەبن و پاشان ڕەوانەی شەقامەکان دەبن و دوای گەیشتن بە تەمەنی سێزدە چواردە ساڵی، کارتێلە جۆراوجۆرەکان وەک کرێکاری جنسی، فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر و یان تەنانەت بۆ پەیوەندی ئەندامانی لەش، دەیانکڕن و دەیانفرۆشن. منداڵان لەبری ئەوەی لە پشت کورسییەکانی قوتابخانە دابنیشن و لە دۆنیای منداڵی خۆیان دا بژین، ناچارن لەسەرشەقامەکان و لە وۆرک شۆپەکان و لە ژینگە نائارامەکاندا کار بکەن. ئەم دیاردەیه نە تەنیا پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی منداڵانە، بەڵکوو کوشتنی دونیای منداڵان و بێبەش کردنی راستەوخۆی ئەوانە لە داهاتوویەکی گەش بۆیان.
پێویستە ڕەگی سەرەکی بڵاوبوونەوەی کاری منداڵان لە هەژاری، بێکاری، نایەکسانی کۆمەڵایەتی، کۆچکردن، ئالوودەبوونی دایک و باوک بە مادەی هۆشبەر بدۆزریتەوە. لە زۆرێک لە خێزانەکاندا گوشارە ئابوورییەکان ئەوەندە زۆرن کە منداڵ وەک هێزێکی کاری هەرزان دەچێتە ناو بازاری کار بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان و کۆمەک خەرجی بنەماڵەکەی. ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئەوەی کە پەروەردە و تەندروستی و گەشەکردنی دەروونی منداڵ لاواز بی و بە جۆرێک کەسایەتی خۆی لە دەست بدات.
منداڵان لەسەر شەقامەکان بەرەوڕووی هەموو جۆرە دەستدرێژییەکی جەستەیی و دەروونی و سێکسی دەبنەوە. نەبوونی چاودێری، ژینگەی کارکردنی ناپارێزراو و کارلێککردن لەگەڵ قازانجخوازان، ئەم منداڵانە دەکاتە قوربانیی توندوتیژی. زۆرێکیان بەهۆی ترس، نەزانی، یان نەبوونی پەناگەیەکی ئارام، ناتوانن کێشەکانیان دەرببڕن، ئەمەش زۆری زیانەکان بەردەوام دەکات.
لە لایەکی دیکەشەوە بێبەشبوون لە خوێندن، دەبێتە هۆی دابەشبوونێکی کۆمەڵایەتی بەهێزو درێژ خایەن . ئەو منداڵانەی لە خوێندن بێبەشدەبن، لە داهاتوودا هەلی کاری گونجاو لەدەست دەدەن و زۆرجار دەکەونەوە ژەر هێلی هەژاری. ئەم رەوتەش راستەوخۆ نایەکسانی لەناو توێژە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا پێک دێنێ و کاریگەری زۆریش لە سەر گەشەی کۆمەڵگا دروست دەکات بەرهەم دەهێنێتەوە و بەربەستێکی جددی بۆ گەشەسەندنی بەردەوامی کۆمەڵگا دروست دەکات. کاری منداڵان تەنیا پرسێکی تاکەکەسی یان خێزانیی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی کارکردنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتە ناکاریگەرەکانە. بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە ڕێبازێکی فرەلایەنە هەیە، لەوانە پشتگیری ئابووری بۆ خێزانە لاوازەکان، دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بە ئازادی و کوالیتی، جێبەجێکردنی یاساکانی پاراستنی مافەکانی منداڵان و بەرزکردنەوەی هۆشیاری گشتی. بە گشتی لە کۆمەڵگایەکدا کە ڕێژەی هێڵی هەژاری ڕۆژ بە ڕۆژ دەڕواتە سەرێ، دەبێ منداڵان لەجیات خۆشی و فێربوون و پشکوتنی تواناکانیان، هەژار و بێبەش و بێکار بن و بۆ گۆڕانکارییەکی چکۆلە لە ژیانی مەمرە و مەژییاندا ناچار بن دەست بدەنە هەموو کارێک. منداڵان نابێ له خوێندن بێبهری بكرێن. ژیان و ڕێفاهی منداڵان، به بێ لهبهرچاوگرتنی باروودۆخی بنهماڵه، پێویسته له لایهن دهوڵهتهوه زهمانهت بكرێ. دهوڵهت، ئهركی سهر شانییهتی كه ستانداردێكی دیاریكراو له خۆشبژێوی و كهرهستهی گهشهی ماددی و مهعنهویی منداڵان و تازهلاوان، له باڵاترین ئاستی خۆیدا، زهمانهت بكات..
کۆمەڵگایەک کە منداڵەکانی ناچاربن لەسەر شەقامەکان کار بکەن، داهاتوویەکی تەندروست و دادپەروەری نابێت.پشتیوانیکردن لە کاری منداڵان، لە ڕاستیدا وەبەرهێنانێکە لە داهاتووی کۆمەڵگادا؛ داهاتوویەک کە هیچ منداڵێک نەبێتە قوربانی هەژاری و نادادپەروەری و پشتگوێخستن.
بەڵی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان
