پێویستی ئازادبوونی بیروڕا و کەڵک وەرگرتن لە رەخنەگران؛ پێشەنگی گۆڕانکاری و مانەوەی کۆمەڵگە…..

بێگەرد ساڵح
بێگەرد ساڵح

لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە، ئامانجی سەرەکی هەر سیستەمێکی زیندوو، لە تاکەوە بگرە تا کۆمەڵگە، مانەوە و خۆگونجاندنە لەگەڵ ژینگە جۆراوجۆرەکاندا و بەرپرسیارە لە گۆڕانکارییەکانی ژینگەکەی. ئەو کۆمەڵگەیەی نەتوانێت خۆی لەگەڵ کێشە نوێیەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و تەکنەلۆژی بگونجێنێت، لاواز دەبێت و لە کۆتاییدا یان لە ناو دەچێت یان لە ژێر هەژموونی کۆمەڵگەیەکی دیکەدا دەمێنێتەوە. بنەمای سەرەکی پەرەسەندن لە سەر  هەمەجۆرەیی و فرەچەشنیدایە. 

لە سروشتدا، هەمەجۆریی ژنیتیکی ڕێگە بە یەک سەرچەشن دەدات کە بەرگری لە خۆی بکات و ئەبێتە هۆی ئەوە کە لە بەرامبەر نەخۆشیەکان یان گۆڕانکارییە ژینگەییە نوێیەکاندا بەرگە بگرێت. بە هەمان شێوە، لە کۆمەڵگادا، فرەچەشنی بیروبۆچوونەکان و سیاسەتەکان ڕۆڵی ژێنەکان دەگێڕن و ئاستی بەرگری و تەحەمۆڵی کۆمەڵگا دەبنە سەرەوە.

ڕەخنەگر؛ ئەو کەسەیە کە ئاستی هزریی کۆمەڵگە زیاد دەکات. لە کۆمەڵگەیەک کە دەسەڵاتەکەی ڕەخنەگرانی تێدا سەرکوت کردبێ، تاکەکان ناچارن بە یەک شێوە بیر بکەنەوە و هەمان ڕێگەچارە کۆنەکان دووبارە بکەنەوە. کۆمەڵگەی بێ ڕەخنەگر زۆر لاوازە و لە بەرانبەر یەکەمین قەیرانی پێشبینی نەکراودا، کە ڕێگەچارەکانی ئێستا کاریگەر نین، دەکەوێتە ژێر مەترسی داڕمانەوە.

ڕەخنەگران بەردەوام بیرۆکەی نوێ، ستراتیژی و رێگەچارەی جێگرەوە پێشکەش دەکەن. تەنانەت ئەگەر زۆرینەێ ئەم بیرۆکانە سەرکەوتوو نەبن، دەتوانن کۆمەڵگە لە قەیرانەکان ڕزگار بکەن. ڕەخنەگران وەک پارێزەرانی فرەچەشنی هزریی کۆمەڵگە کار دەکەن و ڕیگە بە کۆمەڵگە دەدەن بەرگەی گۆڕانکارییەکان بگرن. ئەوانەی کە رەخنەگران دەمکۆت دەکەن، لە ڕاستیدا کۆمەڵگە لە توانای پێشکەوتن و سەرکەوتن بێبەش دەکەن.

هیچ دەسەڵاتێک، هەرچەندە خێرخواز بێت، بێ کەم وکۆڕی و بێ هەڵە نییە. سیاسەتەکان زۆرجار دەرئەنجامی نەخوازراو بەدوای خۆیاندا دەهێنن. لێرەدا ڕەخنەگران وەک سیستەمێکی ئاگادارکەرەوە کاردەکەن و یەکەم کەسن کە خاڵە لاوازەکان، مەترسییەکان و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی سیاسەتێک دەستنیشان دەکەن. ئەوان ڕێگە لە دیاردەی مەترسیداری “بیری گروپی” لە نێو دەسەڵاتداران دەگرن، کە تێیدا تاکەکان بۆ پاراستنی هاوئاهەنگی و دڵسۆزی بۆ جەماوەر و حیزبی خۆیان لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکانیان دەپارێزن و لە ئەنجامدا بڕیاری کارەساتبار دەدەن. ڕەخنەگرانن کە ئەم رچە دەشکێنن و دەسەڵات ناچار دەکەن کە  پێداچوونەوە بە سەر بڕیارەکانیان بدەن.

سەرکوتکردنی ڕەخنەگران، بە بیانووی پێویستیی یەکپارچەیی، وەک ئەوە وایە فڕۆکەوانێک هەموو سیستەمە ئاگادارکەرەوەکانی کابینەکە بکوژێنێتەوە چونکە دەنگەکەی بێزارکەرە. ئەم کارە ڕەنگە لە ماوەی کورتدا ئارامی بەدەستەوە بدات، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کارەسات و  کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە. ئەگەر نموونەیەک لە زانستی پزیشکی وەربگرین، دەسەڵاتێک کە ڕەخنەگران سەرکوت دەکات، وەک کەسێک وایە کە بە بەکارهێنانی دەرمانی بەهێز، سیستەمی بەرگریی جەستەی خۆی سەرکوت کردبێت. لەوانەیە لە ماوەی کورتدا لە هەندێک نیشانەی بێزارکەر وەک تا، کە نیشانەی بەرەنگاربوونەوەی جەستەیە، ڕزگاری ببێت، بەڵام لە درێژخایەندا جەستە لە بەرامبەر بچووکترین وایرۆسدا لاواز دەبێ و  زۆر زووتر لە کەسانی تر رووبەرووی مردن دەبێتەوە.

پەرەسەندن وانەیەکی تریشمان پێدەدات. ئەو جۆرانەی کە زۆر تایبەتمەندن بۆ ژینگەیەکی دیاریکراو، وەک ئاژەڵێک کە تەنها یەک جۆر ڕەوەک دەخوات، لەگەڵ گۆڕانی ئەو ژینگەیەدا بە خێرایی لەناو دەچن. دەسەڵاتیش ڕەنگە پێداگرێ لە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو بکات و هەموو بڕیارەکانی لەو ئایدیۆلۆژیایەوە سەرچاوە بگرێت. ڕەخنەگران بە لێپرسینەوەی بەردەوامی دۆخەکە سیستەم ناچار دەکەن بە خۆگونجاندن و داهێنان و ڕێگری لە وەستان و پێداگری کردنیان دەگرێت و ئیزن بە زۆر پێش بردنی رەوتێک لە کۆمەڵگا نادات کە توانای گۆڕانی بارودۆخەکەی نەمێنێ.

بەپێی ڕوانگە پەرەسەندنی، بنەمای “مانەوەی شیاوترین” تەنها بۆ زیندەوەران نییە بەڵکوو بۆ بیرۆکەکانیشە. بوونی ڕەخنەگران، ئەبێتە هۆی ساز بوونی شوێنی ڕکابەری بۆ بیرۆکەکان کە دەسەڵات ناچار دەکات بۆ سیاسەتەکانی بەڵگە و پاساو بهێنێتەوە، بەرگرییان لێبکات و لە بەرامبەر ڕەخنەکاندا بە شێوەیەکی باشتر پەرەیان پێبدات. ئەم ڕکابەرییە وادەکات سیاسەتە لاواز و بێکەڵکەکان لاببرێن و سیاسەتی بەهێزتر و شیاوتر جێگەیان بگرنەوە.

لە نەبوونی ڕەخنەدا، تەنانەت باشترین سیاسەتەکانیش وردە وردە بێکەڵک و بێکاریگەر دەبن، چونکە هیچ زەختێک بۆ پێشکەوتن و کارێگەرتر بوونیان نییە.

سەرکوتکردنی رەخنەگرانی سیاسەت و چالاکوانانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کۆسپێکی گەورەیە کە بە درێژایی مێژوو کوردەکان لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان دوورخستووەتەوە. داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی زۆردار هەمیشە هەوڵی سەرکوتکردن و لەناوبردنی دەنگە رەخنەییەکان و ئازادیخوازانەیان داوە، کە ئەمە بەردەوامە. بۆ نموونە، کۆماری مەهاباد (١٩٤٦) هەوڵێک بوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی، بەڵام بەهۆی سەرکوتەوە شکستی هێنا. هەروەها شۆڕشی ژینا، کە بزووتنەوەیەکی گەورەی ئازادیخوازی بوو، بەهۆی سەرکوتی داگیرکەران  و دەسەڵات داران بووە هۆی بە لاڕێ چوونی شۆڕشەکە و زیندانیکردن و ئەشکەنجەی و ئێعدامی زۆرێک لە رەخنەگران و چالاکوانانی سیاسی.

ئەم سەرکوتە نە تەنیا تاکەکان دەکاتە قوربانی، بەڵکو کۆمەڵگەی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە بیرۆکە و رەخنە ئەرێنییەکان بێبەش دەکات کە بۆ پێشکەوتن و مانەوەی کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێویستن. رەخنەگرانی دڵسۆزی کورد، کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و بێ دەمارگرژی رەخنە دەگرن، وەک مشووری ئازادی و گۆڕانکاری کاردەکەن، ئەم دەنگانە بە توانای خۆیان بۆ خستنەڕووی کەموکووریەکان و پێشنیارکردنی چارەسەرەکان دەتوانن کۆمەڵگەی کوردی لە ژێر سەرکوت رزگار بکەن و رێگە بۆ داهاتوویەکی دیموکراتیک، یەکگرتوو، و پێشکەوتوو خۆشکەن. بە پشتگیریکردنی ئەم دەنگانە و پاراستنی ئازادیی دەربڕین، کوردەکان دەتوانن ناسنامەی خۆیان بپارێزن، مافەکانیان بەدەست بهێنن، و کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر دروست بکەن کە لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی بونیاد بنرێت.