لێکدانەوەمان بۆ شەڕی ئامریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و چەند خاڵێکی جێی سەرنج….

0
کەیوان دوورودی
کەیوان دوورودی

چاوخشاندنێک بەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئاپۆڕەی خەڵک مەیلی بۆ دەستخستنی زانیاری، شیکردنەوە و ئەنجامگیری، بەشێوەی خێرایە؛ ئەمەش بۆ ئەم ڕۆژانە کە بینەری دیاردەی گەورە و ئاڵۆزی شەڕین، دەست نادات و تووشی بەهەڵەداچوونمان ئەکات. جارێ پێش هەموو شتێ، شەڕی ئەم سەردەمە بە پێوەری مێتۆدە کلاسیکەکان، خوێندنەوەی بۆ ناکرێ. واتە ئێمە ناتوانین شەڕێ کە زیاتر بە هاژەکە، لە مەودای دوورەوە دەچێتە پێش و بەشێوەی ناهاوسەنگە، بەراورد بکەین لەگەڵ ئەو شەڕانەی کە پێشتر بە سەنگەر و بەرەیەکی تایبەت بەرامبەر ئەوی یان ئەوانی تر دەناسرا. دروستبوونی درۆنی بچووک خۆتەقێن (ئەگەر وشە داتاشراوەکە دروست بێ)، چاوەدێریی بەردەوامی ئاسمانی، کاریگەریی چڕی ئینتەرنێت و مانگی دەستکرد، هەر هەموو گۆڕانێکی گەورەن. هەروەها بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ شەڕی هەواڵگری و مەعریفی لەناو شەڕا، لایەنێکی تازەی شەڕە کە زۆر جیاوازە لە شەڕەکانی ئەوسا.

کەواتە، ڕێژە، قەبارە و بەکارهاتوویی چەک، ئەگەرچی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە، بەڵام نابێ ئێمە تووشی بەلاڕێداچوون بکات بۆ تێگەیشتن لە مانا، ئاراستە و ئاکامی شەڕەکان. جاروایە شەڕێ بۆ وڵاتێ وەکوو هەنگاوێکی پێشگیرانەیە، بەڵام بۆ وڵاتێ بەرامبەر زیاتر هەوڵێکی ئامانجدارە. بۆ نموونە لێرەدا ئامریکا بە ئامانجەوە چووەتە ناو شەڕ، ئەو ئامانجانەش خۆی لە سێ خاڵی سەرەکیی بنبڕکردنی هەڕەشەی ئەتۆمی، هاژەکی و پراکسیسازیی کۆماری ئیسلامیدا دەبینێتەوە کە لەم داییە گەرووی هورمۆزیشی پێ زیاد بوو. بەڵام، له لایەکی تر، ڕاستە کۆماری ئیسلامی ڕاوەستاوە کە ئەگەر شەڕ هەر لەم چرکەساتە کۆتایی بێ، پێی باشە چونکە ئامانجێکی هەم شەڕە بەدی نایەت. ڕاستە ڕژیمی ئێران بە پەرەپێدانی سیاسەتی ئایدیۆلۆژیک، ئێرانی کرد بە بەستێنێ بۆ هێرشێکی نێودەوڵەتی، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەم پێش لە شەڕ و هەم ئێستە، هەوڵ دەدات بە هەر جۆرێک کە بکرت شەڕەکە ڕابگرێ تا پێش لە ماڵوێرانیی زیاتری خۆی بگرێت. بۆیە کاتێ دەمانەوێ، بۆ ئەگەری درێژە و ڕاگیران یان ڕێژەی دەستکەوتەکان، لێکدانەوە بکەین، دەبێ زیاتر چاو لە ئامانجەکانی لایەنی ئامریکایی بکەین؛ چونکە بڕیار نییە ئێران شتێکی دەست بکەوێ!

بابەتێکی تر، سنوورداربوونی توانستە نیزامییەکانی ئامریکایە. زۆر جار گوێمان لێ دەبێ کە ئامریکا هەر کارێ پێی خۆش بێ دەیکا! لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا وەهمێکە. ئامریکا هیچکات پێی باش نەبوو و پێشی خۆش نەبوو شەڕی ڤییەتنام و ئەفغانستان بکات، بەڵام ناچار بوو، تێچووەکەیشی دا و بەڕاستیش زەربەی لێ کەوت! کاتێ ئامریکا ناچار دەبێ بەرامبەر بە ژاپۆن، بۆمبی ئەتۆمی بەکار بێنێ، واتە ئەو وڵاتە نەیتوانیوە ئامانجی خۆی لە شەڕ دەست بخات. ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی دوو فڕۆکەوانەی ئامریکا نیشانی دا کە ئیمکانی عەمەلییاتی ڕزگارکردن لەناو قووڵایی خاکی خاکدا -تەنانەت بۆ ئامریکا- هێشتا بێمەترسی نییە. بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، تەنیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا یەک فڕۆکەی “ئەی ١٠” و دوو هیلیکۆپتەری “بلەک هاوک” بەر ئاگری پەدافەند کەوتوون.

هەروەها خاڵێکی جێی سەرنجی تر پرۆپاگاندای کۆماری ئیسلامییە کە وا دەکات بەردەنگ هەست بکات ئەو وڵاتە خاوەن هێزێکی تایبەتە! بۆ نموونە کاتێ ڤیدیۆی کەوتنی هاژەکێ لە ناوەڕاستی ئیسرائیل بڵاو دەبێتەوە! بەردەنگ بە حاڵەتی هەڵشڵەژانی باری دەروونیی هاووڵاتییان، تووشی ئەو هەڵە بێ کە ئێران بەهێزە! لێرەدا تێگەیشتنی  بینەر کورت دەبێتەوە لەسەر ئەو بەریەککەوتنە کە تێیدا هاژەکێ بەهێز لە نزیک کەسانێکی بێدەسەڵات دێتە خوار! لە کاتێکدا هەر لەو چرکەسانە فڕۆکەکانی ئیسرائیل پۆل پۆل بێ هیچ سەرئێشەیەک لە ئاسمانی ئاوەڵای ئێراندا بەدوای ئامانجەکانیان ئەگەڕێن. خاڵێکی تر هەر لەم پەیوەندییەدا ئەوەیە کە ئیسرائیل و ئامریکا دەبێ ئەوپەڕی هەوڵیان بدەن کە هاژەکهاوێژەکانی ڕژیم لەناو کۆڵانەکان، بە جۆرێ بە ئامانج بگرن کە کەمترین مەترسی بۆ سەر خەڵک دروست بێ لە کاتێکدا ڕژیم ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تا هێرش بۆ سەر ناوەڕاستی شارەکان ئەنجام بدات. هەر بۆ ئەو مەبەستەشە کە هاژەکی هێشوویی بەکار دێنێ تا زۆرترین خەڵکی بەر کەوێ.

جگە لەمانەش، دەکرێ شەڕ بێ ئەوەی لایەنێ ئەوی تر بە تەواوەتی تەفروتوونا بکات، کۆتایی بێ. کاتێ ئامریکا دڵنیا بێتەوە لەوەی کە ڕژیم مل نادات، بەر لەوەی بیر له ناردنی دەیان هەزار سەرباز بۆ ناو جەرگەی شەڕ بکاتەوە، بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن کۆماری ئیسلامی تا ئاستێ لاواز بکات کە نەتوانێ بەم زووانە پشت ڕاست بکاتەوە. هەر جۆر بێ، ئەزموونی ئەفغانستان و عێراق، ڕێگرە لەوەی ئامریکا پرۆژەی هاشێوە دەست پێ بکاتەوە. جێهێشتنی کۆماری ئیسلامییەکی لەرزۆک و لاواز کە هەڕەشەی جیدی نییە، باشترە لە تێچووی میلیارد دۆڵاری، کووژرانی سەدان سەرباز و هتد، بێ ئەوەی ئاکامێکی باشتری له عێراق و ئەفغانستان بێ!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *