شەهیدانی ژینگە و ژیان…!

پەریناز ساڵح نژاد
پەریناز ساڵح نژاد

 كۆماری ئیسلامی  هەمووكات سیاسەتێكی  بەكار هێناوە لە هەوڵی داگیركردنی خاك و نیشتمانی كوردان‌ و بەتاڵان‌بردنی سەروەت و سامانی نیشتمان  و ئاگر تێبەردانی دارستانەكان بە ئانقەستن، بەڵام هاوکات  هەر  ڕۆژێ لە شوێنێكی كوردستان ڕۆڵەیەکی كورد بۆ پاراستنی بستە خاكێك گیانی فیدا دەکا و گەلی كورد لەو پێناوەدا شەهیدی زۆر داوە ، شەهیدی ڕێگای  نان، شەهیدی ڕێگای  ئازادی و شەهیدی ژینگە و… خەڵكی كوردستان هەمووكات ئامادەی گیانفیدایی بووە  لە ڕێگای پاراستنی  خاكی كوردستان، نەتەوەی كورد لە پێناو گشت جوانییەكانی  ژیان و مرۆڤایەتیدا شەهید ئەو نیشتمانپەروەر و ژینگە پارێزانەش لە كوردستان لە ڕێگای پاراستنی خاكی نیشتمان شەهید  بوون و نوێترین شەهیدان لە ڕێگای پاراستنی خاكی نیشتمان حەمید مورادی، خەبات ئەمینی و چیاکۆ یووسفی‌نژاد کە  لە  کوژانەوەی ئاگری چیای ئاویەری شاری سنە شەهید بوون و گیانیان فیدای خاكی  كوردستان كرد، دارستانەكانی كوردستان لەلایەن نەیارانی ژینگە  ئاگریان تێبەردراوە و خەسارێكی یەكجار زۆر بە ژینگە و ئاژەڵەكانی كوردستان كەوتووە .
بەڵام ژینگەپارێزانی كوردستان هەمووكات هەوڵی  پاراستنیان داوە و گیانیان بەخت كردووە، ئەوان بوونەتە چەقڵی چاوی نەیارانی خاكی كوردستان و لوتكەی شەهیدبوونیان بەنەسیب بووە و بوون بە زامی سەركەوتنی  گەل و گەیشتن بە خاڵی شەهید بوون .

٢ی  گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاوی  حەمید مورادی، چیاکۆ یووسفی‌نژاد، خەبات ئەمینی،  لە چیای ئاویەر لە شاری سنە لە كاتی کوژاندنەوەی ئاگرەكە شەهید بوون و خەڵكی نیشتمانپەروەر و خۆبەخشی سنە ڕوویان لە ئاویەر كرد تا لە سووتانی بیپارێزن و ئەو جوامێرانە  لەو كەسانە بوون كە بە هانای ئاویەر چوون بەڵام بەداخەوە  بەهۆی قورسی برینەكانیانەوە لە ٣ی گەلاوێژ خەڵكی نیشتمانپەروەری شاری سنە پێشوازیان لە تەرمە پیرۆزەکانیان كرد و لە ڕێوڕەسمی بەشكۆدا بە خاكی كوردستانیان ئەسپاردن.
هەمووكات  ژینگەپارێزانی كوردستان بە كەمترین كەرەسە و ئیمكانات هەوڵی  پاراستنی ژینگەی كوردستانیان داوە و هەمووكات  سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و ئەوەیكە ڕووڕەش ماوە  كۆماری ئیسلامییە کە هەمووكات هەوڵی ئەوەیە ژینگەی كوردستان بەرەو ئاگر و  ئازاری ئاژەڵەكان بدات و هاوکات له‌گه‌ل بەخاکسپاردنی  ته‌رمی شه‌هیدان له چوار شوینی جیاوازی مه‌ریوان ئاگر بردرایه ژینگه و به‌شێک له ژینگه‌ی مه‌ریوانیش له ئاگر دا سووتا و هیچ ئاگر كوژێنەوەیەكی ڕێژیمی ئێران نەهاتن بەهانای ئاگرەكەوە، بەڵام هەمووكات ڕۆڵە بەجەرگەكانی كوردستانن كە  بە فریای ژینگەوە دێن، لە کاتێکدا زۆربه‌ی ئاگرکه‌وتنه‌کانی کوردستان بەئانقەست بووه لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ تێكدانی ژینگه‌ی کوردستان. نەك ژینگە بەڵکوو هەمووكات كۆماری ئیسلامی هەوڵی ئەوەی داوە  خەڵكی كوردستان بچەوسێنێتەوە  و خەڵكی كوردستان بەرامبەر ئەو زوڵمانە وەستاون و كۆڵیان نەداوە لەم چەند ڕۆژەدا چەند کەس لەو ژینگە پارێزانەی كوردستان بەهۆی کوژاندنەوەی ئاگرەكان بریندار بوون و لە نەخۆشخانەكانن و هەتا كۆماری ئیسلامی لەسەر كار بێ، كوردستان بەردەوام بەرەو كاولكاری دەڕوات، كۆماری ئیسلامی لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە ڕۆڵەكانی نیشتمانیان شەهید كردووە و خەسارتیان بە خاكی كوردستان گەیاندووە و هەمووكات هەوڵی لەناوبردنی كوردی داوە  بەڵام خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان لەگەڵ شەهید بوونی هەر یەك لە ڕۆڵەكانی ئەم نیشتمانە پەیمانی وەفادارییان بە شەهیدان نوێ كردۆتەوە و بە وتنەوەی درووشمی شەهید نامرێ و  سروودی ئەی شەهیدان، خەم و پەژارەی ڕۆڵە  چاونەترسەكانیان دەربڕیوە.

شەهیدبوونی ژینگەپارێزەكانی كوردستان نیشاندەری ئەو ڕاستییەن كە ڕۆڵەی كورد لە هیچ شێوە مەرگێك  سڵ ناكاتەوە و بست بە بستی خاكی ئەم كوردستانە و لەق بە لەقی دارەكانی  و دڵۆپ بە دڵۆپی ئاوی كانییەكانی ئەوەندە بە نەرخن كە گیان بەخشین لەپێناویان كەمترین كارێكە كە دەكرێ نیشتمانی ئێمە ڕەنگینە بە خوێنی لاوی کورد.