هەڵکشان و داکشانی هیڵالەکان ….

ع.ئاجیکەند

هیلالی شیعە وەک هاوپەیمانێک لەلایەن دروستکەرانی پێناسە دەکرا.بەڵام لە کردەوەدا بزووتنەوەیەکی سیاسی-ئایینی تیرۆریستیی تووند ئاژۆ بوو کە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پیلانی دروستکردنی بۆ داندراو سپای قودسی بۆ بەکردەوە دەرهێنانی لە ڕۆژهڵاتی ناوەراست ڕاسپێردرا. ئەم هیلالە لەڕووی جوگرافییەوە لەئیرانەوە دەستپێدەکرد و وڵاتانی سوریە و عێراق و لوبنان و بەشێک لە هیندوستان، پاکستان و بەحرێن و هەروەها ڕۆژهەڵاتی سعودیە و بەشێک لە تورکیە و ئافریقای لە خۆدەگرت، کە بێگومان لەم وڵاتانەدا تا ڕادەیەکی زۆر شیعەکان دەسەڵات بەدەستن و ڕۆڵی سیاسی سەرەکیان هەیە.

کۆماری ئیسلامیی لە دوای هاتنە سەرکاری خۆی بە بەردەوامی هەوڵی داوە پەرە بە دەسەڵاتی خۆی لە جیهانی عەرەبدا بدات. بەهێزترین ئامرازی دەستی ڕژیمی ئێران بۆ بەکردەوە دەرهێنانی پلانی هیلالی شیعە، جەماوەری شیعەی ناو ئەو وڵاتانە بوو کە ئاماژەیان پێکرا. کۆماری ئیسلامیی هەر لە سەرەتاوە دەیهەویست کە شادەماری ڕەوتە سیاسییەکانی شیعە لە ناوچەکەدا بەدەستەوە بگرێت و بەمجۆرە هاوکێشەی هێز لەنێوان شیعە و سوننە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بگۆڕێت. بەگشتی سێ ئەرکی سەرەکی لە بەردەم پیلانی دروست کردنی ئەم هیلالەدا بوون : لەنێوبردنی شوێنەواری ڕۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامیی شیعە لە ناوچەکەدا و شەڕ لەگەڵ ئەو وڵات و نەیارانەی کە دژی کۆماری ئیسلامیی و دەسەڵاتەکەی بوون. ئەم گروپ و تاقمانەش دەبوایە بە کردەوە بە دوو ئامانجە خزمەتیان کردبایە کە مەبەستی سەرەکی رژیم بوون؛ یەکەم: ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و نانەوەی تۆوی دوو بەرەکی لە نێوان ئایینە جۆراوجۆرەکان و نائەمن کردن و کوشتن و ڕفاندنی نەیارانی سیاسی و شەڕ لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان.

کۆماری ئیسلامیی مەبەستی بوو هەژموونێکی گەورە لەناوچەکەدا بۆ خۆی دروست بکات تا لە رووی ئابووری و سیاسی و کەلەتوورییەوە، هاوسەنگی هێز بە قازانجی خۆی بگۆڕێت و هەژموونی سووننە لاواز بکات و دەستی ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا کورت بکاتەوە. سیاسەتی بەهێزکردنی تاقمە نیابەتییەکان و لاوازیان و کوژرانی هەرکام لە سەرکردەکانیان، خەونەکانی کۆماری ئیسلامیی کردە کابوسێکی گەورە. ئیسرائیل دوای لەناوبردنی تواناییەکانی حەماس و حزبوڵڵا و هێرشی ١٢ ڕۆژەی خۆی بۆ سەر ئێران بە هاوپشتی ئامریکا و رۆژئاواییەکان خوازیاری دروست کردنی هیلالی تایبەت بەخۆیەتی. هیلالی شیعە کە وا بریار بوو دەسپێکەکەی لەبەیروتەوە بێت و بەدیمەشق ‌و بەغدادا گوزەر بکات و دواجار لە تارانی پایەتەختدا لەنگەر بگرێ بە تەواوەتی دارماوە و وا پێناچێ خۆی سارێژ کاتەوە.

نەتەوەی دروزەکان و هەڵکەوتنیان لە بواری جوغرافییەوە لەباشووری سوریا، بۆ ئیسرائیل گرینگی ستراتیژی هەیە. بوونی ئەوان لەبەرزاییەکانی جۆلان‌و سوەیدا، بۆسەر سنوورەکانی ئیسرائیل نەک مەترسی نین بەڵکوو دەکرێ هاوپەیمانیش بن. ئەم تایبەتمەندیانە دەتوانن بۆ ئامانجەکانی ئیسرائیل دیوارێکی مرۆیی بەهێز بن و ببنە ئاستەنگێکیش لەبەردەم گەشەی سوننە توندڕەوەکان و کۆسپێکی بەهێزیش بن لە بەرانبەر شیعەکان کە پاڵنەری ئیدئۆڵۆژیان هەیە.

ئیسرائیل لە هەوڵدایە لە بەرزاییەکانی جۆڵانەوە ڕێڕەوێکی ئەمنی پێکبێنێ و بە ناو سوەیدا تێپەرێت و بگاتە کوردستانی ڕۆژئاوا و لەوێشەوە بە کوردستانی باشور گرێ بدڕێ و لەوێشەوە بەرەو سنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەنگاو بنێ.

جیاوازی ئەم هیلالە لەوەدایە کە پڕۆژەیەکی ئیدئۆلۆی نییە بەڵکو پڕۆژەیەکی پراکتیکیی سیاسییە. ئەم پرۆژەیە ڕێڕەوێکی وشکانییە کە هەولێرو بەرزاییەکانی جۆلان‌و ناوخۆی ئیسرائیل پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئەم پرۆژەیە لەخزمەت چەندین ئامانجی گرینگ دایە .

لێکدابرانی ڕێگای تاران بۆ بەیروت، پێکهێنانی پشتێنییەکی ئەمنی بەهێز لە سنووری باکووری ئیسرائیل، دروست کردنی هاوپەیمانێکی بەهێز لە نێوان نەتەوەکانی دروز ‌و کورد و بەدەوی.

بەڵام ئایا چەندە ئەم پرۆژەیە دەتوانێ خزمەت بە ئاواتی لە مێژینەی کوردان بکات وە یان مێژوویەکی تری وەک سایکس پیکۆ دووپات کاتەوە جارێ نادیارە….؟!