بڵێسەی گڕی داگیرکاری، کێوی ئاویەری سەربەرز دەسوتێنێ…
دواڕۆژ
رۆژی پێنجشەممە ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٤ی هەتاویی کاتژمێر ١١ی بەیانی بڵێسەی ئاگری ڕقی داگیرکەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕژیمی دژە مرۆڤ و قازانجپەرەستی کۆماری ئیسلامیی کێوی ئاویەری سەربەرزی کردە ئامانج. لەو ئامانجە قێزەونەدا کێوی ئاویەر لە نێو بڵێسەی ئاگردا سووتاو بەم بۆنەوە چالاکانی ژینگە پارێزی سنە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە بە هانای ئاویەرەوە چوون و هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دا. بە داخەوە لە بەر ئاستی بەهێزی ئاگرەکە و نەبوونی کەرەسەی پێویستی ئاگر کوژێنەوە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕژیم و دام و دەزگاکانی پێوەندیدار، چەندین کەس لە ژینگە دۆستان بریندار بوون و جەستەیان سووتاو سێ کەسیشیان گیانی ئازیزیان بەختکرد . زۆر بەداخەوە لەم کارەساتە دڵتەزێنەدا سێ کەس لە ڕۆڵەکانی نیشتمان لەوانە کاک حەمید مورادی پارێزەر و بەرپرسی رێکخراوی شنەی نەوژین ،کاک”چیاکۆ یووسفینژاد” وەرزشوان و کاک خەبات ئەمینی گیانی ئازیزیان لە پێناو پاراستنی ژینگەی کوردستان بەختکرد. بەمجۆرەو لەم کارەستاتە دڵتەزێنەدا ژینگەپارێزان و ڕۆڵە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان دەست لەناو دەستی یەک باوەشیان بە جەستەی سووتاوی نیشتمان و ئاویەری سەربەرزدا کرد و بوونە هەتوانی برینی شاری سنەی سوورو لاپەرەیەکی تریان بە خەبەتاتی پرلەشانازی رۆڵەکانی ڕۆژهەڵات زیاد کرد. ئاگر گرتنی شوێنە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و لەوانە کێوی ئاویەرو لەناو بردنی زۆربەی ژینگەی کوردستان کە زۆربەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە رێکدەخرێن و سازمان دەدرێن و بەکرێگیراوانی گوێ لەمستی خۆی بۆرادەسپێرێ، ناتوانێ بە هەڵکەوت بێ بەڵکوو ئەمە پیلان و سیاسەتێکی سیستماتیکە کە کۆماری ئیسلامی ٤٦ ساڵە بە ئەنقەست لەدژی ژینگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان بەڕێوەی دەبات.
لە راستیدا نەبوونی کەرەستەی پێویست و کەمتەرخەمی ناوەندە بەرپرسیارەکان، بەرپرسایەتی کۆنترۆڵی ئاگرکوژاندنەوە بە تەواوی لە ئەستۆی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی هێشتووەتەوە. سووتاندنی چیا و مەزرا و شوێنە گشتی و تایبەتەکان و ئاگر لە سروشت بەردانی بە ئەنقەست مێژوویەکی دورودرێژی هەیە و بەداخەوە لە کوردستانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ساڵ بە ساڵ پەرە دەستێنێ و بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و هەموو جارێکیش قوربانی لێدەکەوێتەوە. ئەم دیاردەیە هێنده دووپات بۆتەوە کە ڕق و تووڕەیی هەموو خەڵکی کوردستانی لەم رژیمە بێکەڵکە زیاد کردوە. سووتاندنی لێڕەوار و دارستان و پارکی سروشتی و چیا بە دیمەن جوان و دڵڕفێنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆتە دیاردەیەکی دزێو و ناشیرین کەهەموو هاوینان لەشی نیشتمان زامار دەکا.
کۆماری ئیسلامیی و سپا تیرۆریستەکەی قەت نەیانویستووە پارێزگاری لە کوردستان بکەن و بەردەوام هەوڵیان داوە ویست و ڕوانینی دواکەوتووانەی خۆیان بەسەر ئەم بەشەی کوردستاندا زاڵ بکەن.لە ماوەی ئەم ٤٦ ساڵەدا بە هیچ چەشنێک نەیتوانیوە تۆزقاڵێک ڕەزامەندی کۆمەڵگا بە دەس بێنێت. ئەوان بۆخۆیان هۆکاری خوڵقاندنی کارەساتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و چیاکانی رۆژهەڵاتن بەم هەموو کەرەستە و ئیمکاناتە مودێرنەش کە لەبەردەستیداندایە، بچووکترین هەنگاوێک بۆ کۆنتڕۆڵی کارەساتەکان هەڵناهێن و زۆر خەمساردانە بە لایدا تێپەڕ دەبن و ئەرکەکەیان خستۆتە سەر شانی خەڵک.
بۆیە خەڵکانی خۆبەخش و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی وەک ئەرکێک ئەو کەلێنیانەیان بۆ جەماوەر پڕ کردووەتەوە و نیشتیمان پەروەری و ژینگە پارێزی بووەتە نەریتێکی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەرکی پاڕاستنی ژینگە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەستۆی دەیان کەس لە خەباتکارانی ئەم بوارەیە و ساڵانە لە زۆربەی شار و گۆندەکانی کوردستان کەسانی خۆبەخش بە ورەیەکی شۆڕشگێڕانەوە ڕوو ئەکەنە ژینگەکانیان و بە لە خۆبردوویی و فیداکاری بێ وێنەوە دەیان داستانی مرۆڤایەتی و ژینگە دۆستی تۆمار دەکەن و بە ئەرک و کارێکی خەباتکارانەی ئەزانن و لە درێژەی ڕیگای بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانی لە قەڵەم دەدەن و لە ڕاستیش دا خۆدی ڕژیمیش بەوە تێگەیشتووە و تەنانەت بە زۆر شێوازی ترسناک و جەنایەتکارانەوە بەرپرچی ئەو خەباتەش دەداتەوە و چالاکانی ئەو بوارەش دەخاتە ژێر چاودێری و زەخت و گۆشار دەخاتە سەریان و ڕێگری لە چالاکییەکانیان دەکا و دەیانگرێ و حۆکمی قورسی زیندانیان بە سەردا دەسەپێنێت. بێ گومان ئەم کارەساتەو دەیان و سەدان کارەساتی لەوشێوەیە کە لەماوەی ٤٦ ساڵی رابردوودا لەکوردستان رویان داوە بۆ خەڵکی کوردستان و ژینگە پارێزان و دلسۆزانی کوردستان خەسارێكی یەکجار گەورەیە و لە دو رۆژدا و بەهۆی پەرۆشیی ودڵسۆزیی لە پێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی نیشتماندا، كوردستان و بەتایبەتی شاری سنە دوو ژینگەپارێز و رۆڵەی قارەمان و فیداكار گیانیان بەختكرد و بوونە هێمای ئازایەتی و دڵسۆزی لە پێناو پاراستنی ژینگە و سرووشتی كوردستان.
بێ گومان كۆماری ئیسلامیی هۆكاری سەرەكی كەوتنەوەی ئەم كارەساتانەیە لە کوردستان.
رژیم و دام و دەزگاكانی بە درێژایی دەسەڵات و داگیركارییان لە كوردستان هیچ كات پەرۆشی سوتانی دارستانەكان و لەناوچوونی ژینگەی كوردستان و گیانبەخت کردنی رۆڵەکانی کوردستان نەبوون. ئێمە وێڕای دەربڕینی ئەوپەڕی پەژارەی خۆمان بۆ گیان لەدستدانی شەهیدانی ژینگە، سڵاو و درود دەنێرین بۆ بنەماڵەی ئازیزیان و هەموو خەمخۆرانی کوردستان و دڵسۆزانی ژینگەو کوردستان. خشمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
کوردستان موڵکی خەڵکی ئەو وڵاتەیە و پاراستنی ئەرکی هەمووانە. ئەمرۆ خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپارێزی کوردستان، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کوردستان سەربەخۆ و پشت گەرم بە هێزی گەل توانیویانە زۆر ئەرکی مەدەنیی گەورە بگرنە ئەستۆ و بەئەنجامی بگیەنن. ئێمە سەربەرزین بە ئیرادەیان و هەوڵی بێ وچانیان بۆ پاراستنی ژینگە بەرز دەنرخێنین و سپاس و دەسخۆشییان لێدەکەین.