تیمی فریاکەوتنی تورکەمەن سەحرا و داکوتانی ڕەگێکی نوێ لە بزووتنەوەی کوردستان!

دواڕۆژ

ساڵانێکە هاتنی وەرزی بەهار و ساڵی نوێ، بۆ ئێمە و جەماوەری خەڵکی ڕەنجدیتوو و ستەملێکراو، بەتایبەتی خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سنە، وەبیرهێنەرەوەی کارەساتێکی گەورە و تراژیدیایەکی ئینسانی و خەم و ماتەمینێکی زۆرە. ئەم ڕۆژانەی بەهار و نەورۆزی ساڵی نوێ، ٤٧ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا تێپەڕ دەبێت. ڕۆژی ٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی بوو؛ ئەو ڕۆژەی کە ٩ کەس لە خۆشەویستترین و ناسراوترین ڕوخسارەکانی شاری سنە، ٩ کەس لە چالاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان، ٩ تێکۆشەری دڵسۆز و بەئەمەگی کۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان، لە ڕێگای گەیاندنی یارمەتی بە خەڵکی “تورکەمەن سەحرا” گیانی ئازیزیان بەخت کرد و بۆ هەمیشە کۆڕی هاوڕێیانەی ئێمەیان بەجێ هێشت.

٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی کە تێیدا ئەو کارەساتە دڵهەژێنە خولقا، بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕی شاری سنەی سوور و بۆ ئێمە وەک تێکۆشەرانی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، وەبیرهێنەرەوەی یەکێک لە تاڵترین ڕۆژەکان و لە هەمان کاتیشدا وەبیرهێنەرەوەی هاوخەباتی، هاوپشتی، یەکێتی و بەهاناوەچوونی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە بەدەم خەباتی ڕەوای سەرجەم زوڵمچێشتووانی هاوچارەنووس لە بەشەکانی تری ئێراندا.

دوایین ڕۆژەکانی زستانی ساڵی ١٣٥٧ و کاتی هاتنی وەرزی بەهار و ساڵی نوێی ١٣٥٨ی هەتاوی، ئەو کاتانەی کە خەڵکی وەگیانهاتووی ئێران و کوردستان، دامودەزگای ڕژێمی شایان تێکەوە پێچایەوە و کۆتایییان بە دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی ڕژێمی شا هێنا؛ لە کاتێکدا کە هێشتا دوو مانگ بەسەر هاتنەسەرکاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا تێنەپەڕیبوو و ئاوات و خۆزگەکانی کۆمەڵانی خەڵک بە سەرەنجام نەگەیشتبوو، خەڵکی زۆرلێکراو و مافخوازی “تورکەمەن سەحرا” بە دامەزراندنی بنکە و شووراکانی خەڵک لە بەرانبەر دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی تازەبەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی ڕاوەستابوون و دەستیان دابووە خەبات و تێکۆشانێکی هەمەلایەنە، پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بە دژی ئەو ڕژێمە.

لە لایەکی تریشەوە، کۆماری ئیسلامی لە هەوڵ و تەقالادا بوو تا بە هەستاندنەوەی دەستکەوتە شۆڕشگێڕەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران، بەر بە هەموو شۆڕش، ئاخێز و جووڵەیەک بگرێت و هەر دەنگێک لە گەروودا کپ بکات و نەیارانی خۆی سەرکوت بکات. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی دەیهەویست کە دەست بەسەر ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکدا بگرێت، چ لە کوردستان و چ لە تورکەمەن سەحرا و چ لە هەر گۆشە و کەنارێکی ئێراندا بێت.

کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتاوە بە داڕشتنی پیلانێکی جەنایەتکارانە، خوێناوی و قیزەون، خوێنی چوار کەس لە ڕێبەران و کەسە ناسراوەکانی خەباتی ڕەوای خەڵکی “تورکەمەن سەحرا”ی بە ناوەکانی (شیرمەحمەد درەخشەندە ناسراو بە تۆماج، عەبدولکەریم مەختووم، حسێن جرجانی و مەحمەد واحیدی) بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ڕشت و لە ئاکامدا زۆر بێبەزەییانە هێرشی کردە سەر خەباتی ڕەوای خەڵکی ئەو ناوچەیە. خەڵکی وەگیانهاتووی تورکەمەن سەحرا شێلگیرانە و یەکگرتووانە لە بەرانبەر سەرەڕۆییەکانی ڕژێمی تازەبەدەسەڵات گەیشتووی کۆماری ئیسلامی وەستانەوە.

لە هەمان کاتیشدا، خەباتێکی ڕەوای جەماوەری، پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە کوردستان لە ئارادا بوو کە تەنگی بە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیبوو. ئەم خەباتە ڕەوایە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرینتر، بەهێزتر، ڕادیکاڵتر و ڕێکخراوتر دەبوو. کۆمەڵە کە لە ڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا بوو، هەر لە سەرەتاوە بوو بە پشتیوانی گەلی تورکەمەن سەحرا، دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی بێبەشان و مافخوازانی ئەم بەشە لە جەماوەری خرۆشاو و بە تەواوی هێزەوە دەستی خەبات و یەکگرتوویی بۆ یارمەتیگەیاندن درێژ کرد. کۆمەڵە بە ئەرکی سەرشانی خۆی دەزانی لەو خەباتە پشتیوانی بکات، هەر بۆیە لە یەکەمین دەرفەتدا بە سازماندانی تیمێکی پزیشکی کەوتە جووڵە و ٩ کەسی بە هەموو ئیمکاناتێکی دەرمانییەوە بەرەو تورکەمەن سەحرا ڕەوانە کرد.

ئەم تیمە پزیشکییەی کە بە دڵێکی پڕ لە هیواوە بۆ یارمەتیگەیاندنی گەلی تورکەمەن کەوتبوونە ڕێ، زۆر بەداخەوە نەگەیشتنە مەبەست و لە نیوەی ڕێگادا، لە کارەساتێکی نەخوازراو و لە ئاکامی ڕووداوی هاتووچۆدا، هەموو هاوڕێیانمان گیانی ئازیزیان لەدەست دا و بۆ هەمیشە دڵیان لە لێدان کەوت و کۆڕی گەرمی هەواڵانیان بەجێ هێشت.

پەیکەری بێگیانی ئەو ئازیزانە لە نێوان خەم و پەژارە و ماتەمی هاوڕێیانی کۆمەڵە و هەزاران کەس لە ئازادیخوازانی کوردستان و خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە و دەوروبەری بە خاک سپێردران.

ئەوانەی لە نزیکەوە ئەم هاوڕێیانەیان دەناسی، بە باشی لەبیریانە کە ئەوان لە ڕیزی باشترین و خۆشەویستترین هاوڕێیانماندا بوون کە ئاوات و ئارەزوویان دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بوو. لەدەستچوونی ئەم پۆلە مرۆڤە لەو سەردەمە تایبەتەدا و لە کاتی شکڵگرتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، بۆ ئێمە و بۆ خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان خەسارێکی یەکجار گەورە بوو.

زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی شاری سنە و دەوروبەری، ئەم هاوڕێیانەیان دەناسی و لەگەڵیان ئاشنا بوون. ئەوان لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، چ وەک کرێکار، چ وەک مامۆستای قوتابخانە و چ وەک پزیشکیار، چالاک و بەدەم خەڵکەوە بوون. ئەم هاوڕێیانە دەرد و مەینەتەکانی خەڵکیان بە باشی دەناسی و لە نزیکەوە ئاگاداری ژیانی خەڵکی بەش مەینەت بوون. ئەوان بڕیاریان دابوو کە بە هانای خەڵکەوە بچن و خەم و دەردیان لەگەڵ بەش بکەن؛ ئاخر ئەوان لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا وا بار هاتبوون کە دڵسۆزی خەڵک بن. ئەم تایبەتمەندییە بەرچاوانە وای کرد کە ئەوان لە ڕیزی کاروانی یارمەتیگەیاندنی خەڵکی کوردستاندا بن بۆ گەلی تورکەمەن سەحرا.

گرێدانی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستان بە بەشەکانی تری ئێران، یەکێک لەو ئەرکە شۆڕشگێڕانە بوو کە کۆمەڵە زۆر ژیرانە هەر لە سەرەتای شکڵگرتنی بزووتنەوەکەوە گرتییە بەر و بە کردەوەشی دەرهێنا. لە هەر کوێیەک یەکەمین ترپەکانی خەباتی جەماوەری لێدرابا، هاوڕێیانی کۆمەڵە لەوێ بوون. هەموو شارەکانی ئێران، ناوەندەکانی بەرهەمهێنان، کوورەخانەکان و شوێنە هەژارنشینەکان، شوێنی خەبات و تێکۆشانی هاوڕێیانی کۆمەڵە بوون. ئەوان لەو شوێنانەدا ئەزموونی باشیان بەدەست هێنابوو، هەر بۆیە شوێن و مەکان بۆیان گرنگ نەبوو؛ گرنگ خەبات و یارمەتیدانی خەڵک بوو لە هەر کوێیەک بێت.

هاوڕێیانی گیانبەختکردوو بریتی بوون لە:

فایزە قوتبی، گوڵڕێز قوبادی، فەریدە زەکەریایی، جەمیل زەکەریا، جەمیل سەجادی، ئیسماعیل عەلی‌پەنا، ڕەئووف کەمانگەر، ئەسعەد وەزیری و فەتحوڵڵا لوتفوڵڵانژادیان.

بەم جۆرە ئەم هاوڕێیانە خوێنیان تێکەڵ بە خوێنی هەزاران کەس لە خەڵکی تورکەمەن سەحرا و بەشەکانی تری خەبات لە ئێران بوو. ناوی هاوڕێیانی تیمی پزیشکیی کۆمەڵە هه‌تا به‌ ئەمڕۆش وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی بوێری و خه‌باتكاری بووه‌ و ده‌بێت. ڕێباز و ڕەوشت و هه‌ڵسووكه‌وتی شۆڕشگێڕانەی ئه‌م هاوڕێیانە، له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان و خه‌باتی كرێكاران دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی ئیسلامی قەت لەبیر ناچێتەوە. لە ٤٦ـەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ئەم هاوڕێیانەدا، یاد و بیرەوەریی هەر هەموویان وێڕای دووپاتکردنەوەی پەیمانی پێبەندبوون بە ئامانجەکانیان و یادی هەموو گیانبەختکردووانی ڕێگای سۆسیالیزم بەرز ڕادەگرین. لەو ڕۆژەدا، سڵاو و دروود دەنێرین بۆ بنەماڵە و کەسوکاری ئەم هاوڕێیانە کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە خۆڕاگرییان لە بەرامبەر ژانی لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان، بوونەتە مایەی دڵگەرمی و ئومێدواریی زیاتری ئێمە بۆ درێژەدان بە ڕێگای ئازیزانیان.

یادی ئەو ئازیزانە بۆ هەتاهەتایە لە نێو دڵماندا دەمێنێتەوە.