ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و کۆتایی هاتنی چەند ساڵێک لە نفوزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریە…!
ئا.مەریوان
ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، دوای چەندین ساڵ لە شەڕی ناوخۆ و فشاری نێودەوڵەتی ، ململانێی هێزە نیابەتییە جۆراوجۆرەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی، بووەتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئه م پێشهاته تهنها کۆتایی هاتنی چهند دهیهی دهسهڵاتداریی بنهماڵەی ئهسەد له سووریە نییه، بهڵکوو گورزێکی جیددییه له سیاسهته ناوچەیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران که یهکێک له لایهنگرانی سهرهکیی ئهسهد بوو له سهردهمی دەسپێکی ئالۆزییەناوخۆیەکانی سووریە.
ڕۆڵی ئێران لە پشتیوانیکردن لە ئەسەد
لە سەرەتای دەسپێکی کێشەناوخۆییەکانی سووریە بە تایبەتی دوای بەهاری عەرەبی لە ساڵی 2011ەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد کردووە. تاران بە ناردنی هێزی سەربازی و پاڵپشتی دارایی و لۆجستی هەوڵیدا ڕژێمی ئەسەد وەک یەکێک لە پایەکانی “میحوەری موقاومەت” بپارێزێت. سوریە بە کردەوە ئالقی پەیوەندی نیوان ئێران و حیزبوڵای لوبنان بوو وە ڕۆڵێکی گرنگی دەبینی لە گواستنەوەی چەک بۆ حزبوڵای لوبنان .
کاریگەری کەوتنی ئەسەد لەسەر ئێران
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سوریە دەبڕدرێت. ئەم کەوتنە بە مانای کۆتایی هاتنی یەکێک لە گرنگترین هێڵە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و حیزبوڵای لوبنان و لاوازبوونی ڕۆڵی تاران لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەها ئێران ملیاردھا دۆلاری لە سوریە وەبەرهێناوە کە بە کردەوە لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەدەست دەچێت.
کاریگەری ستراتیژی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی
١- داڕمانی مێحوەری مەقاومەت : ڕووخانی ئەسەد گورزێکی کوشندە بوو لە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان ئێران و سوریە. مێحوەری مەقاومەتی دەستکردی دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێرای ماوەیوکی زۆر لە کارو چالاکی لەبەرژەوەندییەکانی ئێران و هەزینە کردنی سەدان میلیارد دۆلار و هێزێکی گەورەی سەربازیی و سپای پاسدارانی بۆ تەرخان کرا بوو، تووشی داڕمانی جیددی کرد و ئەگەری سەر لە نوێ هەستانەوەو بوژانەوەی گەڵێک دوژوار کردوە.
٢- زیادبوونی گۆشەگیریی ناوچەیی: بە کردەوە کۆماری ئیسلامی بە لەدەستدانی سوریە، زیاتر لە جاران سووک و ریسوا دەبێ و بە تەواوەتی دەکەوێتە پەراوێزەوە بەم شێوەیەش یەکێک لە هاوپەیمانەکانی لە جیهانی عەرەبیدا لەدەستدا.
٣- زیادبوونی گوشارە ناوخۆییەکان بۆ سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی : جەماوەری خەڵکی ئێران کە بەکردەوە نیشانیان داوە بێزارو تورەن لە سیاسەتە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا، زیاتر لە جاران زیاتر کۆماری ئیسلامیی دەخەنە ژێر گوشارو بە مانگرتن و خۆپیشاندانی خۆیان ،ڕژیم زیاتر وادار بە پاشەکشە کردن دەکەن لە هەموو مەیدانەکانی مانوۆردانی ئەم ڕژیمە چ لەناوەو چ لەدەرەوە .
٤- بنیاتنانەوەی هاوکێشەی دەسەڵات لە ناوچەکە: هەموو روداوەکان دەرخەری ئەم راستییەن کە وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوایی ئەم دەرفەتە بۆ سنووردارکردنی زیاتری نفوزی ئێران لە ناوچەکە،بەکار دێنن و ئێتر ناهێڵن ئەم ناوچەیە بە ئاسانی ببەتە مەیدانی ڕەمبازێن و سەرەرۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی.
ماوەتەوە بڵێن کە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەرەو نەزمێکی نوێ هەنگاو دەنێ و درەنگ یان زوو کۆماری ئیسلامیی و سەرجەم دیکتاتۆرەکانی تر بەرەو هەمان ئاقاردا دەرۆن کە دەوڵەتی بەشار ئەسەد پێدا چوو. ڕووخانی ڕژیمە دیکتاتۆرەکانی هاوشێوەی ئەسەد، درەنگ یان زوو دەتوانێ هەنگاوێکی گرینگ بن بۆ خەبات لەپێناو ڕزگاری جەماوەری تینوی ئازادی و دیمۆکراسی لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئەم روخان و هاتنەدی ئازادییەکان و سەقامگیر بوونی دیمۆکراسی لە گرەوی یەکگرتوویی و ها وپشتی جەماوەری نارازی دایە کە ئاواتیان روخانی دەسەڵاتە سەرەرۆکانە. ئازادی نیزکە و دەتواندرێ بەهارێکی تر بخوڵقێ…..