پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی ژنان مەکەن!

✍سولماز دوروودی

ڕۆژی جیهانیی ژن بۆ ئەوەیە سەرنجی زیاتر بدرێتە ئەو ناعەداڵەتی و هەڵاواردنەی بە هۆی جنسییەتەوە ڕێگە لە بەشداریی چالاک و پڕبەپڕی ژنان لە کۆمەڵگادا و چێژوەرگرتنیان لە ژیان گرتووە.

٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان ــ بەپێچەوانەی ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا بووەتە باو ــ ڕۆژی جەژنی ژنان نییە. ئەو ڕۆژە بۆ ئەوە دیاری نەکراوە کە بەباڵای جەستەی ژنان و لێهاتوویان لە چێشتلینان یان توانایان لە بەخێوکردنی مندال و بەڕێوەبردنی ماڵدا، هەڵبڵێین. یان بە دایک و خۆشکی نموونە و دڵسۆز باسیان بکەین. دیارە ڕێزگرتن لەو کەسانەی شیاوی ڕێزن پێویستە بەڵام نەک لەبەر ژن یان پیاو بوونیان و نەک لە ژێر ئەو پێناسەی ڕوانینی پیاوسالارانە بۆ ژنانی دیاری کردووە.

بۆ دروستکردنی ئاڵوگۆڕ لە کۆمەڵگای نایەکساندا و بردنی بەرەو یەکسانی جنسییەتی، پێویستە ڕوانینی مرۆڤ بۆ مەسئەلەکە لە ڕوانینێکی پیاوسالارانەوە بگۆڕدڕێ بۆ ڕوانینێکی یەکسانیخوازانە و ئینسان خۆی لە تێگەیشتنە چەقبەستووەکان لەسەر نەخش و ئەرکی ژن و پیاو لە کۆمەڵگا ڕزگار بکا. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەموو ئەو یاسا و ڕێسا و کولتوورانەی لەسەر بنەمای باڵادەستبوونی پیاو دامەزراون و جێکەوتوون، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بگۆڕدرێن بۆ یاسای یەکسانیخوازانە.

هەموومان پێکەوە دەبێ کار بۆ ئەوە بکەین کە جنسییەت چیدیکە لە کۆمەڵگادا گرینگی و دەوری نەبێ، تەنها ئەوکاتەیە کە هەموومان دەتوانین خۆمان وەکوو مرۆڤێکی ئازاد پێناسە بکەین،  پێشکەوین و چێژ لە ژیان وەرگرین.

پیرۆزبایی لە ژنان لە ڕۆژی هەشتی مارسدا وەکوو ئەوەیە لە ڕۆژی جیهانی ئەیدزدا پیرۆزبایی لەو کەسانە بکەین ڤایرۆسی اچ ئای ڤی لە جەستەیاندایە، یان لە ڕۆژی جیهانیی خوراکدا پیرۆزبایی لە برسیەکانی جیهان بکەین. ڕۆژی هەشتی مارس هێمای خەباتە و بۆ ئەوەیە بیرمان نەچێ لە جیهانێکی نایەکسان و نامرۆڤانەدا دەژین و خەبات بۆ دەستەبەرکرانی مافەکانی ژنان ئەرکێکی بەردەوام و هەمیشەییە.

بەڵام نەک لە ڕۆژی هەشتی مارسدا بەڵکوو لە هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا پێویستە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو ئینسانانە بکەین کە توانیویانە بە بیر و کردەوە هەنگاوێک لە یەکسانی نزیک بنەوە. جێی خۆیەتی پیرۆزبایی لەو بزووتنەوە یەکسانیخوازانە و خەباتکارانی بکەین بۆ هەموو ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە. پیرۆزبایی لە هەموو مرۆڤە ڕچەشکێن و تابوو شکێنەکان بکەین کە ڕێگەی ڕۆشتن بەرەو یەکسانیی ئینسانەکانیان بە هەوڵی بێوچانیان خۆش کردووە.

ڕۆژی جیهانیی ژنان ڕێز لێدەگرین و خەباتمان تا نەمانی هەموو جۆرە ستەم و هەڵاواردنێک بەردەوام دەبێ.

بەرز و بەڕێزە هەشتی مارس و یادی هەموو ئەو مرۆڤە یەکسانیخوازانەی لە ڕێگەی ئەم خەباتەدا هەوڵیان داوە، ئازاریان چەشتووە و کۆڵنەدەرانە کاریان کردووە و دەیکەن.