✍سەیران مستەفازادە

زمان ڕەنگدانەوەی کولتووری خەڵکێکە کە بەو زمانە قسە دەکەن. زمانی دایکی، پێناسەی مرۆڤە کە بە پاراستنی زمانی دایکی،  مرۆڤ لە خۆی پارێزگاری دەکات . رۆژی ۲۱ی فێبریوەری بەرابەر بە ۲ی ڕەشەمە لە لایەن یۆنێسکۆوە بە رۆژی جیهانیی زمانی دایکی  ناودێر کراوە. ناودێرکردنی ئەو رۆژە لە کۆنفرانسی گشتیی و یۆنێسکۆ لە ساڵی ۱۹۹۹ به مەبەستی یارمەتیدان بە جۆراوجۆریی زمان و کولتوور جێبەجێ کراوە. لە ساڵی ۱۹۵۲ی زایینی  خوێندکارانی زانکۆکانی شاری داکا پایتەختی ئێستای وڵاتی بەنگلادێش کە لەو کاتەدا لە ژێر دەسەڵاتی پاکستاندا بوو بۆ ڕەسمیکردنی زمانی بەنگالی وەکوو دووهەمین زمانی پاکستان، خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانەیان لە سەرتاسەری ئەو شارە وەڕێخست. بە دوای خۆپیشاندانی خوێندکاران، پۆلیسی پاکستان تەقەی لێکردن و ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارەکانی کوشت. دوای سەربەخۆیی بەنگلادێش و بە داواکاریی ئەو وڵاتە، بۆ یەکەم جار رێکخراوی یۆنێسکۆ لە ۱۷ی نوامبری ساڵی ۱۹۹۹ رۆژی ۲۱ی فێبریوەری بە رۆژی زمانی دایکی ناودێر کرد و لە ساڵی ٢٠٠٠ی زاینییەوە لە زۆربەی وڵاتەکان ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت. زمانی کوردی یەکێک لە زمانە زیندووەکانی جیهانە و لە نێوان ۸۰ زمانی زیندوو لە ڕیزی ۳۱ دایە. دوای راپەڕینی ساڵی ۱۹۹۱ لە باشووری کوردستان و دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی تازە بۆ زمانی کوردی خولقا.

لە باکووری کوردستان لە پێناو پاراستنی زمانی کوردی چالاکی تایبەت جێبەجێ بوو. لە عێراق کوردی یەکێک لە زمانە فەرمییەکانی ئەو وڵاتەیە. لە رۆژهەڵاتی  کوردستان زمانی کوردی فەرمی نییە و لە خوێندنگەکان ڕێگە بە خەڵکی کورد نادەن بە زمانی کوردی بخوێنین بەڵام بە شێوازی بەربڵاو تاکەکانی بە شێوەی خۆڕسک خەریکی فێرکردنی زمانی کوردین و ژمارەیەک ڕێکخراوی مەدەنیش هەن کە بە دانانی خول و دەورەی جۆراوجۆر یارمەتیی خەڵک دەدەن بۆ فێربوونی زمانی کوردی. هاوکات لەسەر جەخت لەسەر گرینگیی زمانی کوردی وەک زمانی دایکی، بەهێز بوونی زمانی کوردی لە فێرکردن و نووسینی هەموو بابەتەکانی زانستی و ئەدەبییەکان کراوە. لە ئێران هەرکەس داواکاری مافی نەتەوەیی خۆی بێت پێی دەوترێت جیایی خواز له حاڵێکدا لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ئاماژە بە ڕاهێنانی ئەدەبیات و کولتووری بە وتەی خۆیان کەمایەتیی نەتەوەیی لە پاڵ زمانی فارسیدا کراوە بەڵام دوای زیاتر لە چوار دەیە ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکراوە و لە خوێندنگاکانی ئێران بەڕێوە ناچێت. هەرچەند کە لە سەرەتای دەیەی حەفتای هەتاویی بەرنامەی راهێنانی زمانی و کولتووریی و ئەدەبیاتی کوردی لە شارەکانی وەک سنە، مهاباد، بۆکان، سەقز، ورمێ، ئیلام و کرماشان بەرێوە چوون . بەڵام زمانی دایکی لە زانکۆکان لە بیر کرا . چالاکان و مامۆستایانی زمانی کوردی لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە دانانی کلاسی تایبەت بۆ خوێندنی زمانی کوردی توانیویانە زمانی کوردی فێری خوێندکارانیان بکەن.

بەداخەوە بە هۆی سیاسەتەکانی رژیم لە کوردستان لە ساڵانی رابردوودا ئەو رێکخراوانە وەک پێشتر ناتوانن چالاک بن و رژیم  لە ترسی پەرەپێدان بە پرسی نەتەوەیی مەیدانی کاری چالاکوانانی کەم و بەرتەسک کردۆتەوە و زۆربەی ئەم چالاکوانانەی کە چالاکی دەکەن دەستگیر دەکرێن و بە تۆمەتی ئەمنییەتی حوکمی زیندانی درێژ ماوەیان پێدەدرێت. کەسانێک وەک زارا محمەدی و سیروان ئیبراهیمی کە تەنیا چالاکیی ئەوان وانە وتنەوە بە زمانی دایکی بوو، بە تاوانی وانەی کوردی وتنەوە و بارهێنانی مناڵانی کورد لەسەر  زمانی دایکی  دەستبەسەر دەکرێن و بۆ نموونە سزای پێنج ساڵ بەند کردن بەسەر زارا محەممەدی دا دەسەپێندرێت، ئەمە لەکاتێکدایە کە بە پێی ماددەی ۱۵ ی یاسای بنەڕەتی رژیمی ئێران خوێندن بە زمانە دایکی ئازادە.

جیا لە گوشار هێنانی خەڵک و چالاکانی ئەدەبی و مامۆستایان لە ناوخۆ، بۆ گەیشتن بە مافی سەرەتایی خوێندن دەبێت پلانی تایبەت هەبێت و مافی چاپ و بڵاوبونەوەی گۆڤار، بەرنامەی تی ڤی بە زمانی کوردی بە شێوازی باش و درووست کەڵکی لێ وەرگیرێ بۆ گەشە کردنی کلتوور و ئەدەبیات و زمانی کوردیی