هەڵبژاردن چارەسەر نییە!
بێهنام فەتحی
سەرەڕای ئەوەیکە هەڵبژاردنەکانی ئامریکا بەشێکی بەرچاوی هەواڵ و لێکدانەوەی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گرتە خۆی، تەوژمی کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوە، ڕاگەیاندنەکانی ڕژیمی سەرکوتگەری ئێرانیشی گرتەوە.
بەرپرسان و کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لە تریبوونی ڕاگەیاندنە چەقبەستووە گوێ لەمستەکانیانەوە، هەوڵیان دا وا بنوێنن کە ئەم ڕووداوەو هاتنەسەرکاری سەرۆک کۆماری نوێی ئامریکایان بۆ گرینگ نیە.
بەڵام لە لایەکترەوە بە ئاشکرا سیگناڵی دانیشتن و گفتگۆیان بۆ لایەنی ئامریکایی دەهەنارد!
بەلەبەرچاوگرتنی پێچەڵپێچبوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئامریکا، غافڵ لەوەیکە سیاسەتی گشتی ئەو وڵاتە، بەتایبەت لە هەمبەر وڵاتانی دژبەری لە جیهاندا نەک لە لایەن تاکێک یان بەتەنیا دەوڵەتەوە، بەڵکو لە ژوورەکانی بیرکردنەوەی ستراتێژیک و لەژێر کاریگەریی لۆبییە بەهێزەکان بە سەر کۆشکی سپی دا دیاری دەکرێت، ڕژیمی ئێران پێیوایە بەسەرکەوتنی باڵە دڵخوازەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ئامریکادا، دەتوانێت لەوەبەدوا هەناسەیەک بە ئارامی هەڵمژێت!
جیا لەوەش ئەگەرچی شەڕ درێژەی سیاسەتەو زۆربەی ئاڵوگۆڕە سیاسیەکانی جیهان لە ئاکامی شەڕدا ڕوویان دابێت؛ ئەگەرچی وەهم و دڵەڕاوکێی هێرشی دەرەکی سەرتاپای ئەو ڕژیمەی داگرتبێتو بیر لە ساتوسەوداو فرت و فێڵ بکاتەوە، لەڕاستیدا ناکۆکییە ناوەکیەکان و ناڕەزایەتی و تووڕەیی جەماوەری وەزاڵەهاتووی گیرۆدەی ئەو دەسەڵاتە نگریسە، یەخەی پێدەگرێت و تەنگی پێ هەڵدەچنێ.
هەر لەم ڕۆژانەی ئێستامان، ساڵێک بەسەر لە خوێندا گەوزاندنی سەدان کەس و بریندارو بێسەروشوێنکردنی هەزاران کەس لە جەماوەری ناڕازیی “ئابانی ۹٨” تێدەپەڕێ.
جەنایەتەکانی حکومەتی کۆنەپەرەستی ئێران بەسەر گەلانی ئەو وڵاتە کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە گرانی و برسیەتی و نالەباربوونی ژیانیان ڕژابوونە سەر شەقام، گەیشتە باڵاترین ئاستی خۆی و ئەو ڕژیمە دەستی لە هیچ چەشنە دڕندایەتیەک بەرانبەر بە خەڵکی بێ تاوان نەپاراست.
یادکردنەوەی قوربانیانی ئەو خرۆشە جەماوەرییەو بەنەفرەتکردنی سەرکوتگەری و جەنایەتەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، پێویست و بەجێگەیە.
لە هەمانکاتدا خرۆشی ساڵی ڕابردووی جەماوەری خەڵک لە شەقامەکانی ئێران، وەبیرهێنەرەوەی وشیاری و ئازایەتی و لەخۆبوردوویی خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکاندایەو گرینگ و جێگەی ئاماژەیە.
بەرەی خەڵک و گەلانی ئازادیخواز بەوپەڕی وشیارییەوە، بەگشتی بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێرانیان خستوەتە ژێر پێ و لە سەرجەم پێکهاتەی دەسەڵات -بە هەموو باڵەکانیەوە- بێزارن.
لە بیرمان نەچێت کە چەند مانگێکی دیکە، دەوڵەتی بەناو ڕێفۆرمخوازەکانی کۆماری ئیسلامی کاتیان بەسەردەچێت و پێدەچێ دەسەڵات یەکدەست ببێتەوە.
لەلایەکیشەوە ئەم دەورەیە، مەجلیسی کۆماری ئیسلامی تەژی بووە لە بنئاژۆخوازەکان…
خەڵک خەباتێکی گەورەی لە بەردەمدایە.
با لە بەرەی خەڵکدا بمێنینەوە.
ڕزگاری تەنیا بەهێزی خۆمان مسۆگەر ئەبێت