تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی، بۆچی پرسی نەتەوەییی کورد نابێت بۆ داهاتووی سیاسیی ئێران دوا بخرێت؟
ئارەزوو کەمانگەر
سەرهەڵدانی گفتوگۆکان لەسەر تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و داڕشتنی سیستەمێکی سیاسیی نوێ لە دوای ئەو، تەنیا لە گۆڕینی دەسەڵات یان جێگرتنەوەی پێکهاتەی سیاسیی ئێستادا کورت نابێتەوە؛ ئەم بابەتە پێویستی بە سەرلەنوێ بیرکردنەوە هەیە لە بنەماکانی ڕەوایەتیی سیاسی، پێکهاتەی دەوڵەت، هاوکێشەکانی دەسەڵات و چۆنیەتیی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو نەتەوانەی لە ئێراندا دەژین. لەم چوارچێوەیەدا، پرسی نەتەوەییی کورد یەکێکە لە پرسە بنەڕەتییەکان کە یەکلاییکردنەوەی ناتوانێت بۆ قۆناغی دوای گۆڕینی دەسەڵات دوا بخرێت؛ چونکە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا، بابەتێکی لاوەکی نییە لە پرۆسەی تێپەڕیندا، بەڵکو یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ماهیەتی دیموکراتیانەی سیستەمی سیاسیی داهاتوو.
یەکێک لە ئاڵنگارییە سەرەکییەکان لە گوتاری بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی کۆماری ئیسلامیدا، پێشینەدانە بە زەروورەتی ڕووخانی دەسەڵات و هەڵپەساردنی نادڵنیایی و جیاوازییە بنەڕەتییەکان دەربارەی پێکهاتەی سیاسیی داهاتوو. بەپێی ئەم تێڕوانینە، سەرەتا دەبێت کۆتایی بە سیستەمی ئێستا بهێنرێت و پاشان بڕیار لەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە مافە نەتەوەییەکان، پێکهاتەی دەوڵەت و چۆنیەتیی دابەشکردنی دەسەڵات بدرێت. بەڵام ئەم جیاکردنەوەیە لە نێوان خەبات بۆ گۆڕینی دەسەڵات و دیاریکردنی بنەماکانی سیستەمی سیاسیی داهاتوو، لە ڕووی تیۆری و سیاسییەوە ڕووبەڕووی پرسیاری جدی دەبێتەوە. ئەگەر بڕیارە سیستەمی داهاتوو لەسەر بنەمای ئازادی، یەکسانی و ئیرادەی خەڵک دابمەزرێت، چۆن دەکرێت مافی دیاریکردنی چارەنووسی بەشێک لەم خەڵکە بۆ قۆناغێک دوا بخرێت کە پێکهاتەی دەوڵەت و یاسا سیاسییەکان لەوانەیە پێشتر شێوەیان گرتبێت؟
لێرەدا پێویستە چاوێک بخشێنین بە سەر پرسی نەتەوەییی کورد و سنوورداربوونی تێڕوانینی «هاووڵاتی-تەوەر». پرسی نەتەوەییی کورد ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی داواکاریی کولتووری، زمانی یان نەهێشتنی هەڵاواردنی بەڕێوەبەری و ئابووریدا شیکاری بۆ بکرێت. ئەم داواکارییانە، ئەگەرچی بەشێکی دانەبڕاون لە خەبات بۆ یەکسانی و نەهێشتنی ستەم، بەڵام هەموو ڕەهەندەکانی پرسی نەتەوەیی ناگرنەوە. پرسی نەتەوەیی لە کوردستاندا بەستراوەتەوە بە نکۆڵیکردن لە ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی، بێبەشکردنی مێژوویی لە بەشداریکردن لە دیاریکردنی چارەنووسی سیاسی و بەردەوامیی پێکهاتە ناوەندگەراکانی دەسەڵات.
لێرەدا جیاوازیی نێوان مافی هاووڵاتیبوون و مافی بەکۆمەڵی نەتەوەیەک گرنگی پەیدا دەکات. کێیە کە نەزانێت دەستەبەرکردنی یەکسانیی هاووڵاتییان لە بەردەم یاسادا، ئازادییە تاکەکەسییەکان و مافە کولتووری و زمانییەکان، لە پێداویستییەکانی هەر سیستمێکی دیموکراتین؟ بەڵام دانپێدانان بەم مافانە بە شێوەیەکی لۆژیکی بە واتای قبوڵکردنی مافی نەتەوەیەک نییە بۆ دیاریکردنی ئازادانەی پێگەی خۆی و داهاتووی سیاسیی خۆی. بۆ نموونە، ڕەنگە دەوڵەتێک مافی کولتووری و زمانیی نەتەوەکان دەستەبەر بکات، بەڵام هێشتا بڕیاردان لەسەر پێکهاتەی سیاسیی وڵات بە شێوازێکی قۆرخکراو لە دەستی دەوڵەتی ناوەندیدا بهێڵێتەوە.
بۆیە کورتکردنەوەی پرسی نەتەوەییی کورد تا ئاستی داواکاریی کولتووری یان مافی هاووڵاتیبووندا، بە واتای پشتگوێخستنی ڕەهەندە سیاسییەکەی دێت. مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە واتای ڕاستەقینەی خۆیدا، دەربڕینی مافی نەتەوەیەکە بۆ بڕیاردانی ئازادانە لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆی؛ ئەو مافەی کە کورت ناکرێتەوە بۆ پێدانی ئیمتیازاتێک لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە.
یەکێکی دیکە لە بابەتە مشتومڕاوییەکان لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆندا، جەختکردنەوەیە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران وەک ئەسڵێکی پێشوەختە کە دەرگای گفتوگۆی لە سەری بە تەواوی داخستووە. ئەم هەڵوێستە کاتێک گرنگیی زیاتر پەیدا دەکات کە لە پاڵ ئەوەدا، باس لە قبوڵکردنی فرەنەتەوەیی، مافی زمانی و کولتووری و تەنانەت ئەگەری تاوتوێکردنی مۆدێلەکانی حوکمڕانی وەک فیدراڵیزم دەکرێت.
کێشەی سەرەکی لەم خاڵەدا جیاوازی نییە لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵکو پەیوەندیی بە بنەما و سنوورەکانی مافی بڕیاردانی نەتەوەکانەوە هەیە. ئەگەر یەکپارچەیی خاک وەک ئەنجامێکی حەتمی و دەرەوەی بازنەی هەڵبژاردن و گفتوگۆ پێناسە بکرێت، لەم حاڵەتەدا بازنەی مافی دیاریکردنی چارەنووس پێشوەختە سنووردار دەکرێت. لە بارودۆخێکی ئاوادا، قبوڵکردنی فرەنەتەوەیی و کولتووری لەوانەیە لە ئاستێکی سیمبولیک و ئیداریدا بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕاستەقینەی هاوکێشەکانی دەسەڵات و قبوڵکردنی ئیرادەی سیاسیی نەتەوەکان.
بێگومان دەبێت جیاوازی دابنرێت لە نێوان قبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردانی پێشوەختە لەسەر ئەنجامە کۆتاییەکەی. داکۆکیکردن لەم مافە مەرج نییە بە واتای سەپاندنی شێوازێکی دیاریکراو ـ لەوانە سەربەخۆیی ـ لە ڕێکخستنی سیاسیدا بێت. بابەتی سەرەکی، قبوڵکردنی مافی هەڵبژاردنی ئازادانەیە. ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت ببێتە هۆی شێوازی جیاواز لە پەیوەندییە سیاسییەکان، لەوانە پێکهاتەی فیدراڵی، ڕێککەوتنی سیاسیی هاوبەش یان بژاردەکانی تر. ئەوەی ڕەوایەتیی دیموکراتی بەم هەڵبژاردنە دەبەخشێت، ئازادبوونی پرۆسەی بڕیاردان و نەبوونی زۆرەملێی سیاسییە.
کوردستان ئەزموونێکی مێژوویی لە بەردوامیی کێشەی دەسەڵاتی ناوەندگەرا هەبووە و هەر لە لایەن ئەو دەسەڵاتەوە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا گەلێک ستەمی بینیوە. ئەم ئەزموونە نیشان دەدات کە گۆڕینی سیستەمی سیاسی، وەکوو خۆی بە واتای کۆتاییهاتنی ستەمی نەتەوەیی نییە. شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و گۆڕانکارییەکانی دوای ئەو، نموونەیەکی ڕوونی ئەم ڕاستییەن. سەرەڕای بەشداریکردنی گەلی کورد لە گۆڕانکارییە شۆڕشگێڕییەکاندا و خستنەڕووی داواکارییە سیاسی و نەتەوەییەکان، پێکهاتەی سیاسیی نوێ نەک هەر وەڵامدەرەوەی ئەم داواکارییانە نەبوو، بەڵکو لە ڕێگەی سەرکوت و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازییەوە، پەیوەندیی دژبەیەک و ململانێی نێوان دەوڵەتی ناوەندی و کۆمەڵگەی کوردستانی بەردەوام کرد.
گرنگیی ئەم ئەزموونە لەوەدایە کە نیشانی دەدات کێشەکە تەنیا لەسەر ماهیەتی ئایدۆلۆژیی دەسەڵاتێک یان پێکهاتەی هێزە خاوەن دەسەڵاتەکان کورت نابێتەوە، بەڵکو پێکهاتەی ناوەندگەرای دەسەڵات و تێڕوانینی قۆرخکارانە بەرامبەر بە سەروەری (حاکمییەت) ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن. لەبەر ئەم هۆکارە، جێگرتنەوەی سیستمێکی سیاسی بە سیستمێکی تر، بەبێ پێداچوونەوە بە کێشەکانی پەیوەندیدار بە نەتەوەکان و ئەو ستەمانەی کە یەک بە دوای یەک بەرانبەریان کراوە، بە شێوازێکی لۆژیکی نابێتە هۆی گۆڕانکارییەکی دیموکراتیی ڕاستەقینە.
لەم ڕوانگەیەوە، دەبێت پرسی کورد لە قۆناغی پێناسەکردن و داڕشتنی بنەماکانی سیستەمی سیاسیی داهاتوودا سەرنجی پێ بدرێت، نەک ئەوەی دوای جێگیربوونی پێکهاتە نوێیەکە ببێتە بابەتێک بۆ گفتوگۆ و بڕیاردان.
هاوکاریی سیاسی و زەروورەتی پاراستنی سەربەخۆییی هەڵوێستەکان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە قۆناغی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامیدا دەبێت بە وریایی و وردبینییەوە لەگەڵی بجووڵێینەوە. خستنەڕووی پرسی نەتەوەیی لە پرۆسەی تێپەڕیندا، بە واتای ڕەتکردنەوەی هاوکاریی نێوان هێزە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی نییە. هاوکاریی سیاسی و دروستبوونی هاوپەیمانییە هاوبەشەکان دەتوانێت لە خەبات دژی دیکتاتۆری و داکۆکیکردن لە ئازادییە سیاسییەکاندا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت. بەڵام ئەم جۆرە هاوکارییانە کاتێک خاوەن سەقامگیری و متمانە دەبن کە لەسەر بنەمای قبوڵکردنی ماف و داواکارییە بنەڕەتییەکانی هێزە بەشداربووەکان دابمەزرێن.
هەڵپەساردنی جیاوازییە سەرەکییەکان بە هیوای چارەسەرکردنیان لە داهاتوودا، ڕەنگە لە کورتماوەدا یارمەتیدەر بێت بۆ ئاسانکاریی هاوکارییەکان، بەڵام لە درێژماوەدا دەتوانێت ببێتە هۆی کەڵەکەبوونی ناڕەزایەتییەکان و دروستبوونی قەیرانی مەشرووعیەت لە سیستەمی سیاسیی داهاتوودا. بۆیە ڕوونی و شەفافیەت لەسەر پرسی نەتەوەیی و قبوڵکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس دەبێت لە بنەما سەرەتاییەکانی هەر جۆرە هاوکارییەکی سیاسی بێت.
بۆ هێزە چەپەکانی کوردستان — ئەو ڕەوتانەی نوێنەرایەتیی چەپ دەکەن لە کوردستان کە بەرچاوترینیان کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانە — ئەم پرسە جیا لە گرنگیی نەتەوەیی، خاوەنی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و چینایەتیشە. خەبات دژی ستەمی نەتەوەیی کاتێک دەتوانێت ببێتە پڕۆژەیەکی ڕزگاریبەخش کە ببەسترێتەوە بە خەبات دژی چەوسانەوەی ئابووری، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و سنووردارکردنی ئازادییە تاکەکەسی و سیاسییەکان. ڕزگاریی نەتەوەیی بەبێ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەبێ دانپێدانان بە مافە نەتەوەییەکان، ڕووبەڕووی سنوورداریی بنەڕەتی دەبنەوە.
لە کۆتاییدا:
تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی دەرفەتێکە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا، بەڵام بەدیهاتنی گۆڕانکارییەکی دیموکراتی پێویستی بەوەیە کە لۆژیکی ناوەندگەراییی زۆرەملێ، نکۆڵیکردن لە ناسنامە نەتەوەییەکان و قۆرخکردنی بڕیار لە ناوەنددا بخرێتە ژێر ڕەخنە و پێداچوونەوەوە.
پرسی کورد نابێت بۆ داهاتوو دوا بخرێت، چونکە ئەم دواخستنە بە واتای قبوڵکردنی چوارچێوەیەکە کە تێیدا سەرەتا پێکهاتەی دەسەڵات دیاری دەکرێت و پاشان بڕیار لەسەر ماف و پێگەی سیاسیی نەتەوەکان دەدرێت. ئەم ڕێزبەندییە لەگەڵ پرەنسیپی بەشداریکردنی یەکسان و مافی دیاریکردنی چارەنووسدا ناگونجێت.
