توندوتیژیی ئینتێرنێتی ئازارێکی تازەی ژنان

Cyber Bullying

✍ سولماز دوروودی

ئازادی ڕادەربڕین یەکێک لە مافە سەرەکییەکانی مرۆڤە کە لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی پەرەسەندی پەیوەندیی دیجیتاڵ هەم زیاتر باسی دەکرێ و هەم دەرفەت و ئیمکانی دەربڕین بۆ خەڵک زیاتر بووە و ئەو مافە بە شێوەی دەربڕینی سەر سایتە کۆمەڵایەتی و ماڵپەڕەکان تا ڕادەیەک بۆ هەمووان دەستەبەر بووە و کەمتر لە جاران دەسەڵات و حکوومەتەکان دەتوانن ڕادەربڕین و گوێزرانەوەی بۆچوونەکانی خەڵک کۆنترۆڵ بکەن.

لە دنیای ئەمڕۆدا ئینتێرنێت پلاتفۆرمێکی گشتگیر و سەرەکییە کە مرۆڤەکان ئازادانە دەتوانن لەباسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و شەخسییەکاندا بەشدار بن و ئازادانە ڕاو بۆچوون بگۆڕنەوە. کە واتە ئاسوودە و بێخەمبوون لە بەکارهێنانی ئینترنێت وەکوو بەشێکی گرینگ لە مافی دەربڕین دەبێ بۆ هەمووان بسەلمێ.

ئینتێرنێت و دنیای مەجازی ئامرازێکی زۆر باشە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری، دروستکردنی پەیوەندی، بڵاوکردنەوەی بابەتی و جۆراوجۆر و هتد بەڵام هاوکات چەکێکی بەهێزە کە خەڵکانێک بێبەزەییانە بەرامبەر بە کەس یان گرووپێکی دیکە بەکاری دەێنن و تەنها بە چەند کرتەیەک نامێهرەبانانە ئاسەواری زۆر خراپ لە سەر ژیان و دەروونی بەرانبەرەکەیان دەدەنێن.

بە هۆی پەتای کۆرۆناوە ژیانی سۆسیال و پەیوەندیی نزیک زۆر کەم بووەتەوە و خەلک خۆیان لە پەیوەندی فیزیکی تازە دەپارێزن و ئاسەواری کۆرۆنا بەسەر پەیوەندییە ڕۆژانە و ڕووتینەکانیشەوە دیارە و خەڵک زیاتر لە جاران پەنایان بردووەتە بەر بەکار بردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندیی ئانلاین و ئەمە گرینگیی بەکارهێنانی دروستی ئەو پلاتفۆرمانەزیاتر زەق دەکاتەوە.

هێرش کردنەسەر خەڵک و بێحورمەتی پێکردن و کردنە ئامانجی ژیانی شەخسیی خەڵک لە سەر ئینتێرنێت خەسارێکی تازەیە کە کاریگەریی خراپی لە سەر مرۆڤەکان هەیە و بووەتە گرفتێکی تازەی کۆمەڵگای بەشەری و لە هەموو شوێنی دنیا قوربانیانی خۆی هەیە کە جاری وایە گوشارەکان تا ئاستی خۆکوشتن پاڵیان پێوەناوەن. دیسانەوە لەم حاڵەتەش ژنان لە قوربانییە سەرەکییەکان نادروست بەکارهێنانی ئینتێرنێتن و لەو رێگەیەوە کەسانی خاوەنی تێگەیشتنی پیاوسالارانە و دواکەوتووانە زۆر بە ئاسانی ڕق، کینە و هەڕەشەی خۆیان دژی ژنان دەردەبڕن و بە شێوازی جۆراوجۆر گوشاریان دەخەنەسەر. ئەو گوشارانە دەتوانن دانانی کامەنت و قسەی نەشیاو لە بن وێنە و پۆستەکانی ژنان لە سایتە کۆمەڵایەتییەکان یان هەڵگرتنی وێنە شەخسییەکانیان و بڵاوکردنەوەیان یان بڵاوکردنەوەی چەت و وێنە و گفتووگۆی نێوان ژنان و پارتنێرەکانیان بێ کە زۆر جار پیاوانێک کە لە هاوسەر و کچە ڕەفیقەکانیان جیا دەبنەوە بۆ شکاندن و ئازار گەیاندن بە ژنان بڵاوی دەکەنەوە. نامەی هەڕەشەئامێز و پڕ لە وشەی ناشیرین بۆ ژنانی چالاک و ئەو کچانەی نایانەوێ تەسلیمی ئەو نەزم و یاسایا بن کە نامرۆڤانە ژنانی یەخسیر کردووە ڕیگایەکی دیکە لە دەربڕین و گەیاندنی نەفرەت و توندوتیژیی دواکەوتووانە دژی ژنانی بوێرە. بەداخەوە لەبەر ئەوەی هێشتا لە زۆر شوێنی دنیا یاسایەک دانەنراوە کە بەر بەم شێوەیە لە توندوتیژی بگرێ یان دەسەڵاتداران ئەو یاسا کەمووکورتانەش کە هەن پێشێل دەکەن، ژنان لەم مەیدانەشدا بێپشتیوان و لەم شەڕەشدا تەنیان.

لەم بوارەشدا جارێکی دیکە دەوری ڕوانین و تێگەیشتنی دواکەوتووی پیاوسالارانە زەق و بەرچاوە. کاتێک بڵاوبوونەوەی وێنەی کچێک بە ڕووتی یان نیوە ڕووتی وەکوو تاوانێک باسە دەکرێ، خەڵکانێک کە هەڵگری ئەو عەقڵییەتەن یەکەم کاردانەوەیان ئەوەیە کە ئەو کچە بۆ وێنەی وای گرتووە؟ بۆ ناردوویەتی بۆ کەسی دیکە؟ ئایا خۆی پێی خۆش نەبووە ئەو وێنەیە بڵاوبکرێتەوە؟ بەڵام پرسیارە ڕاستەکان ئەمانەن. بۆ چی کەسێ ڕێگە بە خۆی دەدا بە بی پرس کردن و ئیجازە وەرگرتن لە کەسی دیکە وێنەکەی بڵاو بکاتەوە؟ وێنەیەک کە لەکاتی پەیوەندییەکی شەخس ی و بگرە خۆشەویستانەدا نێردراوە بۆ دەبێ وەکوو ئامرازی تۆڵە و گوشار پاش تەواوبوونی ئەو پەیوەندییە بەکار ببرێ؟ بۆ چی کەم و زیادبوونی جل و بەرگی مرۆڤێک لە وێنەیەکدا دەبێ ببێتە بنەمای لێکدانەوە و بڕیاردان لەسەر کەسایەتیی ئەو مرۆڤە؟ گەورەترین پرسیاریش ئەوەیە کە: بۆ چی دیسان لە سەر مەسئەلەی ژن، جێگەی تاوانبار و قوربانی دەگۆڕدرێ؟

نا بۆ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان