کوشتنی ژنان و بەردەوام بوونی

✍ ئارێز محەممەدی

پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و توندوتیژی کردن بەرانبەریان بەھەموو جۆرەکانیەوە دیاردەیەکە، ئەویش دیاردەیەکی جیھانی و تەنھا لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەگۆڕێت کە ئەویش پێوەندی بە جۆری کولتووری ئەو کۆمەڵگایە ھەیە، بەڵام بە گشتی ئایین خاڵی ھاوبەشی نێوانیانە. لە کۆمەڵگا دوواکەوتووەکاندا ژنان تێیدا نەک هەر وەک نیوەی کۆمەڵگا سەیریان ناکرێت بەڵکوو لە ڕەدەی چەندەمیشدان بۆ ماف.

ژنان لەم کۆمەڵگایانەدا بێ مافترینن و هەمیشە تێیاندا هەوڵ دراوە کە ژنان بێدەنگ و دەنگ کپ بکەن، گەر ژنێکیش هەوڵی بۆ ڕزگاربوون دابێت، ئاکامەکەی کوشتن بووە. یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە کە کولتووری ژن کوشتن تێیدا هێشتا تێیدا بنەبڕ نەکراوە، کومەڵگای کوردستانە. کلتووری پیاومەزنی لە دەسەڵات و بنەماڵەو ناوەندە پەروەردەییەکان و هەروەها گرنگترین خاڵ کە ئایینە، هۆکاری ئەم کوشتنی ژنانن.ژنێک کە خاوەنی جەستەی خۆی نەبێت و نەتوانێت بریاردەر بێت بۆ ژیانی خۆی و هەروەها خۆی و فکری و بوونی قەتیس بکرێتەوە لە مشتی پیاودا، ئەوا کوشتن هەرهەمان سێبەری زاڵ و هەمیشەیی دەبێت لە سەریان.

بەپێی کات و گوزەری زەمان و لەدایک بوونی نەوەی نوێ، نکۆڵی لەوە ناکرێت کە کۆمەڵگاش گۆڕانکاری بەسەردا هات. ڕاگەیاندنەکان زۆرتر بوون، دەنگ و ڕەنگی ژن زیاتر تێیدا دەرکەوت، ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوە مەدەنیەکان ژمارەیان زیاتر بوو. بەڵام ئایا بەپێی ئەم گۆڕانەش، گۆڕانکاری بەسەر مەسەلەی ژناندا هات؟ دەتوانم بڵێم نــە و ئەوچاوەڕوانیەی کە هەمانە نەهاتە دی.

کاتێک سیستمێک بۆ بەڕێوەبەری هەیە و ئەویش لەسەر بنەمای پیاومەزنی و دەسەڵاتی پیاوە، ژن تێیدا ڕۆڵێکی ئەوتۆ ناگێڕێت.پیاو هەر هەمان فەرماندەر و ژنیش فەرانبەر ئەبێت. بۆیە دەست و پەنجە نەرم کردن لەگەڵ مەسەلەی ژنان لە کوردستان ئاسان نییەو کات و کاری بەردەوامی دەوێت بۆ گۆڕانکاری ڕاستەقینە. ئێمه پێویستمان به بزووتنەوەیەکی سەرتاسەریە بە ژن و پیاوەوە، بزووتنەوەیەک کە بتوانێت ئامارەکانی کوشتن و بڕینەکان، لێدانەکان و سووکایەتیەکان نەک ھەر کەم کاتەوە بەڵکوو بیگەیەنێتە سفر.

تا ئێستا زۆرمان بیستووە کە ئازادی کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە ئازادی ژن. لێرەدا لە نێوان ٣ وشەی ئازادی و کۆمەڵگا و ژن دەبینین کە چەندین وشەی پڕ مەترسی و بڤە وەک کولتوور، دین و دیسیپلینە توندە کۆمەڵایەتیەکان خۆی حەشار داوە. ئەمڕۆکە کۆمەڵگای کوردستان کە زیاتر مەبەستی منە ڕووبەوێیە، ئەگینا بە گشتی زۆربەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە سێبەری ئیسلامی سیاسی بەسەریەوەیە، دەست و پەنجە نەرمەکات لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا، دەبینین ئازادی کە چەمکێکی گرنگە، تێیدا سنوردار کراوە و ئەمەش زیاتر سەرنج ئەخاتە سەر ژن و وای لێ ئەکات لە کونجی ماڵدا بمێنێتەوە.

لێرەدا مەسەلەیەکی گرنگ هەیە کە لە کۆمەڵگای کوردی و زۆربەی کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا بەزەقی دیاره، ئەویش “نامووس” و “قەتڵی نامووسیە”. کە هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنانن. نامووس و نامووس پەرەستی ، وشەیەکی بێگانە یان مەسەلەیەکی نامۆ نییە لە ناو کۆمەڵگەی کوردستاندا، بەهەرحاڵ ئەمەش هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد، هەڵقوڵاوی نێو ئایین و کلتوورە دژە ژنەکانە.

كوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی نامووس، وەک دیارترین و زەقترین حاڵەتی توندوتیژیەکانه کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێت. چاو لێکردنی ژن وەک موڵک و بەکەم سەیر کردنی و ئیزن پێنەدانی لە هەر بڕیارێکدا کە تەنانەت چارەنووسی خۆشی تێیدا لە گۆڕدا بێت، لە کۆمەڵگای کوردی و لە مێشکی زۆربەی پیاوانی کورددا هەیە. ئەم کلتوووری پیاومەزنییە ئەوەندە قووڵ و قورسە کە هەڵکەندن و لێی ڕزگاربوون ئاسان نییە و ڕۆژێ لە ڕۆژان لە سووچی وڵاتێکی ئۆرووپی و خاوەن دیموکراسی و وڵاتی مافەکان، دەبینین و دەبیستین کە “ژنێک کوژرا “.

جێی ئاماژەیە تەنها لەماوەی ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی ژن كوشتن لە شارەكانی کوردستان بەدەستی خۆشەویستەکانیان، باوک و براو هاوسەرەکانیان ڕوویدا. لێرەدا بۆمان دەرەکەوێت کە چەندە  بیری پیاومەزنی و نامووس پەرەستی قیزەون و ترسناکە کە هەستی باوکایەتی و برایەتی و خۆشەویستی دەباته ژێر پرسیار و لێرەدا هەردوو ڕەگەز دەبنە قوربانی.

کوشتنی ژنان، بەردباران کردن و سەربڕین و  لێدان و سووکایەتی کردن بە ژنان تاوانێكی یەکجار گەورەیە و لە ژێر هەر ناوێکیشدا و بە هەر هۆکارێکیش مەحکوومە. مەسەلەی ژنان  یەكێك لەو مەسەلە گرنگانەیە کە بووەتە جێی باسی هەموو کۆمەڵگا جیهانیەکان و پرسێکی سەرەکی هەموو ڕاگەیاندنەکانە.

ئەمانە و سەدان ئامار و هەواڵ و ڕوداوی دیکە پێمان دەڵێت کە کۆمەڵگایەکی خەتەر و سێبەرێکی پیاومەزنانەی ترسناک سێبەری کێشاوە بەسەر ژن وکەسایەتی ژندا.

لەم ڕۆژەو لە 25 نوامبر که دیاری کراوە وەک ڕۆژی جیهانی ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ توندوتیژی بەرانبەر بە ژنان، ئێمە دەبێت زەقتر، بەرزتر، بڵندتر و چاونەترسانەتر، هاوارە کپ کراوەکانی ژنانی کورد بگەیێنینە گوێی هەموو جیهان. بێدەنگیەکان بشکێندرێن،  لاوازی و ترس وەلانرێن و هێز و تواناکان گەشەی پێ بدرێت. کەم نین ئەو ژنانەی ئێستاش لە سووچی ماڵێکدا وەک کۆیلەیەکی جنسی و جستەیی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. کەم نین ئەو ژنانەی ئێستاش لەژێر قورسایی نیگایەک و قسەیەکدا هەر ڕۆژە دەشکێن و دەمرن و لە ترسیشدا هیچ کەس و لایەنێک و شوێنێک دەنگیان نابیستێت. دەبێت ئەو هێز و توانایە تێیاندا گەشە پێبدەین کە بێدەنگی بشکێنن و بدوێن و بزانن کە نابێت قبوڵی ئەو توندوتیژیانه بکەن.

ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی ژنانی کوردستان  ئەرک و هەوڵمان  بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسانە دوور لە هەر هەڵاواردنێکی ڕەگەزیی لە هەموو بوارێکدا. ڕێکخراوەکان دەبێت خەباتێکی یەکسانیخوازانەیان هەبێت و هەوڵ بۆ یەکسانیی ماف بدەن و بە شوێن دۆزینەوەی دەرفەتێک بن بۆ هەرچی زیاتر وشیار کردنەوەی ژنان و پیاوان لە مافە هاوبەشەکانی نێوانیان. هەروەها لەبەر دۆخی تایبەتی لە ڕوژهەڵاتی کوردستان کە هەمووان دەیزانین، دەبێت ئێمە وەک ڕێکخراوەکان ، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەینه مەکۆی خەبات و بەرەوپێش بردنی ئەرکەکانمان.

دەبێت ئێمە لە دووبەشی کوردستان و ئۆرووپا، چالاکانه چالاکیەکانمان بەرەو پێشەوه ببەین. مەبەستی سەرەکیمان بردنەسەرەوەی وشیاری کۆمەڵگا و بەتایبەت ژنان لەسەر مەسەلەی یەکسانیی ڕەگەزی بێت. هەروەها ڕێکخستن و پشتیوانی کردنی بزووتنەوەکانی ژنان و ڕێکخراوی تایبەت بۆ ئەو کارە لە ناوخۆی کوردستان، هەوڵدان بۆ جێبەجێ کردنی شوێنێکی تایبەت بە ژنان لە کاتێکدا لە مەترسیدان و هەروەها ئاگادارکردنەوەی ڕیکخراوە پێشکەوتووەکانی ژنان  لە شوێنەکانی دیکەی دنیا لەو زوڵم و ستەمەی لە ژنانی کوردستان دەکرێ و بە گشتی بەهێزکردنی خەباتی ژنان لە کوردستان، دەبێت ئەری ئێمەی ڕێکخراوەکان بێت.

ئێمە دەبێت هەموو کات دژی هەموو ئەو ستەم و ناعەداڵەتییە ئابووری و کۆمەڵایەتیانە بوەستینەوه کە جیا لە کاریگەریی خراپیان لە سەر کۆمەڵگا بە گشتی، کاریگەریی خراپیان لەسەر دۆخی ژنان و زەوتی مافەکانیان دەبێ و ئاکامەکەشی زیاتر بوونی هەواڵی کوشتنی ژنانە لە هەر سووچ و شار و شارۆچکەیەکی کوردستان.