ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: تەنگەژەی ئاسایش و پێشبڕکێی چەکوچۆڵ

✍ د. محەممەد حسەین زادە

دیاردەی پێشبڕکێی چەکوچۆڵ (arms race) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، واتە هەوڵی وڵاتانی ئەو ناوچەیە بۆ درووستکردن و بەرهەمهێنان، کڕین یان هەر شێوازێکی تری بەدەستهێنان و خەزنکردن و کەڵەکەکردنی چەک و کەلوپەلی جۆراوجۆری سەربازی حاسڵ و بەرهەمی جۆرێکی تایبەت لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و تێڕوانین لە/ بۆ جیهان و داڕشتنی سیاسەت لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتن و تێڕوانینەیە. گریمانەی باسەکەی من ئەوەیە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕەپانی ڕەنگدانەوەی سیاسەتی ڕاستیوازانە یان سیاسەتی ڕیاڵیستییە. ئەگەر چی ڕوانگەی ڕیاڵیزم بە گشتیی لە سیستەمی سیاسیی جیهانیدا زاڵە بەڵام لە چەند ناوچەیەکی جیهان بە تایبەت لە ئەورووپا و ئەمریکای باکوور بە گەڕانەوە بۆ فاکتەرەکانی شوناسی هاوبەش یان بەرژەوەندی هاوبەش هەوڵی متمانەسازی و هاوکاری لە نیو ئەکتەرەکان و وڵاتان دراوە و دەکرێ سیاسەتی ئەو وڵاتانە لە چوارچێوەی ڕوانگە و تیۆرییەکانی تری سیاسەتی نیونەتەوەیی خوێندنەوەی بۆ بکرێ. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕیالیزم لە چڕترین و خەسترین نیگار و فورمی خۆیدا بەرچاو دەکەوێت.

بە کۆرتی لە دیدی ئەو کەسانەوە لە گۆشەنیگای ڕیالیزمەوە سەیری جیهان دەکەن و لەو سووچەوە ڕووداوەکان شرۆڤە دەکەن مرۆڤ بوونەوەرێکی خۆخواز، خۆویست و بەرژەوەندیخوازە. هەر لەسەر ئەو بنەمایە خۆخوازی، سەربەخۆییخوازی و سەروەریخوازی تایبەتەمندی سەرەکی دەوڵەتیشە. دەوڵەتەکان تاقە [یان لانیکەم گرنگترین] ئەکتەری سیاسەتی نێونەتەوەیین. دەوڵەتەکان کردەوەی ژیرانە یا عەقڵانی لە خۆ دەنوێنن، بەو مانایە کە دەوڵەتەکان هەڵسەنگاندن بۆ سوود و زیانی بژاردەکانی بەردەستیان دەکەن و بە قازانجترینیان وەک سیاسەت پراکتریزە دەکەن، هەڵبەت بە قازانجترین بە مانای باشترین لە بە پێوەری ئەخلاقی نییە. گرنگترین ئامانجی دەوڵەتەکان دەستەبەرکردنی مانەوە (Survival) و دابینکردنی ئاسایشی خۆیانە. هێز گرنگترین ئامرازە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و مانەوە، بۆیە دەوڵەتەکان ئەوپەڕی کۆشش و تەقالای خۆیان دەخەنە گەر بۆ ئەوەی زیاترین ڕێژەی هێز بە دەست بهێنن. هێز فاکتەری سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە سیاسەت و رەفتاری دەوڵەتەکان. سەرەکیترین لایەنی هیز، لایەنی سەربازیی و ماددیە. بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان چرای ڕێنوێنی ڕەفتاری دەوڵەت و سیاسەتی دەرەکین. ئانارشی (Anarchy) هەم نەزمی (Order) داسەپاو و  هەم تایبەتەمەندی سەرەکی سیستەمی سیاسیی جیهانی [و هەرێمی]یە. شەڕ و ململانێ تایبەتەمەندی هەمیشەیی سیاسەتی نیونەتەوەیین. یاسا و ڕێکخراوە نیودەوڵەتی و هەرێمییەکان بە دەگمەن دەتوانن لەسەر کردە و ڕەفتاری دەوڵەتەکان کاریگەری دابنەن. دەوڵەتەکان جەخت لەسەر دەستکەوتی ڕێژەیی [نەک رەها] دەکەنەوە و بۆیە هاوکاری دیاردەیەکی کەمیاب و نامۆ و دژوارە. لە ئاوا جیهانێکدا متمانە کردن بە یەکتری ئێجگار سەختە. دەوڵەتەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیان متمانە بە هیچ لایەنێک ناکەن بەڵکو هەوڵ دەدەن خۆیان ئاسایشی خۆیان بە گەڕانەوە بۆ تواناکانی خۆیان دابین بکەن. ئەگەر بەو شیوەیە  نەیانتوانی ئەسا بە شیوەیەکی سنووردار و مەرجدار دەچنە ڕیزی هاوپەیمانێتییەکەوە. واتە سیستەم سیستەمی خۆیارمەتییە و خۆیارمەتی (Self-helping) تایبەتەمەندی بەرچاوی سیستەمی سیاسییە. لە دۆخێکدا کە ستراتیژی خۆیارمەتی زاڵە دەوڵەتەکان لە ڕەوتی هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی خۆیان ناتوانن متمانە بە یەکتری بکەن ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگەژەی ئاسایش[یان دیلێما یان ئاریشە یان مەتەڵۆکی ئاسایش / Security dilemma]. ئەم تەگەژەیە بە نۆبەی خۆی دەبێتە هۆی پێشبڕکێ بۆ بە دەستهێنانی چەکوچۆڵی جۆراوجۆر و بەرفراوانتر.

ئەو دیاردەیە [تەنگەژەی ئاسایش و پێشبڕکێی چەکوچۆڵ] ساڵانێکی زۆرە لە شانۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵە و پێناچێت لە داهاتوویەکی چاوەڕوانکراویشدا وەلا بنرێت و ببێتە دیاردەیەکی مێژوویی. هۆکاری درێژخایەنبوونی ئەوەیە کە پێشبڕکێی وڵاتان بۆ ئەمبارکردنی چەکوچۆڵ بووەتە تایبەتەمەندییەکی پێکهاتەیی/ ستراکتۆری (Structural) و ڕەنگدانەوە و بەرهەمی زاڵبوونی سیاسەتی ڕیاڵیستییە. لە جیهانی ڕیالیستیدا کە دەوڵەتەکان جگە لە خۆیان هیچ یاوەرێکیان نییە، بە پێی لۆژیک بە باشی دەزانن کە مانەوەیان بەستراوەتەوە بە بەختەوەری و سەرکەوتنیان لە بەدەستهێنانی ڕێژەیەکی زیاتر لە هیز. بۆیە لەو گۆڕەپانەدا هەوڵ دەدەن بەردەوام کەلوپەلی سەربازی کەڵەکە بکەن. لەم حاڵەتەدا تەنگەژەی ئاسایش سەر هەڵدات کە هەمدیسان دەبێتە هۆی چڕتر بوونەوەی پێشبڕکی لە بواری چەکوچۆڵدا.

تەنگەژەی ئاسایش کە لە سیستەمی ئانارشیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باو و لەگەڕدایە، مانای ئەوەیە کە تەنانەت کاتێ دەوڵەتێک بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆی سیاسەتێک دادەڕێژێت کە پەرە بە هێزی سەربازی خۆی بدات، ئەو هەوڵەی دەبێتە هۆی ئەوەی وڵات یان وڵاتانی تر هەست بە نائەمنی خۆیان یان نەبوونی ئاسایش بکەن. واتە هەوڵی وڵاتێک بۆ بەهێزکردنی خۆی دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی هەستی نائەمنی لە وڵات یان وڵاتانێکی تردا. بە دەربڕینێکی ڕوونتر، ئەو چەکانەی کە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایشی ئەکتەرێکی تایبەت، دەبنە هۆی دڵەڕاوکەی دەوڵەت یان دەوڵەتانی تر. لەو حاڵەتەدا زنجیرەیەک لە هەستکردن بە ئاسایش و هەستکردن بە نەبوونی ئاسایش دێتە ئاراوە و هیچ ڕێگاچارەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سامناکە بوونی نییە. هیچ لایەنێک گوێ بەوە نادات کە ئایا دەوڵەتی یەکەم بۆ بەرگریکردن چەکی بەرهەم هێناوە یان بۆ پەلاماردان. ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە: لە ڕووی ستراتیژیکەوە جیاوازیدانان لە نیوان چەکی هێرشبەرانە و چەکی بەرگریکارانە ئێجگار ئەستەمە.

لێرەدا خاڵی گرنگ ئەوەیە کە هۆکاری سەرهەڵدانی تەنگەژەی ئاسایش بەدگومانی و ترسی وڵاتانە لە یەکتری. بە تایبەت لە ناوچەیەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە مێژوویەک لە شەڕ و ململانێ و پێکدادانی خوێناوی نێوان نەتەوەکانی تێپەڕاندووە و لە ئێستاشدا ناتەبایی بەرژەوەندییەکان و ناکۆکی و گرژی لە نیوان وڵاتان بە هۆکاری جیاواز لە ئارادایە، ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە لە یەکتری ئێجگار زەق و بەرچاو و لەوپەڕی خۆیدایە. بۆیە هەر جۆرە خۆ پڕچەککردنێک تەنانەت بە مەبەستی بەرگریکارانە، لە لایەن ئەکتەرەکانی ترەوە وەک هەوڵێکی هێرشبەرانە و دوژمنانە چاوی لێ دەکرێ. لە ڕاستیدا لەوانەیە مەبەستی وڵاتێک لە پەرەپێدان بە توانای سەربازی خۆی پەلهاوێشتن و پەلاماردان نەبێت [ئەگەرچی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەلاماردانیشدا سەرتۆپ و دانسقەن]، بەڵکو تەنیا مەبەستی ئەوە بێت کە ئاسایشی خۆی بە شیوەیەکی باشتر و گونجاوتر دابین بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ڕەفتاری ئەو وڵاتانە هەمیشە لە لایەن وڵاتانی ترەوە وەک ڕەفتارێک بۆ تێکدانی نەزم و سەقامگیری و گۆڕینی هاوسەنگی هێزی ئێستا خوێندنەوەی بۆ دەکرێ. کەوابوو وڵاتانی تر بە بێ گوێدان بەوەی کە ئایا وڵاتی یەکەم ویستی بەرگریکارانەی هەیە یان هێرشبەرانە، بەرپرچی ئەو وڵاتە دەدەنەوە. دەرئەنجامی ئەم کردە-بەرپرچدانەوە سەرهەڵدانی تەنگەژەی ئاسایش و چڕتربوونەوەی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی چەک و کەلوپەلی سەربازی زیاترە.

لەم ناوچەیەدا کە دەسەڵاتداران و وڵاتان بە پێوەرەکانی ڕیاڵیزم سیاسەت دەکەن و خۆیان لە ژینگەیەکدا دەبیننەوە کە تایبەتەمەندییە سەرەکییەکەی ئانارشییە، واتە دەسەڵاتێک لە سەرەوەی دەوڵەتەکان نییە بۆ ئەوەی لە کاتی تەنگانەدا یان لە کاتێکدا کە دەکەونە بەر پەلاماری لایەنێکی تر پشتیوانیان لێ بکات و مانەوە و ئاسایشیان بپارێزێت، بەدگومانی و بێ متمانەیی بە شیوەیەکی بەربڵاو زاڵە. دەوڵەتەکان ناتوانن متمانە بە یەکتری بکەن و زۆر جار بە ڕوانگەیەکی نەرێنی دەڕواننە سیاسەتەکانی وڵاتانی تر. لەم حاڵەتەدا هەر یەک لە ئەکتەرەکان هەوڵەکانی خۆی بە بەرگریکارانە پێناسە دەکات و هەوڵەکانی ئەوانی تر وەک هەڕەشە چاو لێ دەکا.

ئەم سووڕە درێژەی هەیە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ کات لە ویست و ئامانجەکانی یەکتری دڵنیا نیین. گریمانەی بنەڕەتی هەر یەک لە وڵاتان ئەوەیە کە وڵاتانی تر پەلاماردەرن و هەر جۆرە پەرەپێدانێک بە هێزی سەربازییان دەتوانێ ببێتە هۆی درووستبوونی هەڕەشە بۆ سەر ئەوان. بۆیە پێیان وایە ئەگەر متمانەی زیاتر لە ڕادەی پیویست بکەن لەوانەیە لە کۆتاییدا زەرەرمەند بن و خەساریان لی بکەوێت. بە پێی ئەم خوێندنەوەیە متمانەکردن کە لە ناوچەکانی تری جیهان بووەتە هۆی هاریکاری و نزیکبوونەوە [بۆ نموونە لە یەکێتی ئەورووپا] لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەتوانێ پەیهات و لێکەوتەی کارەساتباری بەدواوە بێت. ئەو نیگەرانی و ڕەشبینییە تەنانەت لە نیو ئەو وڵاتانەیشدا کە هەندێ جار بە شیوەی کاتیی یان بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەیەکی خێرا و هاوبەش لێک نزیک دەبنەوە یان هاوپەیمانێتی پێک دێنن دەبینرێت. چۆنکە دەکرێ ئەو وڵاتانەی کە ئەمڕۆ دۆستن، سبەینێ بیرۆبۆچوونیان بگۆڕدرێ یان بە گۆڕانی دەسەڵاتدارەکانیان لە ناکاو ببنە دوژمن. بۆ نموونە هیچ زەمانەتێک نییە کە بە گۆڕانی دەسەڵاتدارەکان لەو وڵاتە عەرەبانەی کە لەم چەند مانگەی دواییدا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی ئێران خوازیاری نزیکبوونەوە لە ئیسرائیلن، ئەو ڕەوتە پێچەوانە نەبێتەوە یان لانیکەم ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکانی عەرەب-ئیسرائیل کۆتایی پێ نەیەت. یان بە پێچەوانەوە هیچ دەستەبەر و زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی مەزهەبی هاوبەش لە دێژخایەندا فاکتەرێکی سەرەکی گرێدانی ئێران و عێراق بێت، بە تایبەت ئەگەر عێراق لە سەقامگیرکردنی بارودۆخی نیوخۆییدا سەرکەوتوو بێت. لەو حاڵەتەدا تەنانەت ئەگەری ئەوە هەیە مۆدێلی شیعی ئێرانی و عێراقی ببێتە فاکتەرێکی بنەڕەتی بۆ سەرهەڵدانی گرژی و ڕکابەری نیوان ئەو دوو وڵاتە. بە هەر حاڵ مەبەستم لەو نموونانە ئەوەیە نیشان بدەم دەوڵەتەکان هەندێ جار نەک هەر سەبارەت بە بڕیار و ویستی وڵاتانی ڕکابەر دڵنیا نین بەڵکو تەنانەت سەبارەت بە خواست و بڕیارەکانی دەوڵەتانی هاوپەیمانیش دڵنیاییەکی ئەوتۆیان نییە و ئەوە بە باشتر دەزانن کە بە مەبەستی بەهیزکردن و دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بگەڕێنەوە بۆ تواناکانی خۆیان و هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بدەن. تەنانەت کاتێ هەست بەوە دەکرێ وڵاتان نیەت پاکن، هەمدیسان ترسی ئەوە هەیە ویستەکانیان بگۆڕدرێن. ئەو ترسە بەردەوامەیە کە ساڵانێکی زۆرە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی تراژیدیای سامناکی تەنگەژەی ئاسایش و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان داناوە. ئەم ڕیاڵیزمە بە ڕادەیەک خەستە کە تەنانەت هەوڵی ئەکتەرێکی نیمچە سەربەخۆ وەک هەرێمی باشووری کوردستان بۆ بەدەستهێنانی هەندێ چەکوچۆڵ لە وڵاتانی ئەورووپا بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە وەک داعش، نەک هەر دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێی بەغدا بەڵکو دەبیتە هۆی تۆقانی وڵاتانی گەورەی دراوسێ. هەر ئەوە وای کرد لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش زۆرێک لە چەکەکانی هاوپەیمانان یان وڵاتانی یارمەتیدەر، نەک بە شیوازی ڕاستەوخۆ بەڵکو لە ڕێگای بەغداوە بنێردرێن بۆ پێشمەرگە لە باشووری کوردستان. هەر ئەوەش بوو وای کرد ڕێگە بە هەناردەکردنی هەندی چەکی نوێ بۆ پێشمەرگە نەدرێت. لە لایەکی ترەوە خوێندنەوەی تورکیا ئەوە بوو کە پڕچەککردنی گەریلا لە ڕۆژاوای کوردستان لە پلەی یەکەمدا پیلانی وڵاتانی زلهیزە بۆ دامەزراندنی کیانێکی کوردیی و هەڕەشە بۆ سەر ئانکارا، نەک پاراستنی کورد و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریزم. بەم شیوەیە بە پاساوی سەرهەڵدانی هەڕەشەی نوێ ڕەوایەتی بە پەلامار و دەستدرێژییەکانی خۆی دەدا.

بەم چەشنە، ڕەفتارکردن بە پێی سیاسەتی ڕیالیستی لە گۆرەپانێکی ئانارشیکدا بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتان [و نەتەوەکان] بەردەوام هەست بە مەترسی و پەلاماری لایەنەکانی تر بکەن، لەو حاڵەتەدا هەوڵی هەر لایەنێک بۆ پەرەپێدان بە توانای سەربازی خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنەکانی تر هەست بەوە بکەن کە ئاسایشیان لە مەترسیدایە بۆیە ئەوانیش هەوڵی هاوشێوە دەدەن و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی تەنگەژەی ئاسایش. لە حاڵەتی زاڵبوونی ئەو تەنگەژەیەدا هەموو لایەنەکان هەوڵی پڕچەککردنی خۆیان دەدەن و پێشبڕکێی چڕوپڕی چەکوچۆڵ وەک پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر چاوی لێ دەکرێت. بۆیە دەبینین وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابینکردنی ئاسایش تەنیا لە زیاترکردنی ڕێژەی هێزی سەربازی و کڕین یان بەرهەمهێنانی چەک و کەلوپەلی سەربازییدا دەبیننەوە و ئەوە بووەتە دیاردەیەکی زەق و بەردوام لە ناوچەکەدا. چاوەڕوانی ئەوەیش ناکرێت لە کۆرت ماوەدا گۆڕانێ بەسەر ئەو جۆرە تێگەیشتن و خوێندنەوەیەدا بێت کە پێی وایە “تاقە ڕێگای دابینکردنی ئاسایش پەرەپێدان بە هێزی سەربازییە”. ئەم پرۆسەیە و ئەم پێشبڕکێیە بە ئاسانی کۆتایی نایەت و ئەم تایبەمەندییە تا رادەیەکی زۆر بەردەوامە و ئێجگار دژوارە لە شانۆی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بسڕدرێتەوە.

کەوابوو تا داهاتوویەکی نادیار ئێمە لەو ژینگەیەدا دەژین و بەردەوام بینەری ئەوە دەبین کە ئەکتەرەکان لە پەیوەندی لەگەڵ یەکتری و لە ژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی سیستەمی هەرێمی، ڕەفتاری هاوچەشن لە خۆیان دەنوێنن. واتە ئامانجی سەرەکی هەموویان دابینکردنی ئاسایشی خۆیان لە ڕێگای کەڵەکەکردنی چەک و پڕچەککردنی خۆیان دەبێت. لە ڕاستیدا ئەوە پێکهاتەی ڕیالیست-تەوەری سیستەمی هەرێمییە کە وڵاتان ناچار دەکات ڕەفتاری هاوچەشن بنوێنن و هەموویان هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان بدەن. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەگەرچی هەر یەک لە دەوڵەتان یان نەتەوەکان هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان دەدەن بەڵام هیچ کات هەست بە ئاسایش ناکەن. لەوە سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە لەو نیوەدا ئەکتەرێکی وەک نەتەوەی کورد کە تەنانەت خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆیش نییە و توانای پاراستنی مانەوە و ئاسایشی خۆی بە شیوەیەکی گونجاو نییە و بەردەوام لەژێر مەترسی پەلاماری لایەنەکانی تردایە، هەوڵی گۆڕینی ئەو سیستەمە و سڕینەوەی ململانێ و دوژمنایەتیی و بنیاتنانی سیستەمێک لەسەر بناغەی ئاشتی و برایەتی یان پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە دەدات و بەو شیوە هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆی دەدا. ئەیمخابن ئەو بژاردەیە بۆ دابینکردنی ئاسایش لە شانۆی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتدا تەنیا وەهمیکە و هیچی تر. داخیداخانم هیچ لایەنێک بە ڕادەی کورد ئەو وەهمەی لە سیاسەتدا پراکتیزە نەکردووە.

بە حەقیقتەت تا کاتێ ڕوانگەی ڕیالیزم لەم ناوچەیەدا پراکتیزە دەکرێت و تا کاتێ ئانارشی زاڵە، فورمۆلێک بۆ چارەسەرکردنی تەنگەژەیەی ئاسایش و ڕێگایەک بۆ مانەوە و دەستەبەرکردنی ئاسایش جگە لە خۆبەهێزکردن [و هاوشێوەی ئەکتەرەکانی تر ڕەفتار کردن] بوونی نییە. چاوەڕوان دەکرێ بۆ ساڵانێکی زۆر ناتەبایی بەرژەوەندییەکانی ئەکتەرەکان بە شێوەی سرووشتی بەردەوام بێت و هیچ چارەیەک بۆ پەیوەندییە ناکۆکەکانی نیوانیان بوونی نەبێت، تا ئەو کاتەی وەک هەندێ لە ناوچەکانی جیهان تێگەیشتن و خوێندنەوە بۆ جیهان و ژینگەی سیاسەت لە لایەن ئەکتەرە بەهیزەکان [نەک لاوازەکان] گۆرانی بەسەردا بێت. مخابن هیچ نیشانە و دەرکەوتەیەک لەو گۆڕانە و ڕۆیشتن بەرەو تێگەیشتنێکی جیاوازتر لە ئێستادا بەرچاو ناکەوێت.