نۆشینی جامی ژەهر، بەستەڵەکەکان ناتوێنێتەوە…!

وادیارە بەستەڵەکی گەورەی نێوان ئامریکا و ئێران، نە بە دانوستان دەتوێتەوە و نە بە بزەی دیپلۆماسی. دروست بوونی گرژی و توندبوونی لێدوانەكان و هەڵکشانی سەر لە نوێی ململانێكان، دانیشتنی خولی چوارەمی هەڵوەشاندەوە. ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە مەودای داخوازییەکانیان ئێجگار لە یەک دوورن. هۆکاری دواکەوتنی خولی ئەم جارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەرنامەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامییەوە هەیە. تەنیا سێ ڕۆژ بەر لە دانوستانی سێهەم، سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ جارێکی تر بەرنامەی مووشەکی ئێرانی کردەوە ئامانج. کە سزای ئەمجارە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەقینەوەی چەن ڕۆژی ڕابردووی بەندەری عەباسەوە هەیە. تەقینەوەکە کە بەسەدان قوربانی لێکەوتەوە جۆرێک لە سووتەمەنی ڕەق بووە کە بۆ بەرهەم هێنانی مووشەکە بالیستیکەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە. هەتا دێت گوشارەکان بۆ سەر ئێران زیاد دەکەن رووداوەکان دەرخەری ئەو راستییەن کە دانوستانیش فریای خامنەیی و دەسەڵاتەکەی ناکەوێ. ئامریکا و تەنانەت وڵاتانی رۆژئاواش ئێرانی ئەتۆمیان ناوێ.
داڕشتنەوە و گۆڕینی بینای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو مەیڵی سەرەکی ئامریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی لەناوچەکە لەوانە ئیسرایڵ، شتێک نییە بە بزەی دیپلۆماسی چارەسەر بێ. ئامریکا و هاوپەیمانانی دەوڵتانی سەرپێچ و ئاژاوەگێریان ناوێ. هەتا ئێرە ئێران باشی لێ حاڵی بووە. وەدەشزانێ دەبێ ملکەچی ئەو خواستانە بێ کە ئامریکا مەبەستیەتی. رووسیە بە کردەوە خەریکی لادانی گرژیەکانی خۆیەتی لەگەڵ ئامریکا وئەوەش بە دڵی ئێران نییە و وڵاتی چینیش بە بەهێز کردنی پێگەی خۆی هەم لە ناوچەکە و هەم لە ئاستی دونیا، نیشانی داوە کە ناخوازێ بەرژەوەندییە جیهانی و ناوچەیەکانی بە خاتری ئێران بخاتە مەترسییەوە. رووداو و پێشهاتەکان لە ماوەی ١٢ ساڵی رابردوودا بە تایبەتی شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە به ”بەهاری عەرەبی” دەناسرێن، وێڕای ئەوەی رواڵەتی راستەقینەی ناوچەکەیان گۆڕی، نەشیان توانی دیمۆکراسی و ئازادی لە ناوچەکە سەقامگیرکەن و بوون بە مایەی ماڵوێرانی هەم بۆ جەماوەر هەم بۆ وڵاتەکەیان. دەسەڵاتداران وێڕای ئەوەی کە سەرەڕۆتر بوون و لە جەماوەر زیاتر دابڕان و بوون بە قەسابی گیانی خەڵک بەڵام لە ئاست سیاست و مانفیستی ئامریکا لە ناوچەکەدا ڕێگەی مڵکەچ بوونیان هەڵبژارد تا بەسەر ئێشەیەکی کەمەوە هەم دڵی ئامریکا رازی کەن و هەم درێژە بەدەسەڵاتیان بەن و هەم سەرکوتی ناوخۆیش پەرە پێبدەن. بەهاری عەرەبی و كێشە ئابورییەكانی دوای داشكاندنی ئابوری جیهانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەتێكی زێڕینی بۆ ئەمەریكا ڕەخساند تا پەرە بە هێژموونی خۆی لە ناوچەکە بدات و بەم شێوەیە زۆرترینی وڵاتەکان بێنێتە ژێر ڕکێفی خۆی، بەڵام هەبوون وڵاتانێکیش کە بەدڵی ئامریکا نەجووڵانەوە و بەربەستی جیدیان بۆ ئامریکا و هاوپەیمانانی لەناوچەکە دروست کرد و دواجاریش کۆتایی بە دەسەڵاتەکەیان هات. ئەم رووداوانە بوون بە مایەی دەرس و ئەزموون بۆ ئێران. کۆماری ئیسلامیی دەزانێ کە دانووستانەکان تەنیا بە پرسی ئەتۆمی سنووردار نابێت. هەموو رووداوەکان باس لەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامیی هەڵبژاردەیەکی تری لەبەردەستدا نییە. هاوسەنگی هێزیش لە ناوچەکە بەتەواو مانا بە زیانی خۆیەتی. کەواتە دەبێ ملکەچ و سەرپێچی ئەو خواست و داواکاریانە بێ کە لە سەرمێزی دانوستان رووبەڕووی دەبێتەوە. ئامریکاش بێ ترس نییە و خوازیاری ڕێکەوتنە لەگەڵ ئێران. ئامریکاش نایهەوێ هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا زەرەر و زیان ببین و لە ئەگەری هێرشی نیزامیدا لە لایەن ئێرانەوە بکرێنە ئامانج. کۆماری ئیسلامیی دەستی ئامریکای خوێندۆتەوە و دەزانێ ئامریکا دەم و دەست خوازیاری وەشاندنی گورزی سەربازی نییە. کەواتە دەیهەوێ کات بکوژێ.
خامنەیی دەستی بەتاڵە و هیچ رێگایەکی بێجگە لە تەسلیمبوون و سازش و دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نیە. هەرەشەکانی ئەمریكا جیدین و پەیامی ڕوونیان بۆ ئێران هەیە. بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران پێشكەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شار ئەوەی بە باشی سەڵماند. بە کورتی ئامریکا دەیهەوێ بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران لە زووترین کاتدا بوەستێ. پڕۆژەی بەرهەمهێنانی مووشەکی دوورهاوێژ ڕابگرێت و دەست لە پشتگیری گرووپە تووندئاژۆکانی نەیاری ئامریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە هەڵگرێ و حەشدی شەعبی بەتەواوەتی لە عێراق هەڵوەشێنێتەوە. مەرجەکان و خواستەکانی ئامریکا ڕوونن. ئەگەر ئێران ئەم خاڵانە جێبەجێبکات لەوانەیە گەمارۆکان هەڵگیرێن و دوور نیە کۆتایی بە گۆشەگیری سیاسی و دیپلۆماسی ئێران بێت و هەڕەشەی “هێرشی سەربازی”یش نامێنێ.