ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ هاودەنگیی جەماوەری و بەخشینی ڕەوایی بە خەبات
محەمەد حەکیمی
دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسێکی زیندوە. خەڵک لەو بەشەی کوردستاندا داوای مافەکانی خۆیان دەکەن، بەڵام ڕژێمی ئیسلامیی ئێران لە بەجێگەی ئەوەی گرنگی بە داواکارییەکانیان بدات، تەنیا بە شەڕ و میلیتاریزەکردنی کوردستان وەڵامی ئێمەی کوردی داوەتەوە. بەم هۆیەوە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵات بە زیندوویی ماوەتەوە و خەڵک بۆ وەرگرتنی مافەکانیان هەمیشە ئامادەی ئامادەبوونی مەیدانین.
لە دوایین ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوەمان بینی کە هەموو کوردستان هاودەنگ لەگەڵ بانگەوازەکەیاندا دەستیان دایە مانگرتن و دووکان و بازاڕ لە ئیلامەوە تا خۆی، سلماس و ماکۆ بە گشتی داخران. ئەم ڕووداوە نیشاندەری ئەوەیە کە شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەشاوەیە؛ لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، هەر کاتێک حیزبەکان داوایان لە خەڵک کردبێت بۆ مانگرتن یا هاتنە سەر شەقام، جەماوەر بە خێرایی وەڵامیان داوەتەوە و هاتوونەتە مەیدان، کە ئەوەش گەواهی حاشاهەڵنەگری زیندووبوونی بزووتنەوەکەیە.
ئێستا پرسی سەرەکی ئەوەیە کە هەر دەسەڵاتێک بێتە سەر کار لە ئێراندا، سەرەتا دەبێت دان بە مافەکانی نەتەوەکانی دیکە و بە تایبەتی کورددا بنێت؛ چونکە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و لانیکەم هەشت نەتەوەی چالاکی تێدا دەژین کە خەونی سەرەکییان دەستەبەرکردنی مافی دیاریکردنی چارەنووس، لە چوارچێوەیەکی سەربەخۆیی، فیدراڵیزم یان هەر مۆدێلێکی دیموکراتیکدایە. هەر ئەم واقیعەش وای کردووە کە ڕژێم هەموو هێزی خۆی بۆ سڕکردنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکار بێنێت. لە دوایین مانگرتنیشدا، دەزگا ئەمنییەکان کۆمەڵێک لەو دووکانانەی داخرابوون، پڵۆمپ کرد؛ بەڵام پرسی کورد بەم ڕێکارە سەرکوتکەرانەیە چارەسەر ناکرێت. ئەگەر لە چوارچێوەیەکی یاسایی و سیاسیی نوێدا ئاوڕ لەم پرسە نەدرێتەوە و تەنیا وەک هەڕەشەیەکی ئەمنی سەیر بکرێت، هیچ قەیرانێک لە ئێراندا چارەسەر نابێت؛ چونکە دۆزی کورد نە کۆن بووە و نە سڕ دەکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەمڕۆ کورد لە سەنگەری خەباتدا بەهێزتر لە هەمیشە ئامادەیە و داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکات.
لە کۆتاییدا دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە کە کورد بە هیچ شێوەیەک نابێت لە داهاتووی ئێراندا ناچار بکرێت لە نێوان ناسنامەی نەتەوەیی خۆی و هاووڵاتیبووندا یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵکوو دەبێت ڕێگەی پێ بدرێت بە ئیرادەی خۆی چارەنووسی دیاری بکات. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە دەسەڵاتی داهاتوو بە ڕوانگەیەکی نوێوە بڕوانێتە پرسی کورد و لە بەجێگەی سەپاندنی شەڕ و ماڵوێرانی، ڕێگە بدات خەڵکی کوردستان خۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن.
