دیمانەیەک لەگەڵ هاوڕێ پرشنگ محەمەدی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە لە سەر چەن پرسی گرنگ
بەشی یەکەم؛
پرسیاری یەکەم
پێگە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا پێش ڕوخانی شا و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی
پڕشنگ محەمەدی:
بەشداریی ژنانی کوردستان لە خەبات بۆ ڕزگاری و یەکسانیدا مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە. بوونی ژنانێک وەکوو مەستوورەی ئەردەڵان کە یەکەم مێژوونووسی ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوو یەکەم هەنگاوەکانی هاتنەمەیدانی ژنان بوون. ژنان سەرەڕای کۆسپ و ڕێگرییەکانی سەر ڕێگەیان ساڵیانێک بە شاراوەیی و بە جل و بەرگی پیاوانەوە لە شەڕەکاندا بەشداریان ئەکرد و بەو هەموو ڕێگر و لەمپەرەشەوە جاری وا بووە گەیشتوونەتە ئاستی ڕابەری، وەکوو قەدەم‌خەیر شیرە ژنی کورد کە پێنج ساڵ بوێرانە دژی زوڵم و زۆر و بێعەداڵەتیی حکوومەتی ڕەزا خان خەباتی کرد و ڕابەرایەتیی شۆڕشی پشتکۆی کرد.
مێژووی خەباتی ژنانی کوردستان پڕە لە ژنانێکی وەکوو حەفسە خان، مینا خان و ژمارەیەکی زۆر ژنی خەباتکاری دیکە کە هەوڵیان بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ژنان دەدا و خوێندن و پەروەردەکرانی کچانیان بە بەشێکی گرینگی ئەو خەباتە دەزانی.
ژنان لە کوردستان بە هۆی چەوساندنەوەی پیاوسالارانە و نەبوونی خوێندەواری و هەروەها بە زۆر بە شوو دان و ژن بە ژن کردن، ئازار و دەردی زۆریان چێشتبوو، هەر بۆیە بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان، بۆ یەکسانیی ژن و پیاو، بۆ پەرەپێدانی بیری ئازادیخوازانە خەباتیان ئەکرد و ئەم خەباتە لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامە و ئێستا بیری یەکسانیخوازانە و خواستی ژنان گەیشتووەتە ئاستێک کە پرسی ژن وەکوو پرسێکی گرنگ لە کۆمەڵگای کوردستان دا لە ئارادایە.
دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژی ڕژیمی شا و هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی له ئێران، ڕه‌وتی خه‌بات به گشتی و به تایبه‌تی له نێو ژناندا شێوازێكی دیكه‌ی گرتەخۆ. چونكه ئه‌مجار رڕژیمێک هاته سه‌ر كار كه سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی مرۆڤیشی پێشێل ده‌كرد و ژنان زیاترین پشكیان لەو ستەمە به‌ركه‌وت. ژنانی كوردیش كه لە ئاستێکی بەریندا له بزاڤی رزگاریخوازانه‌دا به‌شداریان كردبوو، ئه‌مجار زیاتر له جاران مافه ئینسانییهكانیان له لایه‌ن ڕژیمێكی دژه ژنەوە زه‌وت ده‌كرا و ده‌بوو خه‌باتی خۆیان چڕتر بكەنه‌وه و خۆیان بۆ به‌ره‌نگاریی زیاتر تەیار بکەن.
لە سەرەتای هاتنە سەرکاری ئەم رژیمەوە ژنانی کوردستان لە یەکەمین قوربانیانی زیندان، ئێعدام، ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوون و لە سەنگەرەکانی خۆڕاگریی گەلی کورد لە زیندانەکان و لە خەباتی چەکدارانە چەندین حەماسەیان خولقاند و قارەمانانە فیداکارییان کردووە. بەشداری ژنانی کورد لە بزوتنەوەی سەراسەری ژنانی ئێران بەرچاوتر بووە و لە خەبات دژی دیکتاتۆری ئەم ڕژێمە لە ڕیزی پێشەوە بوون.
ژنان له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی دژ به ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها له شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی شاری سنه، زۆر ئازایانه به‌شداریان کرد‌و لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردیان بە کار‌و ئازایەتی و لێهاتووییان نه‌خشاند. بەم شێوەیە دەورێکی نوێی بزووتنەوەی ژنانی کورد دەستی پێ‌کرد و لە مێژووی کوردستاندا ئەم تابۆ شکێنییە بە ناوی کۆمەڵە و ژنانی کۆمەڵەوە تۆمار کرا. کۆمەڵە وەکوو رەوتێکی چەپ لەو سەردەمەدا یەکێک لەو رێکخراوە سەرەکییانەی ناو بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لە بڕیارێکی شۆڕشگێڕانەدا ڕۆڵی خۆی گێڕا و بوو بە ئاڵا هەڵگری خەباتی ژنان و هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی بڕیاری ڕێكخستنی ژنانی له ناو ڕیزه‌كانی خۆی دا و ئه‌م بڕیاره ئازایانه‌یەش له ڕووی لێكدانه‌وه‌یه‌كی سیاسی و واقیعیەوە بوو كه پوتانسیلی بزووتنه‌وه‌کەی باشتر ده‌رده‌خست و کاریگەری لە سەر خەباتی ژنانی کوردستان و بە گشتی لە ئیران دانا. گیانبەختکردنی سه‌دان ژنی تێکۆشه‌ر کە له ڕیزی ڕێکخراوی ئاشکرا و نهێنیی کۆمەڵەدا گیانیان فیدا کرد یان تێکۆشەرانێک کە لە ژێر کاریگەریی بیری چەپ و یەکسانیخوازنەدا لە ڕێگای ڕزگاری ویەکسانیدا گیانی خۆیان فیدا کرد، سەلمێنەری ئامادەبوونی ژنان بۆ هاتنە مەیدان و مانەوە لەو مەیدانە پڕمەترسیدا بوو.
. پرسیاری دووهەم
بەشداری ژنان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگانە، هۆکارەکانی بەشداری ژنان لە خەباتی پێشەمەرگانە.. ئاستەنگەکان وگرفتەکانی ئەو سەردەم..
پرشنگ محەمەدی:
بەشداریی ژنانی کورد لە بەرگریی پێشمەرگانەدا توانی خرۆشی تایبه‌ت به خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان ببه‌خشێت. په‌لاماری چه‌كدارانه‌ی حکوومەتی ئیسلامی هه‌رگیز نەیتوانی پاشەکشە بە ژنانی خەباتکاری ناو شۆڕشی کوردستان بکا به پێچه‌وانه‌وه، ژنانی کورد ئەمجارە به ئیرادەی خۆیان و وشیارانە تاویان دایه چه‌كی پارێزگاری له كه‌رامه‌تی مرۆڤایه‌تی و كۆمه‌ڵ كۆمه‌ڵ خۆیان له ناو ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تیدا ڕێكخست و نە وەکوو پشت جەبهە و پشتیوان بەڵکوو لە ڕیزی پێشەوەدا به‌شدارییان له به‌رگریی شۆڕشگێڕانەی کوردستداندا کرد.
سەرەڕای ئامادەنەبوونی بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردستان بۆ بەشدارری ژنان لە شۆڕشی چه‌كداری دا له‌و قۆناغه‌دا به پاڵپشتیی بڕیاری کۆمەڵە بۆ یەکەم جار ژنانی کورد بوونە پێشمەرگە و پێشەنگی و بوێریی خۆیان لەو مەیدانەشدا سەلماند و بەڵگەیەکی دیکەی ویست و توانی یەکسانیخوازانەی ژنان بوو. ئه‌مه‌ش تایبەتمەندییەکی نوێ بوو كه ته‌نیا نموونه‌یان ده‌توانین له بەرەنگاریی گه‌لی ویتنام و به‌ربه‌ره‌كانێی ژنانی جیهان له به‌رانبه‌ر نازیسم و فاشیزمدا له سه‌رده‌می شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی دا بدۆزینه‌وه.
له قۆناغی به‌رگری چه‌كداریدا ژنانی كورد سه‌لماندیان كه ده‌توانن پێشمه‌رگه بن و ژن بوون ناتوانێ به‌ربه‌ستی هه‌ڵسووڕان و تێكۆشانیان بێت و ناكرێت ڕێگە بە نه‌ریتی کۆن و یاسا دواکەوتووەكانی كۆمه‌ڵگا بدەن به‌ر به خەبات و داهێنانیان بگرێت. ژنانی کۆمەڵە بوون بە سه‌مبولی خۆڕاگری و هانده‌ری ژنان بوون بۆخەبات کردن لە پێناو گەیشتن بە ئازادی و مافی یەکسانیی ژن و پیاو. پێشمه‌رگه بوونی ژنی كورد به ته‌نیا دروشمێک نه‌بوو. به‌ڵكوو زۆر دیارده‌ی تری به شوێن خۆیدا هێنا كه ئه‌نجامه‌كه‌ی جیاواز له ترادسیۆن به‌زێنی، به‌كارهێنانی به‌شێكی به‌رچاوی پوتانسیه‌لی كورد بوو كه تا به‌ر له ساڵی ١٣٥٧ی هه‌تاوی وه‌گه‌ڕ نه‌خرابوو.
دەوری کاریگەری ژنانی کورد لەو قۆناغه هەستیارەدا له بەراورد لەگەڵ هەموو بزووتنەوەی کورد دەوریکی جیاواز بوو، چونکه بەربەرەکانێ له بەرانبەر زۆرداریی كۆماری ئیسلامی، که به پێشکەوتووترین تەداروكاتی لۆجستیکی بەرەو شەڕی کوردستان هاتبوو و بواری جوغرافیایی ناوچەکه و خو ڕێکخستنی ژنی کورد له تەک شاخ و سەنگەر هەرچی پتر بوونی ژنی کوردی وەک مرۆڤيكى به هيز و شوڕشگێڕ سەلماند و شوناس و کەسایەتیی گرینگی پێیان و به بزووتنەوه کەیان بەخشی و به وریایی و هوشیارییان یارمەتی پڕبایەخیان به خۆڕاگری کوردستان کرد.
