وتووێژی دواڕۆژ لەگەڵ هاوڕێ مەلەکە موستەفاسوڵتانی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە و چالاکی سیاسی چەپ

پرسیاری یەکەم:
پێگە و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا پێش روخانی شا و دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی چۆن بوو؟
بە کورتی ئەو سەردمە یانی ٤٦ ساڵ پێش ئیستا، دۆخی کومەڵگای کوردەواری لە چاو ئیستا زۆر جیاواز بوو. زۆرینەی نەتەوەی کورد بێبەش و هەژار بوون. زۆربەی خەڵکی کوردستان گوندنشین بوون و خوێندەواریان فرە کەم بوو. دیارە لەو هەلومەرجەدا زۆرترین بێبەشبوون و زەختی لە سەر ژنان بوو.
بەهۆی ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی کە ساڵانی چل و پەنجاکان هەتاوی لە کۆمەڵگەی ئێراندا ڕوویاندا، وەک ڕیفورمی شۆڕشی سپی حەمە ڕەزا شای پەهلوی و گەشەی ئابووری لە ڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، هێواش هێواش گۆڕانکارییەکان لە کۆمەڵگای کوردەواریدا ڕوویاندا. خەڵکێکی زۆر بۆ کار و بژێوی ژیان ڕوویان لە شارەکان کرد.. لە ڕاستیدا لەم سەردەمەدایە کە گەڕەکە هەژار نشینەکانی پەراوێز شارەکان وەک زۆرئاوا، مەجبووئاواکان و هەتد سەرهەڵدەدەن. بەڵام لە کوردستاندا هیچ جۆرە ناوەندی پیشەسازی نەبوو و ئەو خەڵکە سەرەتاییترین و دژوارترین کارەکانیان دەکرد. به هۆی گەشەی ئابووری له ناوچەکانی دیکەی ئێران کار زۆر بوو و زۆرێک له خەڵکی کوردستان دەچوونه شاره کانی دیکه بۆ کارکردن، هەرچەند لەوێش دژوارترین کار بە بێ ئامراز و کەرستەێ ئاسانکاری و پاک و خاوێنیان پێ ئەدرا. ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتانە کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئاساییە لە سەر ژیانی ژنانیش کاردانەوەی بوو. کاتێک پیاوان لەو شارانە کاری ئەکرد ئەرکی ژنان زۆر زیاتر و قورستر دەبوو بەڕێوەبردنی ماڵ، منداڵ و چاودێریکردنی بەساڵاچووانی ناو خێزان لە ئەستۆی ئەوان بوو..
لەو سەردەمەدا زۆرینەی ژنان نەخوێندەوار بوون و بارگرانی ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی و ڕەگەزییان لەسەر بوو. لە گوندەکاندا ژنان بەرپرسیاریەتی قورسیان لە کشتوکاڵ و باخداری و ئاژەڵداریدا لە ئەستۆ بوو. بەڵام زۆر کەمیان ڕێگەیان پێدرا بچنە قوتابخانە. لە شارەکاندا کچان و ژنان دەچوونە قوتابخانە، ئەمما هێشتا ئەم دیاردەیە بەربڵاو نەبووە و ژمارەی ژنانی نەخوێندەوار یان کەم خوێندەوار کەم نەبوون.
کاتێک بزووتنەوەی دادپەروەری و پێشکەوتنخوازانەی نەتەوەی کورد لە دژی ڕژێمی شا دەستی پێکرد، لە شارەکانی کوردستان ژنان لە هەموو شێوەکانی ئەو بزووتنەوە و خەباتەدا زۆر هەڵسووڕاو و چالاک بوون. دۆخی کوردستان و بێبەش بوونی ئەم میللەتە لە مافە ڕوا و بەرحقەکانی خۆیان، کاریگەری لەسەر هۆشیاری و تێگەیشتنی ژنان لەو بزووتنەوەدا بوو. دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی هەم هۆشیاری و ئاگاهی خۆدی ژنان و هەم بارودۆخی کۆمەڵگای کوردواری زۆر لە بار بوون بۆ چالاکی و هەڵسووڕانی ژنان. ژنانی کوردستان ڕێکخراوەی خۆیانیان پێک هێنا، ژنان بوون بە ئەندامی شۆرا و بنکەکان، ژنان لە مانگرتنەکان و ڕێپێوانەکانەدا ڕچەشکین و زۆر چالاک بوون. ژنان سەلماندیان کە داهێنرن، تێکۆشەرن، ئازا و بوێرن.
پرسیاری دووهەم:
بەشداری ژنان لەخەباتی سیاسی و پێشمەرگانەدا چۆن بوو؟ هۆکارەکانی بەشداری ژنان لە خەباتی پێشمەرگانە. ئاستەنگەکان وگرفتەکانی ئەو سەردەم چی بوون؟
لە ساڵی ١٣٥٧ هەتاویدا کە لە ئێران شۆڕش کرا و رژیمی شا ڕۆخا، نەتەوەی کورد لەو شۆڕشەدا بەشداری گەرم و گوڕی کرد. هەوڵی زۆری دا بۆ نەمانی زۆڵم و ستەم، بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتنخواز و دیموکرات کە هەمووان ئازاد و بەختەوەر بن و ژیانی مرۆڤ بەنرخ بێت. بە دەیان کەس لەم پێناوەدا گیانیانبەختکرد و بریندار و پەککەوتە بوون. نەتەوەی کورد ئەیویست لە دەسەڵاتی سیاسیدا بەشدار بێت و چەوساندنەوە و بێبەشکردنی ڕابردوو نەمێنێت، هەروەها بە پێویستە ئەزانی کە نەتەوەی کوردیش سوود لە هەموو ئیمکاناتی ماددی و مەعنەوی وڵات وەربگرێت. بەڵام کۆماری ئیسلام لە ڕۆژەکانی هەوەڵی هاتنە سەرکاریەوە نیشانی دا کە ڕژیمێکی دواکەوتوو و کۆنەپەرستە و هیچ بایخێک بۆ نەتەوەی کورد و خواست و ویستەکانیاندا نانێت. بە تۆپ و گوللە وەڵامی داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان دەداتەوە.. ئەم هەڵوێست و سیاستەی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی برنگاری بەربڵاوی نەتەوەی کورد لە بەرانبەر سیاسەتە شۆڤێنی و دواکەوتووی ئەواندا.
ژنان بەشێک بوون لەو کۆمەڵگایە. بێجگە لە چەوسانەوەی چینایەتی و نەتەوەیی، چەوساندنەوەی سێکسی و جێندەری بارێکیتر بوو کە لە سەر شانیان. لە مانگی ڕیبەندانی ١٣٥٧ هەتاوی تا مانگی گەلاوێژی ١٣٥٨ هەتاوی کە کوردستان ئازاد بوو گەلی کورد بە گشتی و ژنان و گەنجان بە تایبەتی سوودێکی زۆریان لە ئازادی و دیموکراسی لە کوردستان وەرگرت. لەو چەند مانگەدا کە مرۆڤەکان بە ئازادی و یەکسان دەژیان، گەورەترین قوتابخانەی پەروەردە و فێربوون بوو بۆ یەکگرتوویی کۆمەڵگەی کورستان، بەتایبەتی بۆ ژنان. ژنان زۆر هۆشیار و بوێرانە هەنگاویان نا و بوونە نمونە بۆ نەوەی داهاتوو.
کاتێک کە خومەینی فەرمانی جیهادی دژی نەتەوەی کورد دەرکرد خەڵکی کورد دژی ئەو فەرمان ڕاوستا و برنگاری بووەوە. ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر بەشێک بوون لەو بەرەنگاری و کۆڵنەدان. بە دڵنیاییەوە ژنان ڕۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەریان هەبوو لە بزووتنەوەی گەلی کورد بۆ دادپەروەری و مافی چوساوەکان. زۆرێک لە شانازیەکان و سەرکەوتنەکانی ئەم بزووتنەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکی و هەوڵی ماندوو نەناسانەی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا، چ ئەو ژنانە کە لە سیاەچاڵەکانی ڕژیمدا خۆڕاگری و فیداکاریان کرد، چ ئەو ژنانە لە شار و گوندەکانی کوردستان بە گەیاندنی هەواڵ و شاردنەوەی پێشمەرگەکان و دابینکردنی خۆراک و پێداویستییەکانی ئەوان لە هیچ فیداکاریک کۆتایی و قسووریان نکرد، ژنانی پێشمەرگەی کومەڵە هێمای هۆشیاری و تێگەیشتنی قووڵی ژنان لە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگا و کاریگەرییان لەسەر پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و عەلمانی نیشان دا. لە چەند دەیە لەمەوبەرەوە کە ژنانی کومەڵە، هەم بە هەوڵی خۆیان و هەم بەوەی کە پرسی ژنان یەکێک لە بابەتانە سەرکیەکانی کۆمەڵە بوو، بوون بە پێشمەرگە نەک هەر لە کوردستان بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش داهێنانێکی نوێ بوو. هەموو ئەو ژنانە ڕێگایەکی سەختیان گرتەبەر و کۆڵنەدان و خۆڕاگرییان نیشان دا بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکان سەر ڕێگایان و بیرکردنەوە دواکەوتوو و پیاوسالارییەکانی کۆمەڵگا و هەندێک لە هاوڕێیانی خۆمان. چالاکی و تێکۆشانی ژنان لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا کاریگەریی ئەرێنی و سوودبەخشی لەسەر خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵات بووە و هەروەها خەباتی ژنان لەم گۆڕەپانەدا کاریگەری گەورەی لەسەر بیرو تێڕوانینی دژە ژن بوو و جێگای ژنی لە کۆمەڵگادا گۆڕی.
ئاستەنگەکان وگرفتەکانی ئەو سەردەم یەک و دوان نەبوون. لە کومەڵەدا ژنان زۆر هەڵسووڕاو و چالاک بوون بەڵام هەرگیز جێگە و پێگەی واقیعی خۆیان پەیدا نکرد. بەو هۆیەوە بیری پیاوسالاری بڕیار دەربوو و بیری پیاوسالاری زاڵ بوو بەسەر زۆرینەی لایەنەکانی ڕێکخراوەکەدا. ژنان لە هەموو بەشەکانی تشکیلاتدا کاریان ئەکرد و چالاک بوون ئەمما بەرپرسیار و بڕیاردەر نەبوون. بەشداری ژنان لە کۆنگرە و سیمینارەکاندا سنووردار و کەم بوو. هەندێک کەس باوڕیان بە بەرابەری ژن و پیاو نەبوو. خەباتی چەکداری خۆی لە خۆیدا شێوەیەکی زۆر سەخت و تاقەت پڕوکێنە، ژنانی پێشمەرگە چەند قات زیاتر ئەو سەختیان ئەکێشا جارێک وەک پێشمەرگە، جارێک وەک ژن و زۆر جاریش وەک دایک.
پرسیاری سێهەم:
خاڵە لە یەک چووەکانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە خەباتی کۆمەڵەوە لە کوردستان چیە؟
بە بڕوای من خەبات و چالاکی کۆمەڵە لە هەموو بوارەکاندا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کۆمەڵگای کوردستان بوو. ڕێبازی کومەڵە و سیاسەتە دروست و پێشکەوتنخوازەکانی بەرامبەر بە هەموو کێشەکانی ناو کومەڵگا، وەک پرسی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی، پرسی ژن، کرێکار و منداڵ و کێشە بچووک و گەورەکان جێ کەوتووە. ئەو ڕێبازە ڕێنمایە بۆ گەنجی ئەمڕۆ کە لێی فێربن و بەکاری بێنن. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە تایبەتمەندییەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگای کوردستانەوە بەردەوامبوونە بۆ بەرابەری ژن و پیاو، بۆ کۆمەڵگایەکی سکولار و مۆدێرن لە هەموو بوارەکاندا. شۆڕشی ژینا لە پێشترە و هەوڵ ئەدات بۆ سەپاندنی دەستکەوتەکانی. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو ڕێبازەیە کە هەزاران مرۆڤی دڵسۆز لە پێناویدا ئازاریان چێشت و فیداکاریان کرد و بەشێکی زۆریش گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناوی ئەو ئامانجە بەرزە دا.
پرسیاری چوارەم:
دۆخی ژنان لە دوای خەباتی چەکداری و دوای شۆرشی ژینا لە کوردستان چۆنە؟
ئاسۆی خەباتی ژنان لە دواڕۆژدا ؟
بە درێژای مێژوو ژنان هەوڵیان داوە تێکۆشاون بۆ بەرابەری و یەکسانی، بۆ مافە ڕواکانی خۆیان.سەرەڕای سەدان بەربەست و گیر و گرفتگەلێ جۆڕاوجۆر بەردەوام بوون و دەستبەردار نەبوون. لە ساڵەکانی چل و پەنجاکان هەتاوی بەم لاوە هەتا هاتووە ژنان دەور و نەقشی پێشەنگیان بوو و بێ پسانەوە لە گەشە و پێشکەوتندان. ڕاستە بیر و بڕوایپیاوسالاری و دواکەوتووی کولتووری و ئایینی لە کۆمەڵگادا هێشتا بوونیان هەیە و ئاستەنگ دروست دەکەن. هێشتا ژنانێکی زۆر لە دەست ئەم دیاردانە ئازار و ئەزیت ئەچێژن و کەم نین ئەو ژنانە کە بەر زەخت و زۆر، توندوتیژی ئەکەون و تەنانەت گیانیان لە دەست داوە و ئەیدەن.بەڵام وەک لە شۆڕشی ژن ژیان ئازادیدا نیشان درا ژنان لە دواڕۆژی کومەڵگای کوردستاندا ڕۆڵ و نەقشی سەرکیان هەیە و ئەوان ئاڵا هەڵگری شۆڕشەکەمان ئەبن. شۆڕشی داهاتوو بە ڕەهبری ژنان ئەبێت. ژن ژیان ئازادی |

