چاوپێکەوتنی ڕۆژ نيوز لە گەڵ هاوڕێ چیمەن جوانرودی

0
چیمەن جوانرودی

چالاکوانێکی سیاسیی: ڕژێمی ئێران هەڕەشەی دەستدرێژی لە ژنە دەستبەسەرکراوەکان دەکات

چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی دەڵێت: گەلانی ئێران ٤٧ ساڵە لەژێر ستەمی حکومەتی ئێراندا دەژین، حکومەت لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندان دەستی بە سەرکوتکردن کردووە و هەڕەشەی دەستدرێژیکردن لە ژنە دەستبەسەرکراوەکان دەکات.

ماوەی ١٣ ڕۆژە، گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی ڕژێمی ئێران و بەهۆی قەیرانی ئابووریی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و بەپێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس دەستبەسەر کراون و بەدەیان خۆپیشاندەریش کوژراون، لە نێو ئەو ژمارەدا زۆربەیان لە ژنان پێکدێن، کە پێشەنگی خۆپیشاندانەکانن، لەو بارەیەوە چیمەن جوانڕوودی، چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

“گەلانی ئێران ٤٧ ساڵە لەژێر ستەمی حکومەتی ئێراندا دەژین”

چیمەن جوانڕوودی

چیمەن جوانڕوودی لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستەسەر خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وتی: خۆپیشاندانەکانی ئێستا درێژکراوەی خۆپیشاندانی شۆڕشی ژینایە. هەروەها ئێران دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە لە ڕووی ئابووریی و سیاسییەوە زیاتر ڕووخاوە، گەلانی ئێران ٤٧ ساڵە لەژێر ستەمی حکومەتی ئێراندا دەژین و ڕووبەڕووی هەژاری و بێکاری بوونەتەوە، لەبەر ئەوەی حکومەت سەرمایەی وڵاتەکەی بۆ هێزە ئەمنییەکانی و لە ڤەنزوێلا و سووریا خەرج کردووە.

“کۆماری ئیسلامی ئێران دژە ژن و نەتەوەکانی دیکەیە”

وتیشی: کۆماری ئیسلامی ئێران دژە ژن و نەتەوەکانی دیکەیە و بەتایبەتی نەتەوەی کورد، بە کوشتن، لەسێدارەدان، زیندانییکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان سەرکوتی خۆپیشاندانەکان دەکات و دەسەڵاتەکەی بە سەرکوتکردن ماوەتەوە، لە ئێستادا خۆپیشاندانەکانی گەل پەرەی سەندووە و داوای باشترکردنی بارودۆخی ئابووریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی دەکەن، بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و گۆڕینی فکری چەقبەستوو تێکۆشان دەکەن.

“حکومەت لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندان دەستی بە سەرکوتکردن کردووە”

چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی جەختی لەوە کردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خۆپیشاندان دەستیان کردووە بە سەرکوتکردنیان و زیاتر لە شارەکانی ئیلام و کرماشان سەرکوتکردنەکانیان فراوانتر کردووە، هەمیشە ئەم سیاسەتە دووبارە دەکاتەوە کە لە ناوچە کوردنشینەکان زیاتر سەرکوتکردنەکان چڕتر دەکاتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی ترس لە شارەکانی دیکە، پاشان کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەر دەسەڵاتەوە دەستیکردووە بە لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدانی نەتەوەی کورد، چونکە نەتەوەی کورد هەموو ستەمێک قبوول ناکات و داوای مافی خۆی دەکات.

“کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی دەستدرێژیکردن لە ژنە دەستبەسەرکراوەکان کردووە”

چیمەن جوانڕوودی چالاکوانی سیاسیی و بواری مافەکانی ژنان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژە بە هەڕەشەکانی ڕژێمی ئێران بۆ ژنە دەستبەسەرکراوەکان دەکات کە بۆ داواکردنی مافەکانیان دەنگیان بەرز کردووەتەوە و دووپاتیکردەوە: لەم خۆپیشاندانانە هەڕەشەی دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی دەستبەسەرکراو کراوە بۆ پاشەکشەکردنی ژنان لە تێکۆشانەکانیان، ئەوەش لە ئاینی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەیاسا هەیە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی خۆکوشتن لەناو زیندانەکاندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *