خامەنەیی، ئەو دیکتاتۆرەی کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری…

ع. ئاجیکەند

گەورە دیکتاتۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە سەری مارەکە ناوبانگی دەرکردووە، هەتا دوێنێ وەک دڕندە هەڕەشە و گوڕەشەکانی گوێی هەموانی کەڕ کردبوو، کەچی ئەمڕۆ زەلیل و داماو بەرامبەر بە دوژمنەکانی، کونە مشکی لێ بووە بە قەیسەری. بۆی چاوەڕوان نەکراو بوو. لە چەند چرکەدا غافڵگیر کرا، فەرماندەکانی خۆی لەدەست دا و بەشێکی هەرە زۆری مووشەکەکانی بێ مەبەست تەقێندران. هەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمییەکانیشی لەلایەن ئەمریکاوە خاپوور کران و بەم شێوەیە بەرنامە ئەتۆمییەکەی کە سەدان ملیارد دۆلاری بۆ تەرخان کرابوو، داڕما.

خامەنەیی لەو دەگمەن دیکتاتۆرانەیە کە ٤٧ ساڵە هەموو هەوڵێکی بۆ مانەوە و پاراستنی تاج و تەختەکەی داوە. لە ئەمنیەتی و نیزامی کردنی کۆمەڵگاوە بگرە هەتا خەرجکردنی هەزاران ملیارد دۆلار بۆ پڕچەککردنی خۆی و دەسەڵاتە نەحسەکەی، چ لە ناوخۆی ئێران و چ لە دەرەوەی سنوورەکان.

خامەنەیی شەڕێکی قورسی بەسەر ئێراندا سەپاند. ئاکامی ئەم شەڕەش تا ئێستا ڕوونە. خامەنەیی و سپاکەی لەو پەڕی لاوازیدان و ئاسمانی ولاتەکەی لەدەستی ئیسرائیل دایە و هیوایەکیش بۆ کۆتایی شەڕ نییە. خامەنەیی ڕێگایەکی بێجگە لە سازش و تەسلیمبوون لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ نەماوەتەوە.

بەڵام گفتوگۆ و سازان و تەسلیمبوونی کۆماری ئیسلامی، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی وەستانی شەڕ و ئاگربڕ یان تەنانەت کەمبوونەوەی گەمارۆکانیش، ناتوانێت کۆماری ئیسلامی هەم لە قەیرانی ئێستا و هەم لە شۆڕش و ئاخێزی جەماوەریی دەرباز بکات.

ئەم شەڕە خەساری زۆری لە خامەنەیی و دەسەڵاتەکەی دا و تا لێواری ڕووخان هێناویەتی. لە ئاسمانەوە بۆمب دەبارێت. ژێرخانە ئابوورییەکان و ناوەندەکانی دەسەڵات یەک لەدوای یەک خاپوور کراون. ئاکامی ئەو شەڕە نادیارە و لەولاشەوە قەیرانی سووتەمەنی، گرانی و هەژاری و بێکاری و گوزەرانی سەختی جەماوەری زەحمەتکێش لە هەڵکشاندایە. بەهای خۆراک و پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خەڵک ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر بوون دایە.

خامەنەیی هۆکاری سەرەکی ئەم شەڕ و ماڵوێرانی و بێکاری، هەژاری و برسیەتییە. هۆکاری دزی و گەندەڵییە. هۆکاری هەموو ئەو تاوان و نەهامەتییانەیە کە خەڵک لەگەڵی بەرەو ڕوون. خامەنەیی و سپا تیرۆریستەکەی توانای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایان نییە و دەبێت بڕۆن تا خەڵکیش ڕزگاریان بێت و هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵمژن.

ئەگەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل مان و نەمانی دەسەڵاتەکەی خامەنەیی یەکلایی نەکەنەوە، دیسان کۆماری ئیسلامی ڕێگای دەربازبوونی نییە و هاوکات دەکەوێتە بەر هاواری پەنگ خواردووی جەماوەری خەڵکیشەوە. خەڵکی ئێران بەتایبەتی خەڵکی کوردستان ئەم ڕژیمەیان نایوێت و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ ڕووخاندنی.

خاڵە لاوازەکانی کۆماری ئیسلامی یەکجار زۆرن. نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێران دەمێک ساڵە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە خراونەتە پەراوێزی کۆمەڵگاوە و وەک شارۆمەندی پلەی دووەم، تەنانەت زیاتریش چاویان لێدەکرێت. ئەم شەپۆڵە بەرینە لە ناڕەزایی بەدەسەڵاتەکەی خامەنەیی دەتوانێت بۆ داهاتووی دەسەڵاتەکەی چارەنووس ساز و بە زیان بێت.

کوردستان تڕپەی دڵی هەموو ئەو شۆڕش و ئاخێز و بەرخۆدانانەیە و ئاگری ژێر خۆڵەمێشە. لەگەڵ چۆکۆڵەترین دەرفەت دەتوانێت دیسان بڵێسە بستێنێتەوە و ئاخێزێکی تر و شانازییەکی تر هاوشێوەی شۆڕشە مەزنەکەی ژینا بخولقێنێت و ئەم جار بە تەواوەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان بێنێت.

خەڵکی کوردستان ئەزموونی خەباتێکی ٤٧ ساڵەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە و سەنگەر بە سەنگەر لە ململانێیەدا بوون. کەواتە لێرە لە کوردستان هیچ شتێک فریای ڕژیم ناکەوێت.

خامەنەیی و سپاکەی گەیشتوونەتە کۆتایی دەسەڵاتیان و ڕووخانیان حاشای لێناکرێت، بەتایبەتی لێرە لە کوردستان…