پەروەردە: ڕێگای ڕزگاری و چرای ڕێگای نەوەی نوێ

پەروەردە تەنها فێربوونی زانست نییە، بەڵکوو ڕێگایەکە بۆ بەرفرەبوونی بیر و هزر و دەربڕینیان.
پەروەردە هەنگاوێکی بەهێزە بۆ داهاتوومان، ئامرازێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ کۆیلایەتی و نەهامەتیە کومەڵایەتییەکانمان. کاتێک منداڵێکی کورد بە جوانی پەروەردە دەکرێت، کۆمەڵگا هەنگاوێک بەرەو پێش چووە بۆ ئەوەی نەوەی نوێ سەرمایەی داهاتووی کوردستانە، هەر وا کە پێشینیان کۆتوویانە؛ «تێکۆشانی ئەمرۆ، سەرکەوتنی سبەیە».
لێرەدا ڕۆڵی گرینگی پەروەردە زەق دەبێتەوە. ئەرکی سەرشانی هەموو دایک و باوکێکی بەرپرسیارە کە پێکەوە بۆ پەروەردەی بەرەی نوێ هەوڵ بدەن. کاتێ ژنێک تێگەیشتوو و ئاگادار بە مافەکانی خۆی و نەتەوەکەی بێت و بزانێت چۆن بیر بکاتەوە، چۆن بڕیار بدات، چۆن هەست بە توانا و هێزەکانی خۆی بکات. نە تەنیا خۆی دەگۆڕێ بەڵکوو هەوڵ دەدات بۆ گۆڕینی رەفتار و هەڵویستی کەسانی دی. ئەوسا ئەم ڕووناکییە دەگاتە ماڵەکان، دەگاتە کۆمەڵگا، دەگاتە دەست نەوەی داهاتوو و دەبێتە بنەمای گۆڕانکارییەکی دڕێژخایەن.
پەروەردەی نەوەی داهاتوو بە دەستی ژنانی زانا و بوێر گرینگترین سەرمایەی نیشتمانمانە. لەم دۆخەدا کە قسەی سەر زمانی میدیای سەر بە دەسەڵاتی پاوانخواز جەستەی ژنانە و لەبری سەرنجدان لەسەر داگیرکاری و ستەمی دووقاتەی نەتەوەی کورد خەریکی بڕیاردان لە سەر چۆنییەتی پۆشاک و ڕەفتاری ژنانە؛ ژنی تێگەییشتوو دەبێ بیر لەوە بکاتەوە کە بە درێژایی مێژوو چ دەسەڵات چ ئایین و چ فەرهەنگی پیاوسالار، وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی سەیری کردووە، کاتێ لەوە تێگەیشت ئەوجار دەتوانێ بڕیاری درووست بدات هەم بۆ خۆی و هەم بۆ پەروەردەی خێزانەکەی کە نەبنە کۆیلەی دەسەڵات و ئایینی سیاسی. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەم کێشەی هەنووکەی هەر چوارپارچەی کوردستان بکەین کە جگە لە کاریگەری و گوشاری چینی خاوەن دەسەڵات بە زۆری هۆکارەکەی ئەوەیە ژنان و کچانێک کە ئاگاداری مافەکانی خۆیانن کەمن و هەر ئەو نەزانینە بووەتە هۆی ئەوەی کە هەم جەستە و هەم هزری خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتداری سیاسەتی ئایینیەوە…
من پێموایە جگە لە مافی جەستەی دەبێ بەرەی نوێ فێر بێت بە زمانی دایکی داوای مافی خۆی و هاونیشتمانیانی بکات. دەبێ فێر بێت کە ئەوەی کێشەکان چارەسەر دەکات هاودەنگی و گفتگۆیە، دەبێ باوەڕی بە یەکسانی هەبێ و بەرەو ئاسۆی یەکسانی کە نە مافی کەس پێشێل بکات نە ئیزن بدات کەس مافەکانی پێشێل بکات هەوڵ بدات. کەسێک بێت خاوەن هەڵویست و هۆشیار بە مافەکانی خۆی و کۆمەڵگاکەی. خوێندنەوە و زانستی سەبارەت بە مێژوو و کلتووری نەتەوەکەی ببێ.
شتێک کە دەمەوێ لە کۆتاییدا باسی بکەم و دەکرێ وەک ئەنجامی پەروەردەی درووست بیزانین، هەبوونی بیری ڕەخنەییە. بیری ڕەخنەیی دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە تاک، گومان لە هەر شتێکی ناو کۆمەڵگا بکات کە هەست بکا کە لەگەڵ ئەو بایەخانەی بۆ خۆی دیاری کردووە ناتەبایە. بیری ڕەخنەیی دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە بوێر و باوەڕبەخۆ بێت و لە کاتی درووست هەڵویست بگرێ و لە ڕەخنە گرتن باکی نەبێ. بێری ڕەخنەیی دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە هەوڵی دەسەڵاتی ستەمکار پووچەڵ بێتەوە و نەهێڵێ کەسانی نائاگا ببنە کۆیلەی سیاسەتی داگیرکەرانی خاک و جەستە. هەوڵ بدەین بۆ پەرەوەدی درووستی نەوەی کوردەواری.
“لە دایکبن هەڵگرانی چرای زەردەشت
پەریزادە و شۆڕەسواری دێ و شاری کورد
لە دایکبن ژەنگی مێژوو داپۆشۆرن
با گوێی دنیا بئەنگێوێ بڕیاری کورد!
لە زمان و سەر بێزارم…
دیسان چاوم لە ئێوەیە
زارۆیانی نەداری کورد
سەرێکی دی بە ئەستۆوە بنوسێنن
زمانێکی دی بخەنە ناو زاری کورد
لە دایکبن هەتا ئێوە نێنە دونیا
خوێنی تازەی تێ ناگەڕێ دەماری کورد”
پەشێو