شۆڕشی ژینا ، هەوێنی هەموو شۆڕشەکان…

ماجد عەبدووڵازادە
ماجد عەبدووڵازادە

شۆڕشی ژینا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی”، “نە ڕووسەری، نە تووسەری، ئازادی، یەکسانی”، “مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی و هەروەها ئاگر تێبەردانی لچک و فڕێدانی حیجاب لەسەر شەقامەکان لە لایەن ژنانی وشیار و ناڕازی، بەکردەوە بنەماکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامیی هێنایە ژێر پرسیار. ئەم شۆڕشە لەو جێگەوە کە بەهێزترین پێگەی ئیسلامیی سیاسیی بە یاسای سەختی دینییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایە بەر پەلاماری ئایدیۆلۆژیک، بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە ناوچەکە خستە قۆناغێکی نوێوە. سووتاندنی سەرپۆش و فرێدانی لە ناو کۆڕوکۆبوونەوە جەماوەرییەکان، ئیسلامیی سیاسی بەشێوەی بەرین ڕسوا کرد. رۆڵ و کاریگەریی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هێندە بەهێز بوو کە لەماوەیەکی کەمدا دەسەڵاتی لەرزۆکی کۆماری ئیسلامی هێنایە لێواری روخان. خەباتی نەپساوەی ژنان لەماوەی دەسەڵاتی نەحسی کۆماری ئیسلامیی و بۆ نموونە بەشداریی بەرین و بوێرانەی ژنانی ئازادیخواز لەشۆڕشی ژینادا، سەرچاوەی ئەو بەرخۆدانە بەرینەیە کە ئەمڕۆ لە بواری خەبات دژ بە “حیجابی زۆرە ملی ” لەگۆشەو کەناری ئێران خۆی نیشان داوە و خامەنەیی و ئیمام جومعەکان و کاربەدەستانی ڕژیم و فەرماندەکانی هێزی ئیتزامیی هەراسان و پەرێشان کردووە. دیارە مەسەلەی “جیجابی بە زۆر داسەپاو ” تەنیا یەکێک لە شێوازەکانی ستەمی ژنان لە کۆمەڵگەی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدایە. خەبات دژ بە “حیجابی زۆرە ملی “بە تەنیا ناتوانێ بەرینایی خەباتی ڕزگاری بەخشی ژنانی ئێران نیشان بدات، بەڵام بەربەرەکانێ  لەگەڵ ئەم یاسا و سوننەتە کۆنەپەرستانەیە، ئەمڕۆ بووەتە هێمایەک لە بەرخۆدان و خۆڕاگری بەرامبەر بە یاسا ئیسلامییەکان و پشت گوێ خستنی یاسای بە زۆر داسەپاوی حکوومەتی. دیاردەی بەدحیجابی کە بەمجۆرە خامنەیی جەلاد و باقیی کارەبەدەستانی کۆنەپەرستی ڕژیمی نیگەران و هەراسان کردووە، ئەمڕۆ گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕژیم توانای کۆنتڕۆڵکردنی لەدەست داوە. هێزی ڕەوانەکراو بۆ سەرشەقامەکان بۆ پاشەکشە پێکردن بە لەشکری ملیۆنیی ژنانێک کە لەڕێگەی لابردنی ڕووسەرییەکانیان ڕژیمی ئیسلامیی و یاساکانیان بردووەتە ژێر پرسییارەوە، کارامە نییە. 

ئەمڕۆ ڕق و تووڕەیی خامنەیی و باقیی کۆنەپەرستانی ناوەوە و دەرەوەی دەسەڵات لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ساڵانێکە سەرەڕای خەرجی زۆر لە گیرفانی خەڵک و ٤٦ ساڵ چالاکیی پڕوپاگەندەی ناوەندە ڕەنگاوڕەنگەکانی دواکەوتوویی ئایینی و دەزگا سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیی نەیانتوانیوە “بەربەستە شەرعییەکان”ی دڵخوازی خامنەیی جێگر بکەن و بەسەر خەڵکدا دایسەپێنن. یاساو رێسای قێزەونی ئیسلامیی بەمانای یەخسیر کردن و لەناو ماڵدا هێشتنەوە و بێ مافکردنی یەکجاریی ژنانە. کاربەدەستانی ڕژیم لە سەرەوەی هەموان جینایەتکارێکی لەچەشنی خامنەیی بێجگە لەوەیکە دەیهەوێ ژنان لە هەمان کۆت و بند و یەخسیریدا ڕابگرێت، فێڵبازانە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی، بەتەمایە مەسەلەی حیجاب، ئەم هێمایەی کۆیلەتیی ژنان، بکاتە مەشغەڵەی ئەوان.  ڕۆڵی ژنانی خەباتکار بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا حاشاهەڵنەگرە. ئەمرۆ ژنان لە ڕیزی یەکەمی ئەم بزووتنەوانە دان و لە ڕێنوێنی و ڕێبەرییاندا ڕۆڵی سەرەکیان هەیە. خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە کە هەوڵی سەرەکی ڕژیم لەم بوارەدا بێ ئاکام بووە و نیتوانیوە و ناشتوانێ بەر بە خەباتی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دژبە کۆت و بەند و دواکەوتوویی بگرێ. لەئێستادا خەباتی ژنان بووەتە بەشێک لە خەباتی بەردەوام و ڕۆژانەی خەڵکی بێبەشی ئێران دژبە بێکاری، هەژاری، گرانی و کێشەکانی تری ناو کۆمەڵگەی ئێران و نیشانەی ئەو راستییەن کە ژنان و پیاوانی ئێران، لە خەباتی خۆیاندا بەرەو ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامیی هەنگاوی بێ پسانەوە هەڵدەگرن.

بێ گومان دانان و کەڵک وەرگرتن لە “مەئموورانی کۆنترۆڵکردنی حیجاب” لەناو شوێنە گشتییەکان و بەتایبەت لە میترۆکان و “چاودێر” بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی جلوبەرگی کچانی لاوی وڵات، بەشێکە لەو شەڕە سەرتاسەرییەی کە حکومەت لەدژی ژنانی ئێران خستوویەتە ڕێ. بەڵام پێشڕەوی ژنانی بوێر و ئازادیخواز لەم سەنگەرە و لەم نەبەردە دا حاشا هەڵنەگرەو بە کردەوە ڕژیمی خستۆتە دۆخی بەرگریکردنەوە. 

راستییەکەی ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگەی ئێران بەهۆی کردار و یاسا ئیسلامییەکان دژی هەموو دین و یاساو رێسایەکی دینین. خەڵکی ئێران “ئاخوند و دین ” بە هۆکاری دواکەوتوویی وگەندەڵی، سەرکوت، تاڵان و بوونی یاسای کۆنەپەرستانە و هەڵاواردن دەزانن.

نابێ لەبیری کەین کە یەکێک لە داخوازییەکانی شۆڕشی شکۆداری ئێستا دابین کردنی مافەکانی ژنان بەپێی ئاخرین ئیستانداردەکانی ئەمڕۆی دنیای پێشکەوتووە. هەڵوەشاندنەوەی حیجابی ئیجباری و تێکەوە پێچرانی هەموو ناوەندەکانی سەرکووتی ژنان، هەنگاوێک دەبێت لە پێناوی دەستەبەر کردنی ئەم داخوازیە بنەڕەتیەدا.

بردنی کۆماری ئیسلامیی بەرەو روخاندن، دەبێ هەنگاوی یەکەم بێت بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگایەک کە تێیدا دابین بوونی ماف و ئازادی و یەکسانی تەواوی ژنان و پیاوانی تێدا ببێتە پێویستەیەکی بنەڕەتی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی شیاوی ئینسانی کە ئاکامەکەی سڕینەوە و ڕیشەکێش کردنی چەوساندنەوەی ژنانە.

فڕێدانی سەرپۆش بەکردەوە دەتوانـــێ “یاسا بە زۆر داسەپاوەکان ” هەڵوەشێننەوە. بێگومان هەڵمەتێک کە لەم بوارەدا دەستی پێکردووە دەکرێ بەسەرەنجام بگات. ڕژیم لە بەرەنگاربوونەوەی لەگەڵ بەدحیجابیدا کەوتووەتە سەر لێواری هەڵدێر. با هەموومان پێکەوە سەرپۆشەکان فڕێ بدەین و بەرەو دونیای ئازادی هەنگاو بنێن…