زایەڵەی خوێن، ئاڵای ڕێگا

سێ ساڵ لە گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی تێپەڕی؛ کچێک کە ناوەکەی، لە شەقامەکانی تارانەوە تا چیاکانی کوردستان، بوو بە هاوارێک کە سنوورەکانی بێدەنگی و ترس و ملکەچی بەزاند. مردنێک کە بڕیار بوو وانەیەک بێت، بوو بە نیشانەی یاخیبوون و هێمایەک بۆ بزووتنەوەیەک کە نەک تەنیا دژی سەرپۆش و حیجابی زۆرەملی، بەڵکوو دژی هەموو پێکهاتەکانی هەڵاواردن و چەوساندنەوە لە ئێران وەستایەوە.
ئەمڕۆ ژینا تەنها ناوێک نییە و لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بۆتە درەختێکی بەهێز؛ درەختێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە ناخ و ڕۆحی ئازادیخوازان و یەکسانیخوازان و گەلانێکدا داکوتاوە کە بە دەیان ساڵ ببوونە قوربانیی ئینکار و سانسۆر و چەوساندنەوە.
دەنگی خنکاوی ژینا، ئێستا لە گەرووی هەزاران ژن و گەنج و کرێکار و ڕۆشنبیر و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکاندا دەزرینگێتەوە و دەنگی داوەتەوە. ئەو هاوارە چیتر دروشمێکی کاتی نییە، بەڵکوو ناسنامەی نەوەیەکە؛ نەوەیەک کە داوای “ژن، ژیان، ئازادی” دەکات نەک وەک ئایدیاڵێکی دوور، بەڵکوو وەک واقیعێکی حەتمی و پێویستییەک بۆ داهاتوویەکی مرۆیی.
بزووتنەوەی ژینا کە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەریی لەگەڵدا بوو، هەر لە سەرەتاوە نیشانی دا کە لە بنەڕەتدا جیاوازە لە بزووتنەوەکانی پێشوو. ئەمجارەیان، خاڵی دەستپێک جەستەی مێینە بوو؛ جەستەی سەرکوتکراو و کۆنترۆڵکراو و چاودێریکراو. بەڵام زۆری نەخایاند کە ئەم ڕاپەڕینە سنووری ڕەگەزیی بەزاند و پەیوەست بوو بە پرسی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هەڵاواردنی نەتەوەیی و چەوساندنەوەی چینایەتی و ئینکاری شوناسە کولتوورییەکانەوە.
بزووتنەوەی ژینا بە کردەوە نیشانیدا کە لە کۆمەڵگەی فرەنەتەوەیی ئێراندا، هیچ گۆڕانکارییەک بەبێ لەبەرچاوگرتنی داواکارییە مێژووییەکانی گەلانی غەیرە فارس، ژنان، گەنجان و کەسانی کەمدەرامەت، مومکین نییە. دروشمەکانی شەقام، هاوپشتیی بێوێنە لە ناڕەزایەتییەکان و ئامادەبوونی چالاکانەی نەوەی گەنج و کەمینەکان، بە ڕوونی ئەو ڕاستییەیان نیشان دەدا کە کۆمەڵگای ئێران چووەتە قۆناغێکی نوێی خەباتی کۆمەڵایەتی- سیاسییەوە.
لەم سێ ساڵەدا دەرکەوت کە پێکهاتەی دەسەڵاتی زاڵ نەک هەر توانای چاکسازی نییە، بەڵکوو هەر جۆرە چاکسازییەک بە هەڕەشە بۆ سەر بوونی خۆی دەزانێت. لە بەرامبەردا کۆمەڵگەی مەدەنی، ژنانی پێشەنگ، خوێندکارانی ناڕازیی، کرێکارانی ڕێکخراو و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان وردە وردە چەمکەکانی سەروەریی، ماف، ئازادی و دادپەروەریی پێناسە دەکەنەوە.
چیتر داوای گۆڕانکاری لە ئاستی سیستمی سیاسیدا سنوردار نییە. پرسی بنچینەیی بریتییە لە پێناسەکردنەوەی تەواوەتیی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێراندا- پێکهاتەیەک کە نەک هەر تاک ڕەگەز بووە، بەڵکوو تاک نەتەوەیی، تاک کولتووری و تاک گێڕانەوەش بووە. گوتاری زاڵ ئێستا داوای دانپێدانانی شوناسە نەتەوەییەکان و فرەچەشنی زمانەوانی و سەربەخۆیی کولتووری و کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرە جیاکارییەکی ڕەگەزیی و ئایینی و نەتەوەیی دەکات.
یەکێک لە پرسیارە مشتومڕاوییەکانی دوای ڕاپەڕینی ژینا، پرسی “ئەڵتەرناتیڤ” بوو. ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەما چی جێگای دەگرێتەوە؟ وەڵامەکە لە شەقامەکان و لە دروشمەکاندا و لە داواکارییە ڕوون و ئاشکراکانی خەڵکدایە: سیستەمێکی دیموکراسی و فیدراڵی و فرەنەتەوەیی کە لەسەر بنەمای ئیرادەی ئازادیی گەلان و یەکسانی ژن و پیاو و مافی مرۆڤ دامەزراوە و بێگومان بەبێ داننان بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان، بەبێ گەرەنتیکردنی مافی کەمینەکان و بەبێ بەشداریکردنی یەکسان و کاریگەرانەی ژنان لە دەسەڵاتدا، هیچ بەدیلێک ناتوانێت بەردەوام و ڕەوا بێت. داهاتوو پێویستی بە پێکهاتەیەکی بەشدارانە و گشتگیر هەیە- نەک بەرهەمهێنانەوەی نەزمی کۆن بە ڕووخسارێکی جیاوازەوە.
لەم ماوەیەدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زۆرجار بە لێدوانی ڕەمزی وەڵامی ڕووداوەکانی ئێرانی داوەتەوە. بەڵام بۆ زۆر کەس ئەم پشتیوانییە بەس نییە. ئەو خەڵکەی بە ژیانی خۆیان باجی ئازادی دەدەن، شایەنی ئەوەن دەنگیان بناسرێتەوە و پشتیوانی کاریگەرتر وەربگرێت؛ نەک تەنها لە شێوەی سزا یان ئیدانەکردن، بەڵکوو لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و میدیایی و تەنانەت یاساییش.
ناوی ژینا ئەمینی، وەک ناوی شلێر ڕەسووڵی، نیکا شاکرمی و دەیان ژن و پیاوی دیکە کە لە پێناو ئازادیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمڕۆ لە یادەوەریی بەکۆمەڵی ئێراندا هەڵکەندراوە. ئەم ناوانە هێمان؛ نەک تەنها لە ئازار، بەڵکوو لە هیوا. نەک هەر سەرکوتکردن، بەڵکوو بەرخۆدان.
سێ ساڵ دوای ژینا، خەبات نە مردووە و نە وەستاوە. ئەم ڕێگایە بە هەموو سەختی و تێچووی خۆیەوە ناگەڕێتەوە دواوە. کۆمەڵگایەک تامی ناڕەزایی کردبێت بێدەنگی قبوڵ ناکات. نەتەوەیەک کە دەرکی بە هێزی دەنگی خۆی کردبێت، بێدەنگ نابێت.
ژینا زیندووە، چونکە ڕێگاکەی زیندووە.
وە ئەو ڕێگایە، بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، بەردەوامە — نەک وەک هاوارێکی تاکەکەسی، بەڵکوو وەک ئاڵای بزووتنەوەیەک.