دادخوازی وەک بناغەی بنەڕەتیی مافەکانی مرۆڤ…

بە گشتی، مافی مرۆڤ کۆمەڵێک ماف و ئازادییە کە بۆ هەر مرۆڤێکە، بە بێ هەڵاواردنی ڕەگەزی، زمان، ئایین، چینی کۆمەڵایەتی و هتد.
یەکێک لە گرنگترین بابەتەکان لە پەیوەندی دەگەڵ جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ دا، پەیوەندی بە “مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە”وە هەیە. مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بە واتای بەدواداچوون و دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بێ جیاکارییە و بە یەکێک لە پایە گرینگەکانی مافی مرۆڤ و چەسپاندنی دادپەروەری دادەنرێت.
ئەم بابەتە بۆیە گرینگە، چون ڕێگری لە بە تاوانبار زانینی کەسانی بێتاوان دەکات و متمانەی خەڵک بە دادپەروەری بەهێز و تا ڕادەیەک گەرەنتی دەکات. هەروەها، لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە و مافی بە دوادا چوون دەبێتە هۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و دواجار جێبەجێکردنی دادپەروەری. “دۆزینەوەی ڕاستییەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری” پایەی سەرەکی “دادخوازیە”. هەموو هەوڵەکانی تاک یان دامەزراوەیەک کە بەدوای دادخوازی دا دەگەڕێت، لە سەرنج و بەرژەوەندی دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ئاشکراکردنی وردەکاری و بەشە شاراوەکانی تاوانێک و دواجار جێبەجێکردنی دادپەروەری دەستپێدەکات. دادخوازی پرۆسەیەکە بۆ داوای دۆزینەوەی ڕاستی و قەرەبوو کردنەوە و مافی لێپرسینەوە و دڵنیا بوون لەوەی تاوانەکە دووبارە نەبێتەوە. لە ڕاستیدا دادخوازی دەتوانرێت بە کەرەستەی بەربەرەکانی ڕا کردن لە سزا ناو ببرێت. لە پرۆسەی دادخوازی دایە کە مافی تاکەکان کە بە مافی مرۆڤ لێکدەدرێتەوە، پێشێل ناکرێت و لە مێژوودا نانێژرێت، دادپەروەری جێبەجێ دەکرێت و کاریگەریی خۆی لەسەر ژیانی کۆمەڵگا دەبێت و “رێگری لە دووبارەبوونەوەی پێشێلکردنی مافەکان دەکات”.
لە غیابی دادخوازی دایە کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام دەبێت. دادخوازی و کاریگەر بوونی، پێویستی بە “مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە” هەیە، کە یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی پێناسە کردنی مافەکانی مرۆڤ. بۆیە دەتوانرێت بڵێین مافەکانی مرۆڤ بە بێ دادخوازی کاریگەریان نیە. لە لایەکی دیکەوە، دادخوازی بە بێ ئەوەی قسە لەسەر مافە سەرەتاییەکانی تاکەکان بکرێت، کە مافی مرۆڤن، پرۆسەیەکی بێمانا دەبێت. بزووتنەوەی دادخوازی لە کۆمەڵگای ئێرانی ئەمڕۆدا یەکێک لە هەمەلایەنەترین و کاریگەرترین بزووتنەوەکانی پڕۆسەی خەباتی خەڵک و بەدوادا چوونی دادپەروەرییە. دادخوازی بزووتنەوەیەکە کە بڕوای بە توند و تیژی و تۆڵە سەندنەوە نیە و سەر بە زۆرترین زیان لێکەوتووان و قوربانیانی نادادپەروەرییە. بۆیە ئەوەی لە شێوەی ئەم بزووتنەوەیە لە ئێراندا دەگوزەرێت، لە ڕاستیدا هەمان هەوڵ و خەباتە بۆ جێبەجێکردن و چەسپاندنی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێگەی دەستڕاگەیشتن بە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و دۆزینەوەی ڕاستییەکان. بزووتنەوەیەک کە بە هۆی بەرحەق بوونیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە هێزتر و ڕێکخراوتر دەبێت. بەڵام بەهەمان ڕادە ئەم بزووتنەوەیە و هەڵسوڕاوەکانی لە لایەن حکومەتی ئێستای ئێرانەوە دەدرێنە بەر پەلامار و هەڕەشە. هەراسانکردن و تۆقاندن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردنی کەسوکاری قوربانیان و دادخوازان لەلایەن حکومەتەوە ئەوە دەردەخات کە ئەوان چۆن بیر لە دۆزینەوەی ڕاستییەکان و جێبەجێکردنی دادپەروەری دەکەنەوە. بەر هەر ئەندازەیەک مامەڵەی توندوتیژانە لەگەڵ ئەم بنەماڵانە، لە ڕاستیدا ئاستی ترسی حکومەت لە دۆزینەوەی لایەنە شاراوەکانی تاوانەکان کە لە ماوەی نزیکەی نیو سەدەدا ئەنجام دراون و ئامادە نیە ڕێگەیان پێبدات ئاشکرا بکرێن، دەردەخا، ئەویش ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لە ئێران لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا. بێگومان هەڕەشه و دەستبەسەر کردنی بنەماڵه و هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی دادخوازی نموونەیەکی ڕوونی پابەند نەبوونی حکوومەته به بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی ئاشکرا و گەورەی مافەکانی مرۆڤ له هەموو ئاستێک دایه.
