شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایی سەرکێشتر لە جاران، لە هەڵکشاندایە…

هێرشی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران کە بە شەڕی ١٢ ڕۆژە ناسرا، هاوسەنگی هێزی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕی. ڕوخانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد بەگشتی و ڕوودانی شەڕی ١٢ڕۆژە بە تایبەتی، کۆماری ئیسلامیی گرمۆڵە کرد و کارتە ناوچەییەکانی ئەو ڕژیمەی لێکترازاند.
گوشار و سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی ڕەفتاری ناوچەیی کۆماری ئیسلامیی، سنووردار کردنی بەرنامە مووشەکییەکەی و دامەزراندنی میکانیزمێکی چاودێری هەمیشەیی و هەروەها رێککەوتنی کریدۆر یان رێگەی ترەمپ بۆ ئاشتی و گەشەپێدانی جیهانی، وێڕای سنووردار کردنی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی و کەم بوونەوەی بڕشت و کاریگەریەتی، ئێران بە تەواوەتی خنکاندوە و هەناسەی لێ بڕیووە. چەقبەستوویی دانوستانە ئەتۆمییەکان و نەسازانی ئێران و سوور بوونی لە سەر پێشێڵکارییەکان و ئەگەری روودانی شەڕی دووهەم بەکردەوە دەتوانێ دەسەڵاتی تاران یەکلایی کاتەوە. خامنەیی و دەسەڵاتەکەی ئاسۆیەکی ڕوونیان لەبەردەمدا نییە و تەنیا دەبێ ملکەچی ئەو خواست و داواکاریانە بن کە جیهان ئاراستەی کردون. هەڕەشەکان جیدین و پەیامی ڕوونیان بۆ خامنەیی هەیە ئەویش تەسلیمبوون و ملکەچ بوونە. ملکەچ نەبوونی ئێران، بارودۆخی ئابووریی خراپتر دەکات. قەیرانەکان تەشەنە دەستێن. کۆماری ئیسلامیی هەم لە ناوەوە ریسوایە هەم لە دەرەوەش دۆڕاوی سەرەکی هەموو مەیدانەکانە. ئەمڕۆ ئێران لە خراپترین بارودۆخی خۆیدا بەسەر دەبات. ناکۆکییەکانی ناو لوتکەی دەسەڵات ڕۆژبەڕۆژ قووڵتر دەبنەوە. تەنانەت لایەنگرانی هاتنەوە و چالاک بوونەوەی گوتاری چاکسازیش ناتوانێ تەمەن بۆ ڕژیم بکرێ. کۆماری ئیسلامیی تا دێ لە ناوخۆی وڵات زیاتر ریسوا دەبێ و لە دەروەش دۆڕاوتر لە جاران. ڕۆژ بەرۆژ کێشەوگرفتە ناوخۆیەکان پەرەدەستێن و گرفتە دەرەکیەکانیش ئەو پەڕی قورسایی خۆیان نیشان دەدەن. لاواز بوون لە دەسەڵات و ناهۆمێد بوون بە چارەسەر کردن، کۆماری ئیسلامیی بەکردەوە بەرەو لێواری بەربوونەوە پاڵ پێوەناوە. خامنەیی هەموو هەوڵی خۆی چڕ کردۆتەوە تا پشیلە ئاسا سیاسەتی چڕنۆک وەشاندن بکاتە پیشە. لە دەرەوەی سنورەکان خۆی و هاوپەیمانە تێڕۆریستەکانی کەوتونەتە بەر زەبر گوشاری چەک داماڵین. خامنەیی تەنیا هەڕەشە و گوڕەشەی بۆ ماوەتەوە و بە هەڕەشە کردن دەیهەوێ قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە. لە ناوەوەش ناڕەزایەتی گشتیی بێداد دەکا. چاوەڕوان دەکرێ شەپۆلی تووڕەیی و ناڕەزایی سەرکێشتر لە جاران سەرهەڵبداتەوە و ئەمجار تەخت و بەختیان بکاتە ئامانج. کوردستان و بزووتنەوەکەی و کۆماری ئیسلامیی مێژوێکی پڕاوپڕ لە ناکۆکییان پێکەوە هەیە. ئەو ڕەوتەی کە دەستی بەسەر شۆڕشی ئێراندا گرت و هێرشی کردە سەر کوردستان بۆ هەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی شۆڕش، لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی کوردستانەوە بە “نا”و بە “چەک” وەڵامی پێدرایەوە. لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو جەماوەری شۆڕشگێڕی کوردستان “شەقامیان” کردۆتە بەرچاوترین و شکۆدارترین بوارەکانی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی. شەقام بۆ جەماوەری خەڵک ساحەی گۆڕانکاری لە خوارەوە و هیوا بە داهاتووییەکی باشترە بۆ لە گۆرنانی سیستمی قێزەونی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیی. ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لەبەرانبەر شەقامی بە هێزی خەڵکدا هەموو چەشنە چەکێک، سەرکوت و جینایەتێکی بەکار هێناوە و خەڵکیش هەموو هونەرەکانی بەرخۆدان، ڕاوەستاوی و ئازایەتی لە خۆی نواندووە. دەنگی شەقام بە پانتایی هەموو ئێران و لە کوردستان بەتایبەتی بۆتە مەکۆی سیکۆلاریسم، پێشکەوتویی، خەباتی مەدەنی، کاری هاوبەش و پێکەوەیی.
وتەی کوتایی
سیاسەتی چنگ و ددان دەرخستن چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، نەک هەر ڕژیم دەرباز ناکات، بەڵکوو لەگەڵ تەنگژەی زۆرتر بەرەوڕوی دەکات. بۆیە گوتاری لەگۆڕنانی ڕژیم لە ئێستادا دەرفەت و هەلی گرینگی لەپێشە. پێک هێنانی دۆخێک بۆ زاڵ کردنی یەک گوتاریی لەناو بزوتنەوەکەماندا، کۆماری ئیسلامیی ناچار بە پاشەکشە دەکات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ دوایین پەلامار کە ئەویش روخانییەتی.